بینای نوێی زانکۆی کۆبانێ کرایەوە

زانکۆی کۆبانێ لە کانتۆنی فورات بە مەراسیمێکی شکۆدار و بەشداری میوانەکان، ناوەندی نوێی خۆی لە باشووری کۆبانێ کردەوە.

لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەرەڕای هێرش و ئاستەنگەکان، خەباتی بەهێزکردن و باشکردنی هەلومەرجی پەروەردە بەردەوامە. لەم چوارچێوەیەدا بینای نوێی زانکۆی کۆبانێ کرایەوە.

خوێندکاران بە جلوبەرگی کوردی ڕەنگێکی نوێیان بەخشی بە ئاهەنگەکە.

"خەونەکانمان لەسایەی شەهیدان دێتەدی"

لە ئاهەنگەکەدا هاوسەرۆکی زانکۆی کۆبانێ، شەڕڤان موسلیم، ڕایگەیاند لەسایەی سیستەمە نەژادپەرست و نەتەوەپەرستەکاندا، لە زمان و چاندی خۆمان بێبەش بووین، بەڵام ئێستە لەسایەی شەهیدان خەونەکانمان دێنەدی.

هاوسەرۆکی هەماهەنگی زانکۆکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، مامۆستا خەلیل عەلی دڵخۆشی خۆی بە کردنەوەی بینا نوێیەکە دەربڕی و ئەم هەنگاوەی لە ئامادەبووان پیرۆزکرد.

هەنگاوێکی مێژوویی

هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردە و فێرکردنی کانتۆنی فورات بەکر جەراد ئەم هەنگاوەی پیرۆز کرد و گوتی: "بنیاتنانی زانکۆی کۆبانێ لە ڕێبەر ئاپۆ و مامۆستایان و شەهیدانی ئازادی پیرۆز دەکەین، ئەمە هەنگاوێکی مێژووییە".

ژن، ژیان، ئازادی

ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری کانتۆنی فورات، پەیمان عەلۆش گوتی: "بە ئیرادەی "ژن، ژیان، ئازادی" کردنەوەی زانکۆی کۆبانێ لەم ڕۆژە پیرۆزانەدا، بەبۆنەی ٨ ی ئادارەوە، لە ڕێبەر ئاپۆ و شەهیدانی ئازادی پیرۆز دەکەین. لەسایەی شەهیدانی ئازادی کە بە حەسرەتی ئەم ڕۆژەوە بوون، دەسکەوتی وەها گرنگ بەدەست دەهێنین".

لە ئاهەنگەکەدا گۆرانی گوترا و ئەندازیاران خەڵاتکران.