داگیرکەران بەرامبەر هێزی گەلان تووشی شکان بوون

هێرشی چەتەکانی داعش کە ئێوارەی ٢٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ بۆ سەر زیندانی سەناعەی حەسەکە دەستیپێکرد، لە ٢٦ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢دا کە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی رزگارکردنی کۆبانێ و گوندەکانی دەوروبەری تێکشکێنرا. بەم جۆرە داگیرکەر لەبەرامبەر هێزی گەلاندا شکان.

لە ٢٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ کاتژمێر ١٩:٠٠ چەتەکانی داعش لە دژی زیندانی سەناعەی حەسەکە کە نزیکەی پێنج هەزار چەتەی داعش تیایدا راگیراون، هێرشیان ئەنجامدا. دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو و ماتۆرسکیلێکیان لەبەردەم زیندانی سەناعە تەقاندەوە، لە سێ لاوە هێرشیان کردە سەر زیندانەکە. دوای ئەوەی هێرشەکە تێکشکێندرا چەتەکانی داعش سێ تانکەری سوتەمەنی کۆمپانیای سادکۆپیان لە چوارڕێیانی باسل سوتاند. دوای ئەوەی هێرشەکەی سەر زیندانی خوێرانی حەسەکە سەرکەوتوو نەبوو، چەتەکانی داعش لە زیندانەکەدا هەوڵیاندا هەڵبێن. بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەنەوە، یەپەژە-یەپەگە-قەسەدە لە دژی زیندانەکە ئۆپراسیۆنێکیان دەستپێکرد.

بە گوێرەی قۆناغی یەکەمی پلانەکەی چەتەکان لەگەڵ هێرشی چەتەکانی داعش لە ناو زیندانەکەدا بکەونە جوڵەوە و کۆنتڕۆڵی بکەن و خۆیان بگەیەننە بارهەڵگرێکی پڕ لە چەک و تەقەمەنی کە لە نزیک زیندانەکە راگیرابوو و دواتریش خوێران و ناوچەی زهور کۆنتڕۆڵ بکەن. بەڵام هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ سەرەتا زیندانەکە و بینای زانکۆی تەنیشتیان گەمارۆدا.

لە ٢٤-٣١ی کانونی دووەم لە حەسەکە و لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریاش قەدەغەی هاتووچۆی رێژەیی راگەیەندرابوو. بە کۆنتڕۆڵکردنەوەی گەڕەکەکانی خوێران، زهور و گەڕەکەکانی دەوروبەری لە لایەن قەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەسەکە، دێرەزور و رەقا ئۆپراسیۆنی پاککردنەوەی ناوچەکان لە چەتەکانی داعش دەستیپێکرد. چەتەکانی داعش لە رۆژی سێهەمی هێرشەکەدا ٧٠٠ منداڵی داعش (ئەشبال ئەلخەلیفە)یان لە شانەی جیاجیادا وەک قەڵغانی مرۆیی لە زیندانەکە بەکارهێنا و قەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە وریاییەوە لە ئۆپراسیۆنەکەیاندا مامەڵەیان لەگەڵ ئەوەدا کرد، هەربۆیە هەڵمەتەکە بە لەسەرخۆیی و هێواشی بەڕێوەچوو. هێزەکانی قەسەدە رایانگەیاند کە زیندانەکە لە ٢٦ی کانونی دووەمدا کاتژمێر ١٤:٥٠ خولەک کۆنتڕۆڵکراوەتەوە و سێ هەزار و ٥٠٠ چەتە خۆیان بەدەستەوەداوە. لە ئۆپراسیۆنی گەڕان و پشکنیندا کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەنجامدرا، دەرکەوت کە زیاتر لە ٦٠ چەتە خۆیان شاردووەتەوە. لە ٣٠ کانونی دووەمدا کاتێک زیندانەکە بە تەواوەتی لە چەتەکان پاککرایەوە، کارەکانی گەڕان و پشکنین و کۆنتڕۆڵکردنەوە تەواو بوون. هاووڵاتیانی عەرەب، کورد، ئاشوری و سوریانی کە لە حەسەکە دەژین، لە ئۆپراسیۆنی گەلدا بەشداربوون لە پاراستنی ئاسایشی گەڕەکەکان و پشتیوانیان لە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و رایانگەیاندکە ئەوان لە پشت ئەو هێزانەوە دەوەستن کە ئاسایشی هەرێمەکە دەپارێزن و پشتیش بەو هێزانە دەبەستن.

بەگوێرەی بەڵگەنامەکان کە بەدەستخراون و هەروەها دانپێدانانی چەتەکان، ئەگەر هێرشەکەی سەر زیندانی سەناعە ئامانجەکانی بپێکایە، دۆخەکە حەسەکە، هۆل، شەداد و دێرەزوری دەتەنیەوە. چەتەکانی داعش هەوڵیان دەدا هێرشێکی بەرفراوان بکەنە سەر ناوچەکە.

لە هێرشەکان لە هەرێمە داگیرکراوەکان وەک سەرێکانی و گرێ سپی هەندێک چەتەی داعش بەهێزکران، هەندێکیش لە دیوی عێراقەوە بەهێزکران. هێرشەکە لە دەرەوەی سنوورەکانی سوریا بە شێوەیەکی پلانبۆداڕێژراو و بە هەماهەنگی جێبەجێ کرا. جارێکی دیکە ئاشکرابوو کە چەتەکان کە لە سەرێکانی و گرێ سپی ژێر داگیرکەری دەوڵەتی تورکدان، پەڕیونەتەوە بەرەو حەسەکە و ناوچەکانی دیکە. هەروەها لەهەمان رۆژدا ئۆتۆمبێلێکی ئەنجومەنی سەربازی تل تەمر کە بۆ پاڵپشتی لەو ئۆپراسیۆنەی دژی هێرشەکەی خوێران دەستیپێکردبوو، کەوتبووە رێ، لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە کرایە ئامانج. هاوکات لەگەڵ ئەو پەرەسەندنانە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە دەوروبەری تل تەمر دەستی بە کۆکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی کرد. لە هەمان کاتدا لە هێرشەکانی ٢٢ی کانونی دووەم کە دژی دژی عەین عیسا چڕکرانەوە ٢ مەدەنی شەهید بوون و ٤یش برینداربوون. دامەزراوەکانی ئاو و کارەباش کرانە ئامانج و لەکارخران.

هێرشەکانی چەتەکانی داعش کە لە ٢٠ی کانونی دووەمدا دەستیپێکرد، لە ٣٠ کانونی دووەمدا لەگەڵ کۆتاییهاتی پرۆسەی گەڕان وپشکنین کۆتاییهات. چەتەکانی داعش ٧٧ کەسیان شەهید کرد کە زیندانەکەیان دەپاراست. هەروەها ٤٠ شەڕڤان و ٤ هاوڵاتی لە چالاکیەکانی ئەو حەوت رۆژەدا لە دەرەوەی زیندانەکە شەهیدبوون. لە چوارچێوەی هەڵمەتی گەلدا بە گشتی ١٢١ی کارمەندی زیندان و شەڕڤان بە قارەمانێتی شەڕیان کرد و شەهید بوون، ٣٧٤ چەتەی داعشیش کوژران.

هـ . ب