ئیدلب، بەهۆی شەڕو ئاڵۆزییەکانەوە لانی کەم ٣٩ کەس کوژران

لە هەرێمی ئیدلب-ی سوریا بەهۆی شەڕو پێکدادانەکانەوە لەنێوان ڕژێمی سوریا و گروپە چەتەکانی سەر بەدەوڵەتی تورک لانی کەم ٣٩ کەس کوژران.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە سوریا، لە شەوی چوارشەممە و پێنجشەممە دا بەهۆی شەڕی قورسەوە لەهەرێمەکە، لانی کەم ٣٩ کەس کوژراون.

ئەوەش ڕاگەیەندراوە، ڕژێمی سوریا دوو گوندی دیکەی هەرێمەکەی کۆنتڕۆل کردووەو بەرەو شارۆچکەی مەعەت ئەلنوومان-ی ستراتیژی هەنگاو دەنێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە سوریا ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، کە ڕۆژی چوارشەممە و پێنجشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوریا و ڕووسیا زیاتر لە ١٠٠ جار هێرشی هەرێمەکەیان کردووە.

ڕژێمی سوریا پێداگری لە کۆنتڕۆلکردنی ئیدلب دەکات، لەکاتێکدا لەو هەرێمانە هاوپەیمانیەک لەنێوان چەتەکانی ئەلنوسرە و هەیئەت تەحریر ئەلشام هەیە بە پشتیوانی دەوڵەتی تورک.

مۆسکۆ کە گەورەترین پشتیوانی ڕژێمی سوریایە، لە ٩ی ١ ئاگربەستی لە ئیدلب ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاپۆرتی نوسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سوریا، لە ١-١٢-٢٠١٩ وە، زیاتر لە ٣٥٠هەزار کەس هەرێمەکانی ئیدلب-یان جێهێشتووە.

هاوکات بەپێی دوا ئاماری ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی سوریا لە ئاداری ٢٠١١وە، نزیکەی ١١٥ هەزار مەدەنی و زیاتر لە ٣٨٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، بە ملیۆنان هاوڵاتیش بە ناچاری کۆچبەربوونە.

ب.ش