دەوڵەتی تورک لە عەفرین ١١ هاوڵاتی مەدەنی ڕفاند

سوپای تورک و چەتەکانی بەردەوامی بە هێرشەکانی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی عەفرین دەدات. داگیرکەران ١١ هاوڵاتی مەدەنیان ڕفاند.

بەپێی سەرچاوەکان لە عەفرینی داگیرکراودا، سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی ١٩ی ئاب گەنجێکیان بە ناوی سەلوا ئەحمەد شاشۆ ١٤ ساڵ خەڵکی گوندی دارگرێی ناوچەی مابەتایان لە ماڵەکەیدا ڕفاندووە.

سەرچاوەکان پشتڕاست کردەوە کە سوپای داگیرکەری تورک ئەو کچە گەنجەیان بۆ گوندی ئامارای ناوچەی مابەتا گواستووەتەوە و دوای ٢٤ کاتژمێر بێ ئەوەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەی ئاشکرا بکەن، ئازاد کرا.

چەتەکانی سوڵتان محەمەد ئەلفاتیح کەسێکی تریان بەناوی فەوزی نەشەت حەسەن خەڵکی گوندی گەورکای سەرووی ناوچەی مابەتایان ڕفاندووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

لە ٨ی ئابدا هەواڵگری دەوڵەتی داگیرکەری تورک و پۆلیسی سەربازی تورک، ژمارەیەکی زۆری خەڵکی گوندی چۆلاقی جندرێسیان ڕفاندووە.

هەمان سەرچاوە ئاشکراشی کرد کە هەواڵگری دەوڵەتی تورک ڕفێنراوەکانی بۆ مابەتا گواستووەتەوە و چارەنووسیان نادیارە.

هەروەها لە ١٨ی ئابدا هەواڵگری تورک ٢ کەسی گوندی چالۆقایان ڕفاندووە.

سەرچاوەکە وەبیریهێنایەوە کە کەسێکی تر بە ناوی ڕۆجان حسینی ٢٨ ساڵ مانگێک لەمەوبەر لە گوندی چۆلاقا ڕفێنراوە و چارەنووسی نادیارە.

ف.ق