ژمارەی كوژراوانی غەزە گەیشتە ٣٤ هەزار و ٥٣٥ كەس

وەزارەتی تەندرووستی غەزە، نوێترین ئاماری کوژراو و بریندارەکانی هێرشەکانی ئیسرائیلی لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا بڵاو كردەوە، ٣٤ هەزار و ٥٣٥ هاوڵاتیی غەزە كوژراون و ٧٧ هەزار ٧٠٤ كەسیش برینداربوون.

ژمارەی كوژراوانی غەزە

وەزارەتی تەندرووستی غەزە و وەزارەتی تەندرووستی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی شەری هەردوولاوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا زانیارییان بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندرووستی غەزەدا هاتووە، بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٣٤ هەزار و ٥٣٥ هاوڵاتیی لە غەزە كوژراون، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٧٧ هەزار و ٧٠٤ كەس.

ئاماژە بەوەش كراوە، بەهۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٤٧ كەس لە غەزە كوژراون و ٦١کەسی دیكەش بریندار بوون.

جێگەی ئاماژەیە، ٢٠٧ ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە بەردەوامە.

لەلایەكی دیكەشەوە، وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیل ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەی بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە هەزار و ٤٠٠ كەس و نزیكەی ٥ هەزار کەسیش بریندار ڕاگەیاندووە.

هەروەها لە نوێترین لێدوانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا بنیامین ناتنیاهۆ ڕایگەیاندووە، ئاگربەست هەبێت یان نا، پرسی ئاڵۆگۆڕکردنی بارمتەکان هەبێت یان نا، بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە دژی حەماس هەر دەچینە ڕەفحەوە و دەشڵێت، تا ئامانجەکانمان بە دەست نەهێنین کۆتایى بە شەڕناهێنین.