ئومێد بەرۆشکی: دادگاییکردنی ئێمە سیاسی بوو

ئومێد بەرۆشکی رۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان دەڵێت: "دەسەڵاتی پەدەکە دەسەڵاتێکی خراپەکار و ستەمکارە" هاوکات کۆی پرۆسەی گرتن و سزادانی خۆی و چالاکوانانی بادینانیش بە سیاسی ناودەبات.

  ئومێد بەرۆشکی یەکێک بوو لە زیندانیانی بادینان و لە رۆژی ٢١ی ئابی ساڵی٢٠٢٠ لەسەر کارە رۆژنامەوانییەکانی دەستگیرکرابوو، ناوبراو کە پێشتر یەکێک بوو لەزیندانیانی بادینان و دوای ساڵێک و شەش مانگ لە زیندانکردنی لەڕێکەوتی ٢٢ی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ ئازاد کرا.

دەستگیرکردنەوەی ئومێد بەرۆشکی، لەدوای وتارەکەی هات لە بەردەم دادگای هەولێر، لەسەر سزادانەوەی شێروان شێروانی بۆ ماوەی چوار ساڵی تر، کە تیایدا مەسرور بارزانی  تاوانبارکردبوو لە دووبارە سزادانەوەی شێروان شیروانی و ڕایگەیاندبوو "تا کەی بە عەقڵیەتی سەربازی دەسەڵات لەسەر زیندانیان جێبەجێ دەکەیت؟ قات و ڕێبات ناتوانێت عەقڵیەتی تۆی عەسکەری بشارێتەوە".

 سەبارەت بە ڕووداوەکانی دەستگیرکردنە نایاساییەکەی لە کەیسی گیراوانی بادینان و ئەو ئەشکەنجە و ئازارە و ستەمەی لەلایەن دەسەڵاتی پەدەکەوە بەرامبەری کراوە، ئومێد بەرۆشکی رۆژنامەنووس و چالاکوان لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا باسی ڕووداوەکانی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

 ستەمێک بوو لە دەنگی نازادی

 سەبارەت بەدەستگیرکردنی چالاکوان و رۆژنامەنووسانی بادینان، ئومێد بەرۆشکی وتی: "زیندانی کردنی دەستگیرکراوانی بادینان تەنها گرتنی چەند کەسێک نەبوو، بەڵکو ستەمێک بوو لە دەنگی ئازادی سەرجەم خەڵکی بادینان، چونکە دەستگیرکراوانی بادینان تەنها نوێنەری خۆیان نەبوون بەڵکو ئەو رۆژنامەنووس و چالاکوانانە نوێنەری دەنگی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەی ناوچەی بادینان بوو، دەستگیرگرتنمان ستەمێک بوو لەبەرامبەر تەواوی خەڵکی بادینان ئەنجام درا".

 دەسەڵاتی بادینان هەستانەوەی خەڵکی پێ قەبووڵ نەکرا

 ئومێد بەرۆشکی ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەت و دەسەڵاتی پەدەکە بە دەستگیرکردنی چالاکوان و رۆژنامەنوسان، خاڵی ڕەشی لە ڕووی خۆی داوە و و ووتی حزبی دەسەڵاتداری بادینان کەوتەژێر فشارێکەوە و پێی هەرس نەکرا کە ئەوندە چالاکوانی سیاسی و رۆژنامەنوس بێنەسەر شەقامەکان و داوای مافی خۆیان بکەن، بۆیە بە بەهانەی جیاواز و ئەم چالاکوانە سیاسی و رۆژنامەنوسەیان دەستگیرکرد، حکومەتی پەدەکە ڕاپەڕین و هەستانەوە خەڵکی پی هەرس نەکرا (قەبووڵی نەکرد)".

 دەست کرا بە دەستگیرکردن و ترساندنی چالاکوان و رۆژنامەنوسانی بادینان

 هەروەها ئەو چالاکوانە ووتیشی: "پەدەکە هیچ کات چاوەرێی ئەوە نەبوو کە چالاکوانی سیاسی و رۆژنامەوان بڕژێنە سەر شەقامەکان و داوای مافی ڕەوای خۆیان بکەن، پەدەکە ناوچەکەی بادینان بە موڵکی خۆی دەزانێت، بەڵام لە ڕاستیدا شتێکی وانیە، بادینان موڵکی خەڵکی بادینانە نەک موڵکی پارت و بنەماڵەیەک، بۆیە کاتێک کە پەدەکە بینی کە ئێتر خەڵکی ئەم هەرێمە هوشیار بوونە و یارییە چەپەڵەکانیان بینیوە و ئێتر بەرامبەریان هەستاونەتەوە زۆر پێیان قورس بوو، بۆیە دەست کرا بە دەستگیرکرد و ترساندنی چالاکوان و رۆژنامەنوسانی بادینان".

لەسەر ئازادی ڕادەربڕین زۆر کەس ڕفێندران و دەستگیرکران

 هەروەها لەدرێژەی قسەکانیدا ئومێد بەرۆشکی ووتیشی: "زۆر کەس دەستگیرکران و زۆر کەسیش رفێندران، دیار نیە کە بۆ کوێ ڕفێندران، لە سالی ٢٠٢٠ دا نزیکەی ٨٠ کەس دەستگیر کران تەنیا لەبەر بابەتی سیاسی و ئازادی ڕادەربڕین، ئەمەش خاڵێکی ڕەشە بە نێوچاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت بۆ حزبی دەسەڵاتی پەدەکە لە بادینان".

 دادگایی کردنی ئێمە سیاسی بوو

 بەرۆشکی لە بەردەوامی قسەکانی وتی : "پرۆسەی دەستگیرکرنی گیراوانی بادینان بووە هۆی هەژاندنی پێگەی دەسەڵات لە بادینان لەبەر ئەوەی هیچ بنەمایەک یاسایی نەبوو بۆ کەیسی دەستگیرکردنی گیراوانی بادینان بۆیە چەند ئەگەرێکی سیاسی لەپشتی ئەم کەیسەوە هەبوو چونکە کەیسەکە بەتەواوی سیاسی بوو کە چەند کەسێکی سیاسی دەستوەردانی کردبوو لەم کەیسەدا، من لە ١٩ی ئابی ساڵی ٢٠٢٠دا لە گەل مامۆستا بەدەل بەرواری دەستگیر کرام، دوای ئەوەی هەندێک هاوڕێی دیکەمان دەستگیر کران وەکو شێروان شێروانی، مەڵا شڤان سەعید، گوهدار زێباری، ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسا و قەهرەمان شوکری و چەندین برادەری دیکە زیندانی کران، لە زینداندا بۆ چەندین ساڵ سزادران. هندێک لە برادەرەکانمان ٦ ساڵ هندێک یان کەمتر و زیاتر بوو منیش بۆ ٣ سال و ٦ مانگ دادگایی کرام. وەکو سیاسی ئێمە دادگایی کراین".

 زیندانیکراونی بادینان مافییان نەبوو وەکو زیندانیانی دیکە

 ئومێد بەرۆشکی باسی دۆخی زیندانەکان و سزا نافەرمیەکانی دەسەڵات دەکات و دەڵێت: "هەندێک کەس لە هاوڕێیانمان سزای خۆیان تەواو کرد و ئازد کراون منیش یەک لەوانەبووم کە ساڵێ ٢٠٢٣ئازاد کرام، بەڵام بەداخەوە هندێک لە هاوڕێکانمان کە لە کاتی نزیکبوونەوەی کۆتایی هاتنی سزاکانیان جارێکی دیکە ڕووبەڕووی سزای دیکە دەبوونەوە، کە سەزای نا فەرمی بوون، لەبەر ئەوەی مافیان نیە وەکو هەمو زیندانییەکانی دیکە بۆیە بە داخەوە کە داوای هەندێک شت دەکەن تووشی سزادان دەبن".

 تێگەیشتنی دەسەڵات تێگەیشتنێکی توندڕەوە

 ئومێد لە قسەکانیدا ئاماژە بەوە ئەکات کە دەسەڵات بەگرتن و سزادان ناتوانێ ئەم خاکە بپارێزەێت و دەلێت: "گرنگە کە بڵێن دەسەڵات تا کەی هەموو کەسێک کە داوای مافی خۆی بکات دەستگیر دەکرێت و سزا دەدرێت و لەنێو زیندانەدا دەمێنێتەوە؟ ئەم تێگەیشتنەی دەسەڵاتە تێگەیشتنێکی توندڕەوە، ئەمەش ناو و ناسنامەی هەرێمی کوردستان لە نێوان دەولەتانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی ناشرین دەکات، پێویستە ئەم حکومەت و دەسەڵاتە لەوە تێبگات کە ئەم چالاکوان و رۆژنامەنووسانە خۆفرۆش نین، کەسانی خراپ نین، بەڵکو بۆ ئەم گەل و خاکە رەنج دەدن و تێدەکۆشن."

 دەسەڵاتێکی خراپەکار و و ستەمکارە

 بەرۆشکی لە بەردەوامی قسەکەیدا ئاماژە بەوە ئەکات، کە دەسەڵاتی پەدەکە دەسەڵاتێکی ستەمکار و خراپە بۆ ئەم گەلە و دەڵێت: "بەبۆچوونی من ئەم دەسەڵاتە بۆ ئەم خاکە و ئەم گەلە خراپە، دەسەڵاتێکی خراپکارە و ستەمکارە  و ستەمێکی گەورە لە خەڵک دەکات. خەڵکی بادینان خەڵکێکی نیشتمانپەروەرن و لە ڕابردوودا ئازاری زۆریان کێشاوە لەپێناو خاکی  کوردستان، بۆیە دەبێ دەسەڵات لە عەقلیەتی خۆیدا گۆڕانکاری دروست بکات."

 جێگای شانازیە بۆ من وهەموو دەنگە ئازادەکانی بادینان

 ئومێد بەرۆشکی لە کۆتایی قسەکانیدا سوپاسی هەمو پارێزەرە خۆبەخشەکان، چالاکوانەکان و رۆژنامەوانەکان دەکات و دەڵێت: "دڵخۆشم کە ئەم کەیسە بۆتە کەیسێکی نێونەتەوەیی. بۆ نموونە گروپی پارێزەرانی ئەم کەیسە لە ئامریکا خەڵاتی نێونەتەوەییان وەرگرت ئەمەش جێگای شانازییە بۆ هەموو پارێزەرە خۆبەخشەکان، جێگای شانازیە بۆ من وهەموو دەنگە ئازادەکانی بادینان و کوردستانیش کە بەرزبونەوە. لە سەر ناوی خۆم سوپاسی هەمو پارێزەرە خۆبەخشەکان دەکەم کە پارێزگاریان لە ئێمە و هەموو برادەرەکانمان کردووە، وە سوپاسی هەموو خەلکی کوردستان ئەکەم کە پشتیوانیان لە ئێمە دەکرد، لە هەمان کاتدا سوپاسی دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەم کە رۆڵێکی زۆر باشیان بینی بۆ بڵاوکردنەوە کەیسی چالاکوانانی بادینان و لای هەمووان ئەم کەیسەیان ناساند، لە کۆتایدا سوپاسی هەموو چالاکوان و رۆژنامەنوسان دەکەم کە رۆڵی گرنگیان گێرا لەو کاتەی کە ئێمە لە زیندان بووین ئەوان لە دەرەوەی زیندان کاریان دەکرد بۆ ئازدکردنمان".

 هـ . ب