'هەتا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەکرێت، بەرخۆدانی ئێمەش بەردەوام دەبێت'

دایکانی خۆڕاگری بەشدار لە چالاکی مانگرتن لە خواردن لە قامیشلۆ ڕایانگەیاند، هەتا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد نەکرێت، بەردەوام دەبن لە بەرخۆدان و تێکۆشانیان.

بەشداربووانی مانگرتن لە خواردن لە قامیشلۆ سەبارەت بە گۆشەگیریی ڕەهای سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، قسەیان بۆ ئاژانسی فورات کرد.

ئەندامی دەستپێشخەریی گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، سەمیرە محەمەد، سەرنجی بۆ ئیرادەی گەل دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، بەرخۆدان، بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشان، مانەوە لە گۆڕەپانەکان ڕاکێشا و ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکییان شکاندنی گۆشەگیری ئیمرالییە.

سەمیرە محەمەد ئاماژەی بە بێدەنگی هێزە نێونەتەوەییەکان لە بەرامبەر گۆشەگیرییەکەدا کرد و وتی:"بێدەنگی هێزە نێونەتەوەییەکان لە بەرامبەر گۆشەگیریی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خاک و گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤە. ڕێباز و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان کاریگەری لەسەر هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و ئێمە فەلسەفە و بیرکردنەوەکانی بە بنەمای هەموو دەستکەوتەکانمان دەبینین و هە تا کۆتایی لەسەر فەلسەفەی ڕێبەرایەتی بەردەوام دەبین. هەر بۆیە گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئۆجالان واتا بەسەر هەموو گەلاندا گۆشەگیری سەپێندراوە، ئێمە پێویستمان بە ڕێبەر ئاپۆیە، دەبێت گۆشەگیری بشکێنرێت و ئازاد بکرێت."

ئەندامی دەستپێشخەریی گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەهناز حەساری ڕایگەیاند:"دەوڵەتی تورک ناتوانێت ئیرادەمان بشکێنێت، ئیرادەی خۆڕاگریمان لە زیادبووندایە. بە ڕێگریکردن لە دیدار لەگەڵ ڕێبەرئاپۆ، دەوڵەتی تورک ئامانجی شکاندنی مۆڕاڵ و وزەی ئێمەیە بەڵام ئێمە ڕاێگا نادەین ئەم ئامانجە بێتەدی، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ٢٥ ساڵە لەژێر گۆشەگیرییەکی ڕەهادایە و ئێمەش وەک دایکانی ئاشتی و هەموو گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هێز و ئیرادەی ئەوەمان هەیە ڕێبەر ئۆجالان بپارێزین .تا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەکرێت، ئێمەش بەردەوامین لە شەڕ و بەرخۆدان."