مەترسی داعش لە کەمپی هۆڵ نابینرێت

لە ساڵی ٢٠١٩ـــەوە کە باخۆز لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگارکرا، کەمپی هۆڵ بووەتە مەترسیدارترین شوێن بۆ باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. بەڵام هیچ دەوڵەت و ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی خۆی لەبەرامبەر ئەم کەمپە بەرپرسیار نابینێ.

کەمپی هۆڵ لەلایەن کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) ــەوە لە ساڵی ١٩٩١ دامەزرا کە ٤٥ کم لە ڕۆژهەڵاتی حەسەکەوە دوورە. سەرەتا بۆ ئەو پەنابەرانە بوو کە لە عێراقەوە دەهاتن لە کاتی شەڕی کەنداو.

دوای دووەم هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٢٣ شەپۆلێکی گەورەی کۆچبەران سەری هەڵدا. کەمپی هۆڵ جارێکی تر بوو بە پەناگەیەک بۆ پەنابەران. لەگەڵ قەیرانی سوریا، داعش هۆڵی داگیرکرد و وەک ناوەندێکی چەتەکانی بەکاری هێنا. دوای ئەوەی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ قەسەدە هۆڵی ڕزگارکرد، ئاوارەکانی سوریا لەژێر گوشارەکانی داعش و حکومەتی دیمەشق هەڵهاتن و لە ساڵی ٢٠١٦ دوای ڕزگارکردنی موسڵ لە دەستی داعش، زۆرێک لە پەنابەرانی عێراقی لەم کەمپەدا نیشتەجێ کران. لە هەمان کاتدا زۆرێک لە بنەماڵەکانی داعش کە دەستگیرکرابوون یان خۆیان ڕادەست کردبوو، لە کەمپەکانی عەین عیسا، ڕۆژ و هۆڵ ڕاگیر کران. دوای ئەوەی بنەماڵەی چەتەکانی داعش لە کەمپەکەدا نیشتەجێ بوون، کێشەی زۆر دروست بوو. لەسەر ئەم بنەمایە بەشی تایبەت بۆ خێزانەکانی داعش لەو کەمپانە دروستکرا.

زیاتر لە ٤٣ هەزار کەس داعش بوونی هەیە

دوای ئەوەی دەوڵەتی تورک لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ هێرشی کردە سەر گرێ سپی، هەروەها هێرشی کردە سەر کەمپی عەین عیسا و دەیان خێزانی داعش لە کەمپەکە هەڵهاتن. پاشان ئەو کەسانە لە کەمپی هۆڵ ڕاگیر کرانەوە. بەم شێوەیە ژمارەی دانیشتوانی کەمپەکە گەیشتە ٨٠ هەزار کەس.

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی خۆبەڕێوەبەری لەگەڵ عێراق، هەزاران ئاوارەی عێراقی گەڕانەوە بۆ شوێن و ناوچەکانی خۆیان و ئەم ژمارەیەش کەمێک کەمیکردەوە. ئێستا ژمارەی دانیشتوانی کەمپەکە ٤٣ هەزار و ٤٧٧ کەسە. لەو ژمارەیە ٣٠ هەزاریان منداڵن.

کەمپەکە مەترسیدارترین شوێنی ناوچەکەیە

کەمپی هۆڵ گەورەترین و مەترسیدارترین کەمپی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەو ژنە داعشانەی لێرە دەژین، بەشێکن لە ڕێکخراوی شانەکانی داعش. منداڵانی ناو کەمپەکە بە مێشکی داعش پەروەردە و ڕاهێنانیان پێدەکرێت و کاتێک گەورە دەبن، وەک شانەیەکی داعش مامەڵە دەکەن. هەروه ها له کەمپەکەدا زۆرێک له ژنان لە گەڵ منداڵی ١٤-١٥ ساڵان به شێوەی بڕوای ئایینی هاوسه ڕگیری دەکەن. بەم شێوەیە دەڵێن دەیانەوێت ژمارەکانیان زیاد بکەن و داعش لە کەمپەکەدا زیندوو بمێنێتەوە. ئافرەتان بەشێوەیەکی نهێنی ئەمە ناشارنەوە، زۆرجار بە ئاشکرا دەیڵێن. هەروەها بە شێوەی هەڕەشەش دەربڕی دەکەن.

پێش ئێستا زۆر پیاوی داعش لەناو ئاوارەکاندا دەچوونە ناو کەمپەکەوە. ئەم داعشانە دەیانویست ئەو کەمپە بکەنە ناوەندێکی پەروەردەیی و ڕێکخراوەیی داعش. ژنانی داعش لە کەمپەکە، سزای ئەو کەسانە دەدەن کە پەیڕەوی لە پێوەرەکانیان ناکەن. ئەو ژنانەی دەیانەوێت لەداعش جیاببنەوە و جلە ڕەشەکە لەبەر نەکەن، لەلایەن ئەوکەسانەوە هەڕەشەیان لێدەکرێت. لە ساڵی ٢٠١٩ەوە لە کەمپی هوڵ زۆر کەس سزا دراوە، دەیان منداڵ و ژن لێیان دراوە و ئەشکەنجە دراون و هەڕەشەیان لێ کراوە. تا ئێستا ١٤٦ کەس لە سزای قورس دراون.

بۆ دابین کردنی ئاسایش و ئارامی کەمپەکە هەنگاوی پێویست نراوە

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەیان ئۆپەراسیۆنیان لە هۆڵ کامپی ئەنجامداوە. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا بە بەشداری هێزەکانی قەسەدە و یەپەگە و یەپەژە، لە ٢٨ی ئازاری ٢٠٢١ قۆناغی یەکەمی 'ئۆپەراسیۆنی ئاسایش و مرۆیی'یان دەستپێکرد. لەو ئۆپەراسیۆنەکەی ٢٠٢٢دا  ١٢٥ چەتەی داعش دەستگیرکران. چەندین تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی دەستیان بەسەردا گیرا. قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکە لە ٢٥ی ئابی ٢٠٢٢ ڕاگەیەندرا و بۆ ماوەی ٢٤ ڕۆژ بەردەوام بوو. قۆناغی سێیەم لە ٢٦ی ژانویە دەستیپێکرد. لەژێر خێمەیەک، پێگەی شەڕ، چوار خەندەق، 5 مین، چەندین پاتری کە بۆ ئامادەکردنی مین بەکار دەهێنران و نارنجۆکێکی دەستی، چەندین کەرەستەی سەربازی، جلوبەرگی داعش، ئاڵای داعش بە دەست کەوتن. چەندین مۆبایل و تونێل دۆزرانەوە. لە ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکاندا ٣١ ئەندامی داعش دەستگیرکران. ٢ کەسیان بە جلیقەی بۆمبڕێژکراوەوە دەستگیرکران.

دەوڵەتەکان لە هەمبەر کەمپی هوڵ بەرپرسیارێتی  هەڵناگرن

ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و بەرپرسیارێتی خێزانەکانی داعش لە کەمپەکەدا بە تەواوی بۆ ئیدارەی خۆبەڕیەوبەری و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی قەسەدە بەجێهێڵراوە. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ساڵانێکە بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی ناوچەکە تێکۆشان دەکەن، لەلایەک مامەڵە لەگەڵ کامپی هۆل و چەتەکانی داعش دەکات لە زیندانەکاندا، لەلایەکی دیکەشەوە بۆتە ئامانجی هێرشەکانی تورکیا. نەتەوە یەکگرتووەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکان و هیچ دەوڵەتێک هیچ بەر پرسیارییەک هەڵناگرن. بە هەزاران داعش لە چەندین وڵاتی جیاوازەوە لێرەن. بەڵام وڵاتان هەوڵێکی جددیی نادەن بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتیانی خۆیان. خێزانەکانی داعش پێویستە بنێردرێنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان یان لە دادگای نێودەوڵەتی دادگایی بکرێن. هەرچەندە ساڵانێکە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەم داواکارییە دەکات، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێبازێک نەگیراوەتە بەر. تا ئێستا تەنیا ڕووسیا ٦٠کەس و نیوزلەندا یەک کەس و تاجیکستان 30 خێزان و دواتر ١٠٠ کەس و قیرغیزستان ٥٠ خێزان و ١٧٢ کەسی وەرگرتووتەوە.