"ئەگەر گەمارۆی سەر شەهبا هەڵنەگیرێت، مەترسی مەزن سەرهەڵدەدات"

جێگری هاوسەرۆکی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری عەفرین و شەهبا، جەمال ڕەشید ڕایگەیاند، ئەگەر گەمارۆی سەر هەرێمەکە بەردەوام بێت، پێویستییە بنەڕەتییەکانی ژیانی گەل دەبڕێت، دووپاتی کردەوە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەردەم لەگەڵ گەلی هەرێمەکە دەبێت.

جێگری هاوسەرۆکی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری عەفرین و شەهبا، جەمال ڕەشید، دەربارەی گەمارۆی حکومەتی دیمەشق بۆ سەر هەرێمی شەهبا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

جەمال ڕەشید باسی لە ڕەوشی هەرێمی شەهبا کرد پێش کۆچکردنی گەلی عەفرین کرد و گوتی: "هەرێمی شەهبا پێشتر شەڕ و تاڵانی قورسی بەخۆیەوە بینیوە. لەم هەرێمەدا چەندەها هێز دژی یەکتر شەڕیان کردووە و دوایین شەڕ لە نێوان چەتەکانی دەوڵەتی تورک و شەڕڤانانی یەپەگە-یەپەژە بوو؛ شەهبا لەو شەڕەدا ڕزگارکرا. لە ئەنجامی ئەو شەڕانەدا هەموو ژێرخانی هەرێمەکە و هەموو دار و میوەی هەرێم لەناوچوون. بۆیە بناغەیەکی ژیانکردن بۆ شەهبا نەمایەوە. بۆیە لە سەرەتای کۆچی گەلی عەفرین، گەلی ناوچەکە بەرخۆدان دەکات و هێشتاش زەحمەتی زۆر دەکێشێت".

ڕەوشی ژیانی گەل

جەمال ڕەشید ڕایگەیاند لە سەرەتای کۆچبەری گەلی عەفرینەوە تا ئێستە، گەمارۆیەک لەلایەن حکومەتی شامەوە لەسەر هەرێمەکە سەپێنراوە، هیچ پێویستییەکی گەل دەستەبەر نییە، گوتی: " لە وەرزی هاویندا پلەی گەرما لە کەمپەکاندا بەرزە، لە وەرزی زستانیشدا بەهۆی باران و سەرما ناڕەحەتییەکی زۆر دەکێشن. چونکە هیچ ڕێگایەکی تر بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی گەلی هەرێمەکە نییە، کاتێک ئەم ڕێگایە دەگیرێتەبەر، ئەنجامێکی هاوشێوە دەردەکەوێت. یەکێک لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی گەلی هەرێمەکە سووتەمەنییە. بەڵام سووتەمەنیش دەبێتە ئامرازێکی شەڕی تایبەت. بەتایبەت لەم دواییانەدا سووتەمەنی بەتەواوی لەسەر هەرێمەکە بڕاوە و ئەو گەلەی پێنج ساڵە لە کەمپ و هەرێمی شەهبا بەرخۆدان دەکەن، زەحمەتێکی زۆر دەچێژن".

ڕەوشی تەندروستی

هەروەها ڕایگەیاند، لە شەهبا دوو نەخۆشخانە هەن، ئەوانیش بەهۆی نەبوونی سوتەمەنییەوە کارەبای نەخۆشخانەکان کەمە، ڕایگەیاند بەهۆی هاتنی وەرزی سەرماوە بەتایبەت نەخۆشکەوتنی مناڵان زیاتر دەبێت، ئەمە مەترسییەکی مەزنە، هەروەها گوتی: "هەرێمەکە بەدەست کەمی دەرمانەوە دەناڵێنێت، بەتایبەت کەسانی بەساڵاچوو هەن کە چارەسەری درێژخایەنیان هەیە، بۆیە ئەوان و نەخۆشخانەکەش زەحمەتێکی زۆر دەچێژن".

ڕەوشی پەروەردە و قوتابخانە لە شەهبا

هەروەها ڕایگەیاند، گەمارۆکە کاریگەری مەزنی لەسەر قوتابخانەکان کردووە، گوتی: "بەهۆی گەمارۆی سەر هەرێمەکە، زۆرێک لە منداڵان و مامۆستایان لە ناوچەیەکەوە دەهاتنە ناوچەیەکی درێژەدان. بەڵام بەهۆی بڕینی سووتەمەنی، مامۆستایان و منداڵانی ناوچەکان ناتوانن بگەنە قوتابخانەکانیان. لەلایەکی ترەوە، بەهۆی وەرزی زستانەوە دەبێت لەنێو پۆلەکاندا سووتەمەنی بۆ مناڵان دابین بکرێت. بەڵام بەهۆی گەمارۆوە ئەمەش بڕاوە".

کاریگەری گەمارۆ لەسەر شارەوانی شەهبا

جەمال ڕەشید ڕایگەیاند، بەهۆی گەمارۆکەوە زۆربەی کارەکانی شارەوانی وەستاون و گوتی: " بەهۆی ئەو گەمارۆکەوە تا ڕادەیەک کارە خزمەتگوزارییەکان وەستاون. بەتایبەت لە کەمپ و ناوچەکان ئەگەر ڕۆژانە کارەکانی پاککردنەوە بەردەوام نەبێت ئەوە ڕێگە بۆ مەترسی و نەخۆشی جۆراوجۆر دەکاتەوە. لە ڕووی فڕن و ئاویشەوە ئەو سووتەمەنیەی کە لەلایەن ئیدارەوە بۆ ئەو بەشانە دابەشکرابوو، خەریکە تەواو دەبێت. ئەگەر ئەم گەمارۆیە بەردەوام بێت، یەکێک لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی خەڵک، نان و ئاو، دەبڕدرێت. جگە لەوەش ماوەی نزیکەی هەفتەیەک کارەبا بڕاوە. ئەگەر بە زووترین کات، ئەم گەمارۆیە لانەبرێت کارەساتی مەزنی لێ دەکەوێتەوە. کاتێک گەمارۆکە بەسەر هەرێمدا دەسەپێندرێت، نرخی کاڵاکان گران دەبن. لە لایەکی ترەوە ئیتر پێداویستی خەڵک لە بازاڕدا نادۆزرێتەوە و ئەگەر بدۆزرێتەوە نرخەکانیان زۆر گران دەبێت".

دووپاتی کردەوە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، هەردەم لەگەڵ هەرێمەکە دەبێت، باسی لە بێدەنگی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان کرد بەرامبەر ئەم گەمارۆکە بەتایبەت مانگی سور و یونسێف، گوتی: "ئەگەر ئەم ڕووداوە لە هەر شوێنێکی جیهان ڕووی بدایە، ڕاگەیاندنی جیهان باسی دەکرد. بەڵام ئەو شتانەی لە شەهبا دەقەومێن، لە ڕاگەیاندنەکانی دەرەوە باس ناکرێن و چاوی خۆیانی لێ دەپۆشن. بۆیە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پەیوەندیدایە. ئەگەر بەم نزیکانە گەمارۆکە هەڵنەگیرێت، مەترسی مەزن لە هەرێمەکە دەردەکەوێت".