عەشیرە عەرەبەکان: دەبێت حکوومەت و عەشیرەکانی عێراق نەکەونە داوی پلانەکانی تورکیا

گەورە و سەرۆک عەشیرەکانی کانتۆنی ڕەقە سەبارەت بە ئەنجامی ڕێککەوتنەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و حکوومەتی عێراق هۆشدارییان دا. هەروەها داوایان لە حکوومەت، ڕۆشنبیران و سەرۆک عەشیرەکانی عێراق کرد کە نەکەونە داوی پلان و ئامانجەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە.

ڕۆژی ١٤ی ئادار، وەزیری دەرەوەی عێراق و هاوتا تورکیەکەی و بەرپرسانی هەردوولا لە بەغدا کۆبوونەوە و سەبارەت بە پڕۆژە ئەمنیەکان و وزە و ئاوەوە وتو وێژی جیاوازیان کرد.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئەم ڕێککەوتنانەوە بنکەکانی بە قوڵایی ٤٠ کیلۆمەتر بباتە ناو خاکی عێراق، لە ئەنجامدا مەترسی لەسەر خەڵک و سەروەری حکوومەتی عێراق زیاتر دەبێت.

سەبارەت بە ئەگەری ئەم ڕێککەوتنەوە، سەرۆک عەشیرەی سەبخا، محەمەد تورکی ئەلسەوان، ڕاگەیاند: "هەر ڕێککەوتنێک کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەنجامی بدات، مەترسی لەسەر خاکی عێراق و گەلەکەی دروست دەکات."

ئەلسەوان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەوڵەتی تورک پێشتر تاوانی لەسەر ئەم خاکە ئەنجامداوە، تورکیا بە بیانووی پاراستنی سنوورەکانی هەوڵی ڕێککەوتن دەدات، بەڵام ئامانجی داگیرکارییە.

تورکیا قەد دۆستی عێراق و سوریا نەبووە

ئەلسەوان لە لێدوانەکەیدا وتی: "بەهۆی داگیرکارییەکانی تورکیا لە سوریا زیانێکی زۆرمان بەرکەوتووە، سەیری عەفرین و گیرێ سپی و سەرێکانی بکەن چی کردووە، ئەو شارانەی کردە کەمپی تیرۆریستانەوە".

هەروەها ئەلسەوان داوای لە گەل و عەشیرەتەکانی عێراق کرد کە نەکەونە داوی پلان و ڕێککەوتنەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، چونکە تورکیا قەد نەبووە بە دۆستی عێراق و سوریا.

هەروها گەورە عەشیرەتی شبل، عەمار ئەلحامی، ڕایگەیاند، ئەو ڕێککەوتنانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لەگەڵ حکوومەتی عێراق ئەنجامی دەیکات، بە ئامانجی گوشارخستنە سەر حکوومەتی عێراق و داگیرکردنی خاکەکەیەتی و دەڵێت: "باسکردنی مەلەفی وزە و ئاوە" تەنها بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی دیکەیە. و هەڕەشەکردن لە دەوڵەتی عێراقە."

ئەلحامی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "هەر ڕێککەوتنێک کە ڕێگا بە هێزی سەربازی تورکیا بدات بە قوڵایی ٤٠ کیلۆمەتر بچێتە ناو خاکی عێراقەوە، مەترسی لەسەر عێراق دروست دەکات، ئامانجی دەوڵەتی تورکیا تەنها داگیرکارییە.

ئەلحامی ئاماژەی بە تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کرد کە لەسەر خاکی سوریا ئەنجامیداوە و وتی: "پێشتر دەوڵەتی تورک بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە دۆستی گەلی سوریایە، بەڵام ئێستا بە پێچەوانەوە بووەتە دوژمنی سەرەکی."

ئەلحامی دووپاتی کردەوە کە پێویستە گەل و حکوومەتی عێراق بە باشی ئاگاداری هەڕەشە و پلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بن.