داگیرکەران لە عەفرین بەربوونەتە یەکتری و شەڕ لەگەڵ یەک دەکەن

قەیران و ناکۆکی لە عەفرین، کە لەلایەن دەوڵەتى تورک و چەتەکانیەوە داگیرکراوە کۆتایی پێنایەت. چەتەکانى دەوڵەتى تورک بە ناوی 'سوپای نیشتمانی' لەگەڵ گروپێک چەتەى تردا بە ناوی پۆلیسی سەربازی لە شەڕێکی دژواردان.

شەوی رابردوو لە کاتژمێر ١٩:٣٠ دا لە ناوەندی شاری عەفرین لە نێوان گروپە چەتەکەى ئەحرار شام کە سەر بە 'سوپای نیشتمانی'یە و ئەویش سەر بە دەوڵەتى تورکی داگیرکەرە لەگەڵ پۆلیسی سەربازی بوو بە شەڕیان و بەربوونە یەکتر. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان لەو شەڕةدا پۆلیسێکى سەربازی کوژراوە و ٥ چەتەش لە هەر دولا بریندار بوون.

دواى ئەوەى شەڕ لە نێوان ئەو چەتانەدا روویدا، گروپە چەتەکەى ئەحرار شام لە جندرێسی عەفرینەوە دەستیکردووە بە کۆکردنەوەى هێزەکانى بەرەو عەفرین و چەتەکانی پۆلیسی سەربازیش داوای پشتیوانیی کردووە. چەتەکانی پۆلیسی سەربازی بۆ ئەنجامدانى ئۆپراسیۆن لە دژی گروپە چەتەکەى ئەحرار شام خۆیان ئامادە دەکەن و لەو لاشەوە گروپە چەتەکەى ئەحرار شام بۆ ئەوەی شەڕەکە گەورەتر بکات خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەکات.

دواى ماوەیەک و لە کاتژمێر ٢٢:٠٠دا لە خاڵی پشکنینی گروپێکى تری چەتەدا بە ناوی گروپی چەتەى حەمزە بۆمبێک تەقییەوە. بەو هۆیەوە هەندێک لە چەتەکان بریندار بوون. دواى ئەو رووداوە چەتەکان بە شێوەى هەڕەمەکی دەستیان کردووە بە تەقە و دەستڕێژ بە دەورووبەری خۆیاندا.

ژ.ت