ئی ئێف جەی بە توندی مامەڵەی پۆلیسی بەلجیکا بەرامبەر بە راگەیاندنی ئازاد شەرمەزار دەکات

فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی ئەوروپا بە توندی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە پۆلیسەکانی بەلجیکا نیشاندا، کە لە ستۆدیۆکانی ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر تیڤی پشکنینیان ئەنجامدابوو و داوای لە کاربەدەستانیش کرد کە رێز لە بەنهێنی هێشتنەوەی سەرچاوەکانی رۆژنامەوانان بگرن.

فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی ئەوروپا (ئی ئێف جەی) لە راگەیەندراوێکدا هێرشەکەی پۆلیسی فیدڕاڵی بەلجیکای بۆ سەر ستۆدیۆکانی هەردوو کەناڵی ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر شەرمەزار کرد.

 راگەیەندراوەکە بەم جۆرە بەردەوام بوو، "گەڕانێک کە بە بەشداری ٢٠٠ پۆلیس لە بینای ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر لە شاری دێندێرلیو ئەنجامدرا، لە کاتژمێر ١ی شەوەوە تا ٤:٣٠ سەرلەبەیانی بەردەوام بووە، وەک لە وێنەکاندا دەبینرێت، چەندین دەرگا بە زۆر شکێندراون.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی داواکاری گشتیی فیدراڵ، گەڕان وپشکنینەکە لەسەر داوای داواکاری گشتیی فیدڕالی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە فەرەنسا ئەنجامدراوە. لە چوارچێوەی لێپرسینەوە لە سەر پارەدارکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)دا کاربەدەستانی فەرەنسی گومان دەکەن، کە ئەو کەناڵە تەلەڤزیۆنیانە پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە هەیە. پارتێک کە لە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپادایە، بەڵام چیتر لە بەلجیکا وەک رێکخراوی تیرۆر ناناسرێت".

لێدوانی سکرتێری گشتیی ئی ئێف جەی ریکاردۆ گۆتێرزیش لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە و ئەوەی خستەڕوو، "نهێنی مانەوەی سەرچاوەکانی رۆژنامەنووسان، ئەو رۆژنامەوانانەیش دەکرێتەوە کە لە تەلەڤزیۆنەکانی کورد لە بەلجیکا کاردەکەن. دەبێت لێکۆڵینەوەکان بە گوێرەی بنەما و بە وریایی ئەنجام بدرێن".

لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها بە بیر هێنراوەتەوە کە ئەوە یەکەم جار نییە کە تەلەڤزیۆنە کوردییەکان دەبنە ئامانجی هێرشی گەورەی لەو جۆرە و هەروەها هاتووە، کە پێشتر  ولە ساڵانی ١٩٩٦ و ٢٠١٠دا پۆلیسەکان دوو هێرشی لەو جۆرەیان ئەنجامدابوو".

هـ . ب