٢ شەڕڤانی قەسەدە بە مەراسیمێک بەخاکسپێردران

شەڕڤانانی قەسەدە باسل محمەد تەعمە و عیماد محمەد ئەلعەریف کە لە هێرشی داعش بۆ سەر ڕەقە شەهیدبوون، بە مەراسیمێک بەخاک سپێردران.

تەرمی ٢ شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) باسل محمەد تەعمە و عیماد محمەد ئەلعەریف کە لە هێرشی ٢٧ ی ئادار بۆ سەر نووسینگەی بەڕێوەبەریی مەجیلسی سەربازی ڕەقە شەهیدبوون، بە مەراسیمێک لە گۆڕستانی شەهیدانی حکومیەی ڕەقە بەخاکسپێردران.

لەسەر ناوی قەسەدە، ئەندامی مەجلیسی سەربازی ڕەقە حوسێن ئەلخەڵەف سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان کرد، ڕایگەیاند دەوڵەتی فاشیستی تورک و شانە تیرۆریستیەکان بە هاوکاری خیانەتکاران، کاردەکەن بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمەکە و نانەوەی پشێویی و گوتی: "وەک قەسەدە بەڵێن بەم دوو شەهیدە و هەموو شەهیدان دەدەین، دەسکەوت و خاک و گەل و شۆڕشەکەمان دەپارێزین".

هاوسەرۆکی مەجلیسی بەڕێوەبەری کانتۆنی ڕەقە هێڤین ئیسماعیل سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان کرد و ڕایگەیاند قەرزاری شەهیدانین کە ڕەقەیان لە دوژمن پاراست.

ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، ئیمان ئەحمەد ناسنامەی شەهیدانی خوێندەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیانی کرد. پاشان تەرمی شەهیدەکان بە هەلهەلە و درووشمی "شەهید نامرن" بەخاکسپێردران.