دەوڵەتی تورک لە عەفرین ٢ کەسی تری ڕفاند

چەتەکانی سەربە دەوڵەتی تورک لە عەفرین دوو هاووڵاتییان بە ناوەکانی سەعدوڵا عومەر محەمەد سەیدی و حەلیمە چۆلۆیان ڕفاند و چارەنووسیان نادیارە.

لە عەفرینی داگیرکراودا تاوانی ڕفاندن ڕووی لە زیادبوون کردووەتەوە. چەتەکانی سەربە دەوڵەتی تورک، کە خۆیان بە "پۆلیسی سەربازی" ناساندووە لە گوندی شێخ ئوتکا لە ناوچەى ماباتای عەفرین سەعدوڵا عومەر محەمەد سەیدی-یان ڕفاند.

نازانرێت سەیدی بۆ کوێ براوە و ماوەی مانگێکیشە هیچ زانیارییەک لە محەمەد شوکری شێخ سەیدیی برای سەعدوڵا نییە، چونکە زیاتر لە مانگێکە لەلایەن چەتەکانی تورکیاوە ڕفێندراوە.

لە ٢٤ی ئایاردا چەتەکانی ناسراو بە پۆلیسی سەربازی حەلیمە چۆلۆی تەمەن ٥٥ ساڵیان لە گوندی گەوەدانی سەر بە ناوچەی ڕاجۆ  ڕفاندووە و تا ئێستا چارەنووسی حەلیمە چۆلۆ نازانرێت.

ڕێژەی دانیشتوانی کورد پێش داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە، سەدا ٩٥ بوو و دوای داگیرکردنی عەفرین، ئەم ڕێژەیە دابەزیوە بۆ سەدا ٢٥.

ژ.ت