لە ئۆکرانیا درۆنێکی مۆدێرن دەشێت چارەنووسی شەڕ بگۆڕێت

کۆمپانیای فیلۆنی ئایرۆی ئەمریکی ڕایگەیاند بەم نزیکانە هێزی بەرگری ئۆکرانیا بە درۆنێکی پێشکەوتوو بەهێز دەکەن.

درۆنی نوێ

مۆدێلی درۆنەکان بە فیلۆن 1.0 و فیلۆن ئێکس ناودەبرێن، توانایەکی بەرزیان هەیە لە چاودێریکردن و سیخوڕی و بەئامانجگرتن، هەروەها دەتوانن مووشەکی سپایکی بچووک هەڵبگرن، هاوکات دەتوانێت درۆنەکانی دیکە دەستنیشان بکات و بیانخاتە خوارەوە. هاوکات کامێرای گەرمی‌پێو هەڵدەگرن و دەتوانن بۆ ماوەی ٤٠ خولەک بفڕن.

درۆنی فیلۆن 1.0 دەتوانێت تۆپێکی کالیبری 5.56 هەڵبگرێت و درۆنی فیلۆن ئێکس دەتوانێت مووشەکی "سپایک" بهاوێژێت کە بچوکترین مووشەکی دژەتانکە.

لەگەڵ بەهێزکردنی سوپای ئۆکرانیا، ئەم درۆنە دەشێت ڕەوشی هێرشی ئاسمانی بگۆڕێت و ئەنجامی هێرشەکان یەکلاکەرەوەتر و شاراوەتر بکات.

بڕیاری ناردنی درۆنەکان هێشتا لای پێنتاگۆنە، ئەگەر بڕیار لەسەر ناردنی بدرێت بۆ ئۆکرانیا، کاریگەری مەزن دەکاتە سەر هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ڕوسیا.