ورمێ؛ زیندانییەکی سیاسی ماوەی ١٢ رۆژە مانیگرتووە و دایکی پەیامێک بڵاودەکاتەوە

ماوەی ١٢ رۆژە کەیوان رەشوزادە زیندانی سیاسی کورد لە دژی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانی مانی لە خواردن گرتووە و دایکی ئەو زیندانییەش لەبارەی دۆخی کوڕەکەیەوە پەیامێک بڵاودەکاتەوە.

کەیوان رەشوزادە زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی ورمێ، کە لە دژی پێنەدانی مۆڵەت و ئازادنەکردنی مەرجدار ماوەی ١٢ رۆژە مانی لە خواردن گرتووە، رۆژی شەممە لە دەیەمین رۆژی مانگرتنەکەیدا لە ژووری تاکەکەسی گواسترابووەوە بۆ بەندی ئەمنی ئەو زیندانە و دوای ئەوەی مانگرتن لە خواردنی وشکی راگەیاندبوو، رۆژی یەکشەممە جارێکی دیکە گواسترایەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.

نازدار رودساز دایکی ئەو زیندانییە سیاسی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە کاتێک منداڵی کەیوان رەشوزادەی لەباوەشدایە، باسی لەوەکردووە کوڕەکەی لەلایەن پاسەوانەکانی زیندانەوە ئەشکەنجە دراوە و مل، سەر و دەستی شکێندراوە و لەو کاتەوە مانی لەخواردن گرتووە.

باسی لەوەشکردووە، کە سزای ٧ ساڵ و شەش مانگ بەسەر کوڕەکەیدا سەپێندراوە و ماوەی پێنج ساڵە لە زیندانە، کەس ئاوڕ لە دۆخی کوڕەکەی ناداتەوە. باوکی نەخۆشە، هاوسەرەکەسی نەخۆشە و بنەماڵەکەی بێ سەرپەرشت ماونەتەوە.

کەیوان رەشوزادە کە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە لە زیندانە، بەتۆمەتی ئەندامبوون لە حزبێکی کوردی سەرەتا سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، دواتر سزاکەی بۆ ٧ ساڵ و شەس مانگ زیندان گۆڕدرا.

بە درێژایی ئەو پێنج ساڵە تەنیا یەک جار توانیویەتی مۆڵەتی کاتی وەربگرێت و دوای ئەوەی لە دژی رەتکردنەوەی داوای پێدانی مۆڵەت و ئازادکردنی مەرجدار ناڕەزایەتی دەربڕی، لەلایەن پاسەوانانی زیندانەوە لە ١٧ی نیسان ئەشکەنجەدرا و لەو کاتەوە لە دژی ئەو هێرشەش مانی لە خواردن گرتووە.

ئەو زیندانیە پێشتریش دوو جاری تر لە دژی ناڕونی دۆخەکە و فشاری ناوەندە ئەمنیەکان مانی لە خواردن گرتبوو.

هـ . ب