خەڵکی تەل حەمیس: بەدیهێنانی ئازادی جەستەیی ڕێبەرێتی ئەرکی ئێمەیە

دانیشتووانی ناوچەی تەل حەمیسی کانتۆنی جەزیرە، لە دووەمین ڕۆژی چالاکی مانگرتن لە خواردن بەڵێنی بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشانیان دووپاتکردەوە تا بەدیهێنانی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

لە دووەم ڕۆژی مانگرتن لە خواردن، سەدان دانیشتووی ناوچەی تەل حەمیسی کانتۆنی جەزیرە، ئەندامی پارت و ڕێکخراوەکان ڕوویانکردە چالاکی خێمەدانان. لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە جیهانییەی بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ١٠ ی تشرینی یەکەم بە درووشمی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" دەستی پێ کرد، دوێنێ چالاکییەکە ئەنجامدرا

چالاکییەکە بۆ پشتیوانی زیندانیانی مانگرتوو لە زیندانەکانی باکوری کوردستان و تورکیا ئەنجامدرا. چالاکییەکە بە درووشمی "سڵاو لە بەرخۆدانی زیندانەکان دەکەین و بە ڕۆح و بەهاکانی پاکڕەوانەکان، ڕێبەرمان ئازاد دەکەین" لە گۆڕەپانی بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەی باکوری ناوچەکە بەڕێوەچوو.  

ئەندامی ئەکادیمیای جڤاکی دیموکراتیکی تەل حەمیس، مەنسور ئەلعەبدوڵا، دەربارەی فیکری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ڕۆڵی وی لە گۆڕینی جڤاک و بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان پێکهاتەکان دوا و گوتی: "ڕێبەرێتی بۆ ئازادی ئێمە تێکۆشا و ئێستە کاتی هاتووە ئێمە ئازادی وی بەدی بهێنین".

هاوسەرۆکی مەجلیسی شارۆچکەی ئەبو جورانی ناوچەی تەل حەمیس، سلێمان محەمەد، بانگەوازی کرد بۆ درێژەدان بە چالاکییەکان و بەشداری جەماوەری لەپێناو کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری و بەدیهێنانی ئازادی وی.

ئەندامی دامەزراوەی ئایینی ناوچەکە، مەلا موعتەز ئەلعەنتەر، بانگەوازی کرد بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشان لەپێناو هۆشیارکردنەوەی ڕێکخراوەکانی بەناو پارێزەری مافەکانی مرۆڤ.

لەکۆتایی چالاکییەکەدا، ڕاگەیاندراوێک لەلایەن هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتیکی (پەیەدە)ی ناوچەکە، غالب ئەلسەعدون خوێنرایەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا سیاسەتی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزارکرا و بەڵێن درا بۆ درێژەدان بە تێکۆشان تا بەدیهاتنی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

پاشان چالاکییەکە بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ بەردەوام بوو.

چاوەڕێ دەکرێت چالاکییەکانی مانگرتن لە خواردن لە کانتۆنی جەزیرە بەردەوام بن و سبەی لە گۆڕەپانی ژنی ئازاد لە ناوچەی عامودا ئەنجام بدرێت.