'هەتا ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان تێکۆشان دەکەین'

ژنانی تل ڕەفعەت ئاماژەیان بەوە کرد کە ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان ئازادی گەلە و داوایان لە پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان تێبکۆشن.

ژنانی تل ڕەفعەت سەبارەت بە گۆشەگیریی ڕەهای سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، قسەیان بۆ ئاژانسی فورات کرد.

ڕووەیدە عەلی کە لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری عەفرینی داگیرکراوە، دەڵێت:"شەڕ و داگیرکردنی شاری عەفرین درێژەپێدەری پیلانگێڕی نێونەتەوەییە لەدژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان. هەموو جیهان بە شێوازی جیاواز هەوڵی لەناوبردنی ئیرادە و بەرخۆدانمان دەدەن. دەوڵەتی فاشیستی تورک گۆشەگیری قورس لە سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دەدات. زیاتر لە ٣ ساڵە کەسوکار و پارێزەرەکانی نەیانتوانی سەردانی بکەن. دەبینین دەوڵەتی تورک بە هاوکاری وڵاتانی سەرمایەداری، بە شێوەی جۆراوجۆر  رووبەڕووی ڕێبەر ئۆجالان دەبێتەوە. ئێمە وەک ژن هێز و ئیرادەی خۆمان لە بیرۆکەی ڕێبەر ئۆجالان وەرگرتووە. ڕێبەر ئۆجالان ژیان و ئازادی بە ژنان بەخشی."

ڕووەیدە لە کۆتاییدا وتی:"تا گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان کۆتایی پێ نەهێدرێت درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین و داوا لە پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەین یەکبگرن و خاوەنداری لە بەرخۆدانی ڕێبەر ئۆجالان بکەن. ژنانی عەرەب بە هۆی ڕوانگەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد کران."

یەکێکی دیکە لەو ژنانە عایشە محەمەدە و لەبنەڕەتدا خەڵکی هەرێمی شەهبایە و وتی:"پێش ئەوەی بە بیرۆکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئاشنا بێت، ژنان لە هەموو مافەکانیان بێبەش بوون، بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی عەرەبیدا، ژنان لەژێر گۆشەگیریدا بوون. وەک خۆم دوای ئەوەی لەم بزووتنەوەیە نزیک بوومەوە و لە بەشێک لە کۆبوونەوەکاندا بەشداریم کرد، بەشێک لە کتێبەکانی ڕێبەر ئۆجالانم خوێندەوە، بۆم دەرکەوت کە دەبێ ژنان خۆیان بدۆزنەوە.

لە سایەی هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالاندا، ژنانی عەرەب خۆراگری دەکەن و خۆیان ڕزگار کردووە. ژن واتا هەموو کۆمەڵگا و ئێمە وەک ژنانی عەرەب داوای ئازادی خۆمان دەکەین."