ژیان و تێکۆشانی حەزنا

لەبەر ئەوەی لە رۆژێکی غەمگیندا لەدایکبوو نایان لێنا حەزنا. باوەگەورەی شەهیدبوو، باوکی زیندانی سیاسی بوو، لە شۆڕشی رۆژئاوادا پور، برا و هاوسەرەکەی شەهیدبوون، بەڵام بێ پسانەوە بەردەوامە لە تێکۆشان.

حەزنا تەمۆ لە گوندی شەلالی گرکێ لەگێ لە ساڵی ١٩٩١ لە ناو خێزانێکی نیشتمان پەروەر دایکبووە. دووەم منداڵی خێزانەکەیەتی، سێ خوشک و پێنج برای هەبوو. لەبر ئەوەی پاش دوو رۆژ لە لەدایکبوونی باوەگەورەی بە ناوی عەبدۆ تەمۆ شەهید بوو، ناویان لێنا حەزنا.

عەبدۆ تەمۆ کە لەناو تێکۆشانی ئازادیدا بە جەسور ناسرابوو، کاتێک لەگەڵ حەوت هەڤاڵی لە سنووری باکووری کوردستان دەپەڕینەوە کەوتنە بۆسەوە و شەهیدبوون.

حەزنا بەم جۆرە باسی باوەگەورەی دەکات، "باوەگەورەم کە بەردەوام لە تێکۆشانی ئازادیدا هەوڵی دەدا، هەندێک جار بروشەری بڵاو دەکردەوە، هەندێک جار کۆبوونەوەی بۆ خەڵک ساز دەکرد، ئەو رۆژەش وەک رێنیشاندەر حەوت هەڤاڵ لە سنوور دەپەڕێنێتەوە، بەڵام دەکەونە بۆسەوە و شەهید دەبن".

 باوکی حەزنا بە هۆی تێکۆشانی لەناو ریزەکانی بزوتنەوەی ئازادیی کورد لەلایەن رژێمی بەعسی سوریاوە دەستگیر و پێنج ساڵ کەوتە زیندانەوە، هەربۆیە دایکی باری قورسایی بەخێوکردنی ٩ منداڵی کەوتە سەر شان. حەزنا بۆ ئەوەی هاوکاری دایکی بکات لە پۆلی حەوتدا وازی لە خوێندن هێنا.

حەزنا هەر لە منداڵیەوە گەریلای ناسی، لەو بارەوە وتی، "هەڤاڵان و کادرەکانی بزوتنەوەی ئازادی کورد بەردەوام سەردانیان دەکردین و وانەی پەروەردەی زمانی کوردییان پێدەداین و باسی گەریلایان بۆ دەکردین. وێنەی رێبەرایەتی لەماڵەکەمان هەڵواسرابوو، کتێبەکانیشی لەماڵماندا هەبوو. لەگەڵ هەڤاڵان و لە بەردەستی ئەوان گەورەبووم".

بنەماڵەی وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەری تەمۆ کە لە کۆنەوە تێکەڵ بە بزوتنەوەی ئازادیی کورد ببوون، لە شۆڕشی رۆژئاواشدا جێپەنجەیان دیارە، حەزنا لەسەرەتای شۆڕشەوە بەشداری لەکاروباری کۆمۆنەکاندا کرد، برایەکی بە ناوی میتان تەمۆ کە بەشداری یەپەگە ببوو. براکەی هاوسەرگیری کردبوو، هاوسەرەکەشی دووگیان بوو، بەڵام نەیتوانی منداڵەکەی ببینێت و پێش هاتنە دنیای منداڵەکەی ساڵی ٢٠١٧ لە رەقا شەهیدبوو.

ساڵی ٢٠١٥س لە شەڕێکدا لە چلئاغا پوری حەزنا بە ناوی خانم تەمۆ (زیلان بۆتان) شەهیدبوو. حەزنا کە ساڵی ٢٠١٣ هاوسەرگیری لەگەڵ نەزیر محەمەد (جودی ئۆجالان) کرد، تەنیا هەشت رۆژ پاش هاوسەرگیرییان شەڕ دەستیپێکرد و هاوسەرەکەی رووی لە بەرەکانی شەڕ کرد. تا ١٠ رۆژ هیچ هەواڵێکی هاوسەرەکەی نازانێت تا ئەویە لە تەلەڤزیۆندا دەیبینێت، هاوسەرەکەی پاش ماوەیەک دەگەڕێتەوە ماڵ و دوای چەند رۆژ دیسان روودەکاتەوە بەرەکانی شەڕ.

دواجار هاوسەرەکەشی لە شەڕدا بە سەختی برینداردەبێت و پاش ماوەیەک هەر بەهۆی سەختی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەی دێرک شەهید دەبێت.

لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا هاوشێوەی حەزنا سەدان ژنە شەهید بوونیان هەیە. پێداگری حەزنا و هەڵوێستی بەهێزی ئەو بووەتە سەرچاوەی هێز بۆ ژنانی دیکە. حەزنا کە لە سەر رێبازی شەهیدان رێدەکات، لە رێگەی تێکۆشان لەناو دامودەزگاکانی شۆڕش بە شێوەی چالاک درێژە بە میراتی شەهیدان، ئامانجەکانی شۆڕش دەدات.

هـ . ب