قەسەدە دەستگیرکردنی چەتەیەکی داعشی ڕاگەیاند

قەسەدە ڕایگەیاند، تیمەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سەر بە هێزەکانیان لە ڕەقە چەتەیەکی داعشیان دەستگیر کردووە.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) بە ڕاگەیاندراوێک دووپاتی کردەوە، لە ڕەقە چەتەیەکی داعشیان دەستگیر کردووە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوتراوە:

"تیمەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی سەر بە هێزەکانمان، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، لە چوارچێوەی دەستگیرکردنی پاشماوەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، دوێنێ (دوو شەممە) لە شاری ڕەقە، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیان بۆ گرتنی چەتەیەکی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش ئەنجامدا.

ئۆپەراسیۆنەکە پاش چاودێرییەکی ورد پێکهات. هێزەکانمان لە ماڵێکی گەڕەکی ئەکراد لە شاری ڕەقە، تیرۆریستێکیان بە ناوی عەبدولڕەزاق مەحمود زەبکی (ئەبو خەتاب) دەستگیرکرد. تیرۆریستەکە خەڵکی ناوچەی بابی ژێردەستی دەوڵەتی داگیرکەری تورکە.

ئەم تیرۆریستە بەرپرسە لە بڵاوکردنەوەی چەک بۆ شانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە شارەکە و دەوروبەری.

هێزەکانمان بەردەوام دەبن لە هەڵکوتانەسەر شانەکانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە، لەپێناو پاککردنەوە و پاراستنی ئاشتی ناوخۆیی هەرێمەکە".