داوای گرتنی ئەو پۆلیسەی شاهین ئۆنەری کوشت رەتکرایەوە

دۆسیەی شاهین ئۆنەر کە لە ساڵی ٢٠١٣ لە ناوچەی یەنیشەهیری ئامەد لەلایەن پۆلیسێک بە ناوی سەلاحەدین کۆرکماز بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش کوژرا، سەرلەنوێ کرایەوە و داوای گرتنی پۆلیسەکە رەتکرایەوە.

لە١٠ی شوباتی ٢٠١٣دا لە چالاکیەکەدا لە گەڕەکی شەهیدلیکی ناوچەی یەنیشەهیری ئامەد ئۆتۆمبێلێکی زریپۆش لە گەنجێکی بەناوی شاهین ئۆنەر تەمەن ١٩ ساڵیدا و کوشتی. لەبارەی شۆفێری ئۆتۆمبێلە زریپۆشەکە پۆلیس بە ناوی سەلاحەدین کۆرکماز  دۆسیەکرابووە. لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا بە تاوانی "کەمتەرخەمی مەبەستدار کە بووەتە مایەی گیانلەدەستدان" سزای ٤ ساڵ و ٥ مانگ و ١٠ رۆژ زیندان بەسەر کۆرکمازدا سەپێندرا. بەڵام ئەو سزایە لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەوە هەڵوەشایەوە و سەرلەنوێ دادگایی کردنەوەی کۆرکماز دەستی پێکردوە.

لە دانیشتنی دۆسیەکەدا لە یەکەم دادگای سزا قورسەکانی ئامەد، پۆلیسی تۆمەتبار و پارێزەرەکەی ئامادە نەبوون. پارێزەری بنەماڵەی ئۆنەر، یەعقوب گوڤەن لە دانیشتنەکەدا ئامادەبوو. هەروەها پەرلەمانتارانی دەم پارتی سەڤیلای چەلەنک و عەدالەت کایا چاودێری دانیشتنەکەیان کرد.

پاڕێزەر یەعقوب گوڤەن لە بەرگرینامەکەدا باسی لەوەکرد، کە لە هەموو قۆناغەکانی دادگاییدا جەختیان کردووەتەوە کە تاوانەکە بە مەبەست ئەنجامدراوە.

لە درێژەدا گوڤەن ئەوەی خستەڕوو کە پۆلیسەکان دوای رووداوەکە ئەو کەسانەی نەیانویستووە شایەتی بدەن وەک شایەت وتەیان لێوەرگرتوون و بەم جۆرە بەردەوام بوو، "هێزە ئەمنییەکان هەوڵ دەدەن بەڵگەکان لەناو ببەن. بۆ پاراستنی هاوڕێکەیان بەڵگەکانیان لەناو برد".

گوڤەن ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە رووداوەکەدا "مەبەستی کوشتن" هەیە و داوای کرد تاوانبار زیندانی بکرێت.

دادگا داوای گرتنی تاوانباری رەتکردەوە و دانیشتنەکە بۆ ٩ی تشرینی یەکەم هەڵپەسارد.

هـ . ب