ئاوارە عێراقییەکانی کامپی هۆڵ دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان

بەڕێوەبەرایەتی کامپی هۆڵ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئامادەکاری دەکات بۆ گەڕانەوەی کاروانی یەکەمی ئاوارە عێراقییەکان بۆ شوێنی خۆیان کە بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە دەستپێدەکات.

دوای چوار ساڵ لە کۆنترۆڵکردنەوەی شوێنەکانیان لە دەست چەتەکانی داعش، دواجار حکومەتی عێراق ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر گەڕاندنەوەی ٥٠٠ خیزانی ئاوارەی عێراقی ناو کامپی هۆڵ لە ٤٥ کیلۆمەتری ڕۆژهەڵاتی حەسەکە، کە لە ساڵی ٢٠١٤وە ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان بوون کە ژمارەیان دەگاتە ٣٠ هەزار و ٧٣٨ ئاوارە.

سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ گەڕانەوەی ئاوارە عێراقییەکان لە کەمپی هۆڵەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەتایبەت دوای ڕاماڵینی چەتەکانی داعش، بەڵام لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ڕەتکرایەوە.

لە ١١ی ئازاری ٢٠١٩دا، فابریزیۆ کاربۆنی بەڕێوەبەری خاچی سوری نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی ٢٠ هەزار پەنابەری عێراقی لە خاکی سوریا و بە تایبەت ئاوارەکانی کامپی هۆڵ بگەڕێندرێنەوە بە پێی ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی عێراق لە بەغدا، بەڵام دوای زیاتر لە دوو ساڵ، بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.

ک-ش