قوربانیانی دێرسیم بەبیر هێنرانەوە: سەرەنج خرایە سەر ئاسمیلەکردنی گەل و باوەڕییەکان

لە یادی کۆمەڵکوژی دێرسیمدا وترا: "دەوڵەت لەبری ئەوەی قەرەبووی کۆمەڵکوژی بکاتەوە، درێژە بە سیاسەتەکانی ئینکاری و ئاسمیلەکردن دەدات".

یادی کۆمەڵکوژی دێرسیم

لە ٤ی ئایار لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی دێرسیم، لە ناوچەی کوتودەری بە پێشەنگایەتی چالاکانی عەلەوی بەرنامەیەک یادکردنەوە بەڕێوەچوو. هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان تولای حاتیمۆغلاری بەشداری یادەکەی کرد. یادەکە بە داگیرساندنی مۆم و ڕێزگرتن دەستی پێکرد.

هاوسەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی دیموکراتیکی عەلەویەکان (داد) قادریە دۆغان لە یادی کۆمەڵکوژییەکە، کەبە "ڕۆژی ڕەش"ناسراوە داوای  یەکڕیزی کرد و وتی: "ئامانجمان ئەوەیە ئەم کۆمەڵکوژییە، بۆ نەوەی نوێ لە بیر نەکرێن و بە تێکۆشانێکی کۆمەڵایەتی هاوبەش تێکۆشان بکەین."

سەرۆکی گشتیی فیدراسیۆنی یەکێتی عەلەوییەکانی ئەڵمانیا، حوسەین مات، وتی: "ئێمە قەد ئەم ئازارەمان لەبیر نەکردووە. ئێمە تێکۆشانێکی زۆر دەکەین بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژی دێرسیم لە ئەوروپا بناسرێت. کە دێینە دێرسیم، لەبری ئەوەی ببینین دەوڵەت بەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژیە قەرەبوو دەکاتەوە، درێژە بە سیاسەتەکانی ئینکار و ئاسمیلەکردن دەدات. دەوڵەت بە پڕۆژە جۆراجۆرەکانی هەوڵدەدات گەلی دێرسیم بە زمانی خۆیان قسە نەکەن، درەنگ یان زوو دەوڵەت دەبێت قەرەبووی ئەم کۆمەڵکوژیی ودەربەدەریە بداتەوە."

هەروەها زەینەل کەتە هاوسەرۆکی داد وتی: "هەموو مرۆڤە زیندووەکان ڕووبەرووی کۆمەڵکوژی هاتوون. ئەو کۆمەڵکوژییە بە فەرمانی ئەو یاسایە بووە کە لە ساڵی ٣٧ دەرچووە. ئێمە قەد ئەوانەی کۆمەڵکوژ کران لەبیر ناکەین."

پاشان هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، تولای حاتیمۆغلاری قسەی کرد و وتی: " ئێمە کۆمەڵکوژی دێرسیم-مان لەبیر نەکردووە و ناهێڵین لەبیر بکرێت. ئێمە نامانەوێت کۆمەڵکوژی نوێ ڕووبدات، نامانەوێ ئازارەکانمان زیادبن، بۆیە ئەوانەی لەم کۆمەڵکوژییەدا کوژران قەد لە بیر ناکەین."

تولای حاتیمۆغلاری لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "تا ئەوکاتە تورکیا واز لە جیاکارییەکانی دژی عەلەوییەکان و ئایینەکانی دیکە دەهێنێت، تا ئەو کاتەی عەلەویەکان و ئایینەکانی دیکە هەموو مافە سەرەتاییەکانیان لە ڕێگەی دەستوورەوە مسۆگەر دەبێت. تێکۆشانی ئێمە بەردەوام دەبێت."

یادەکە بە فڕێدانی گوڵ بەسەر ڕووباری مونزوردا کۆتایی هات.