لە شەهبا لەدایک بوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پیرۆز کرا

لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە کەمپی سەردەمی شەهبا پیرۆز کرا.

٤ی نیسان شەهبا

ڕۆژی ٤ی نیسان لە دایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە کەمپی سەردەمی شەهبا بە ئاهەنگ و خۆشی پیرۆز کرا. ئاهەنگەکە بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی ستار ڕێکخرابوو. شوێنی مەراسیمەکە بە وێنەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕازابوویەوە. بەسەدان ئاوارەی عەفرین، دانیشتووانی شەهبا، نوێنەری ڕێکخراوە مەدەنییەکان و لایەنە سیاسییەکان بەشدارییان لە ئاهەنگی پیرۆزباییەکە کرد.

پیرۆزباییەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدان دەستی پێکرد و دایکانی ئاشتی لە پیرۆزباییەکە کۆتریان ئازاد کرد.

گولێ محەمەد ئەندامی کۆنگرەی ستار لە ئاهەنگەکەدا قسەی کرد و ڕایگەیاند کە مانگی نیسان سەرەتای بوژانەوەی ژیانە و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەدایک بوو هەتا گەلی کورد بپارێزت.

هەروەها گولێ محەمەد داوای لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهان کرد لە پێناو کۆتایی هێنان بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستوەردان بکەن.

بە بۆنەی ڕۆژی لەدایک بوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ، گەنجێکی خەڵکی عەفرین بەڵێنی دا کە بچێتە ڕیزی شۆرشگێڕانەوە.

پاشان گروپی هەڵبەست و گۆرانی هونەری خۆیان پێشکەش کرد. ئاهەنگەکە بە سەما و شادی کۆتایی هات.