تەرمی نوردین رەحموک شەهیدی یەپەگە لە حەلەب بە خاک سپێردرا

تەرمی نوردین رەحموک ناسراو بە ئامەد گابار شەهیدی یەکێنەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە لە لایەن سەدان کەسەوە لە حەلەب بەخاک سپێردرا.

ئەمڕۆ بە سەدان هاوڵاتی گەڕکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە تەرمی نوردین رەحموک ناسراو بە ئامەد گابار شەهیدی یەپەگەیان بەخاک سپارد کە لە ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ شەهید ببوو.

هاوکات ناسنامەی شەهید جەمال مەعمۆ ناسراو بە شیار مەعمۆ شەڕڤانی یەپەگە کە لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٩ شەهید ببوو، ئاشکرا کرا.

تەرمی شەهید بە کاروانێکی بەرفراوان لە نەخۆشخانەی شەهید خالید ئەل فەجرەوە بەرەو گۆڕستانی گوندی پنۆ لە ناوچەی شقەیف بەڕێکرا.

لە گۆڕستان مەراسیمێکی سەربازی لە لایەن شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژەوە رێکخرا و مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بە بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد. دواتر ئایشە حسۆ هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیمۆکراتیک و رەمزی بەکر ئەندامی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان لە حەلەب قسەیان کرد و پەیامی سەرەخۆشیان ئاڕاستەی خانەواەدەی شەهیدان کرد و رایانگەیاند، لە سایەی خوێنی شەهیدان چەندین دەستکەوت بەدەست هاتوون.

هاوکات ئاماژە بە وەشکرا، بۆ ئەوەی سەرتاسەری ئەو ناوچانەی داگیر کراون، ئازاد بکرێنەوە و ئاوارەکانی عەفرین، گرێ سپی و سەرێکانی بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، هێشتا دەبێت تێکۆشان و فیداکاری بەردەوام بێت.

هاوکات لە پەیامەکاندا بەڵێنی بەردەوامبوون لەسەر رێچکەی شەهیدان دووپات کرایەوە و سڵاویشیان نارد بۆ ئەو شەڕڤانانەی لە بەرەکانی جەنگدان.

دواتر زیلان شێخۆ ئەندامی بەڕێوبەرایەتی لیژنەی پەروەردەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک بڕوانامەی شەهیدبوونی شەهید ئەحمەد و شەهید شیاری خوێندەوە و رادەستی خانەوادەکانیان کرد.

لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا تەرمی شەهید ئامەد گابار بە وتنەوەی دروشمی پشتیوانی بۆ خۆڕاگری سەردەم و شکۆ، بەخاک سپێردرا.

ز.ش