'ژنان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی لەسەرجەم کارەکانی کۆمەڵگەدا ڕۆڵیان هەبێت'

سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگادا گەشە محەمەد رایگەیاند: "هیوادارم ئەو ژنانەی کە لە کۆمەڵێک کاری دیاریکراودا دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە داهاتوودا بتوانن لە سەرجەم کار و ڕێکخراوەکاندا ڕۆڵی کاریگەریان هەبێت."

سەبارەت بە دۆخی ژنان لە کۆمەڵگەی باشووری کوردستان و تێکۆشانی ژنانی گەنج دژی عەقڵیەتی پیاوسالاری، ژنان خواستی پێشەنگایەتییان هەیە لە هەموو بوارەکاندا، فەرمانبەر گەشە محەمەد قادر بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

لە سەرەتای قسەکانییدا گەشە محەمەد باسی لەوەکرد ژنان لە کاروباری ڕێکخراوەکاندا بەکەمی دەردەکەون و هیوادارم لە داهاتوودا ڕۆڵی کاریگەریان هەبێت و وتی: "هیوادارم ئەو ژنانەی کە تەنها لە کۆمەڵێک کاری دیاریکراودا دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە داهاتوودا بتوانن لە سەرجەم کار و ڕێکخراوەکاندا ڕۆڵی کاریگەریان هەبێت.

بەشێکیتری هۆکاری دەرنەکەوتنی ژنان لە کار و ڕێکخراوەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەرکی قورسی لەسەرە وەک دایکبوون، هەندێک کار هەیە کە ژنان ماندوو دەکات کاتی بۆ نامێنیتەوە بۆ ئەوەی زیاتر دەرکەوێت. دڵنیام لە داهاتوودا ژنان دەتوانن زیاتر دەرکەون و ڕۆڵی کاریگەریان هەبێت لە کۆمەڵگەشدا."

'ئەرکی قورسی ژنان دایکایەتییە'

وتیشی: "ژنان بە دەر لە ئەرکی ماڵەوە ئەرکی دایکایەتی لەسەرە ئەوەش ئەرکێکی پیرۆزە و ناتوانن دەستبەرداریبن. هۆکاری کەمی دەرکەوتنی ژنان  لە کاری ڕێکخراوەکاندا دەگەڕێنمەوە بۆ ئەوەی کە ئەرکی قورس لەسەر ژنان هەیە. ئەمەش لە داهاتوودا دەکرێت بگۆڕدرێت."

'ژنان لە سینەماکاندا بەشداری دەکەن'

لە کۆتایی قسەکانییدا گەشە محەمەد قادر ئاماژەی بەوەکرد ناوچەکەی ئێمە داخراوە لەبەر ئەوە هەندێک گرفت دێنە بەردەم ژنان و گوتی: "ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیە دەبینین ژنان لە سینەماکاندا بەشداری دەکەن، دەڕۆنە کۆڕ و کۆبوونەوەکانەوە. وەک وتم ئێمە لە ناوچەیەکی داخراوین بۆیە پێویستمان بە کات هەیە بۆ ئەوەی زیاتر کرانەوە ڕووبدات و پێشبکەویین.

ژنان لە هەوڵدان بەردەوامن بۆ ئەوەی لە سەرجەم و کار و چالاکییەکاندا ڕۆڵیان هەبێت وە دڵنیام لە داهاتوودا دەتوانن پێشەنگایەتی بکەن."