بە پاساوی تێپەڕبوونی کات بەسەریدا دۆسیەی کۆمەڵکوژی سێواس داخرا
دادگا بڕیاریدا، کە دۆسیەی سێ تۆمەتباری هەڵاتووی کۆمەڵکوژی سێواس بە پاساوی تێپەڕبوونی کات بەسەریدا، دابخات.
دادگا بڕیاریدا، کە دۆسیەی سێ تۆمەتباری هەڵاتووی کۆمەڵکوژی سێواس بە پاساوی تێپەڕبوونی کات بەسەریدا، دابخات.
٣٠ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی سێواسدا تێدەپەڕێت. هەر بۆیە کەسانێکی زۆر بەشداری دانیشتنی دۆسیەی تۆمەتبارانی هەڵاتووی کۆمەڵکوژییەکە موراد سۆنکور، ئەرەن جەیلان و موراد کاراکاش بوون. ئەمڕۆ دانیشتنی دۆسیەکە لە لقی یەکەمی دادگای تاوانە قورسەکانی ئەنقەرە بەڕێوەچوو. بنەماڵەی ئەو کەسانەی لەو کۆمەڵکوژییەدا گیانیان لەدەستدا، کۆمەڵەی عەلەوییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سەڤدا کاراجا، پەرلەمانتاری پارتی رەنج لە بازنەی دیلۆک، چیدەم کلیچگون ئوچار، هاوسەرۆکی پارتی چەپی سەوز، سەڤیلای چەلەنک، پەرلەمانتاری ئامەد، جەلال فورات، پەرلەمانتاری ئیستەنبوڵ، پەرلەمانتارانی جەهەپە عەلی ماهیر باشاریر، گۆکچە گۆکچەن، ئۆرهان سارباڵ، وەلی ئاگبابا، ئوڵاش قەرەسوو و چەندین کەسی دیکە ئامادەی دانیشتنەکە بوون.
'بە شێوەیەکی ڕێکخراو بکوژەکانیان ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کرد'
دانیشتنی دۆسیەکە بە وتەی پارێزەرانی بەرگریکار دەستی پێکرد. پارێزەر شەنال سەرهان وتی: من شایەتحاڵ و پارێزەری ئەم دۆسیەیەم. لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە سێ تۆمەتبار بە هەڵاتوو دانراون. بۆچی دەتانەوێت تێپەڕبوونی کات بەسەر ئەم دۆسیەدا بسەپێنن؟ ماوەی ٣٠ ساڵە بنەماڵەکان داوای دادپەروەری دەکەن. ئێمە داواکاری بۆ وڵاتی ئەڵمانیا دەنووسین، کە سێ تۆمەتبارەکە ڕادەست بکەن. بۆ گوێگرتن لەو شایەتحاڵە هەڵاتووانە لە دۆسیەکەدا هەزاران بەڵگە هەیە. ئەو کەسانە بە شێوەیەکی ڕێکخراو ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کراون.
'بە هۆی دواکەوتنی دادپەروەری، کۆمەڵکوژییەکان بەردەوام بوون'
هەروەها جومعە ئەرچە، سەرۆکی کۆمەڵەی پیر سوڵتان عەبدال ڕایگەیاند، یەکەمجارە مافی قسەکردن بە کۆمەڵەکان بدرێت و وتی: "ئەمە یەکەمجارە وەک سەرۆک بەناوی کۆمەڵە قسە دەکەم. نەتەنیا ئەوانەی لە هۆڵەکەدان، بەڵکوو هەموو جیهان داوای دادپەروەری لە ئێوە دەکات. لەبری ئەوەی لەگەڵ قوربانیدا بن. لایەنی بکوژەکان دەگرن. هێشتیان بکوژەکان هەڵبێن. بە شێوەیەکی ڕێکخراو بکوژەکان هەڵاتن. ئەوانەی ئەو تاوانەیان ئەنجامدا، دەبێت دادگایی بکرێن. بە هۆی دواکەوتنی دادپەروەری، کۆمەڵکوژییەکانی غازی، ڕۆبۆسکی، مەڕەش، پرسوس ڕوویاندا".
'تاوانی کۆمەڵکوژی لە دژی عەلەوییەکان ئەنجامدرا'
هاوکات جۆشکون ئۆزبەکیرئۆغڵوو، پارێزەری حسێن کاراباباش وتی: "ئایا دەبێت سەرۆک کۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، کە دوو بکوژی کۆمەڵکوژی مادیماکی سێواسی ئازادکرد، دادگایی بکرێت؟ مێژوو بڕیار لەسەر هەموو ئەو کەسانە دەدات کە چەپڵەیان بۆ کۆمەڵکوژی مادیماک لێدا. کەمال کلیچدارئۆغلو کە هەوڵ دەدات لە دۆسیەکەدا پاکانە بۆ تەمەل کەرەموڵائۆغڵو بکرێت کە یەک لە بەرپرسە گەورەکانی کۆمەڵکوژیەکەیە، دەبێت لەگەڵ ئەودا حزبە ئۆپۆزیۆنەکانیش دادگایی بکرێن. ئەم کۆمەڵکوژییە تاوانێکی جینۆسایدە کە لە دژی عەلەوییەکان ئەنجامدراوە".
'داوای لێپرسینەوەتان لێدەکەم '
پارێزەر ئایچا چاگلار ئاماژەی بەوەکرد، "کۆمەڵکوژی مادیماک بەرجستەترین نیشانەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە و وتی: هەرهیچ نەبێت بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانیش بێت تۆمەتباران بگرن و رادەستی دادپەروەریان بکەن، ناکرێت بە پاساوی تێپەربوونی کات دۆسیەکە دابخەن. داوای لێپرسینەوەتان لێدەکم".
'هیچ ئاستەنگێک بۆ ڕادەستکردنەوەی بکوژەکان بوونی نییە'
هەروەها ئۆزتورک تورکدۆغان، کە پارێزەری دۆسیەکەیە، ڕایگەیاند، هیچ ئاستەنگێک بۆ ڕادەستکردنەوەی تۆمەتبارانی هەڵاتوو بوونی نییە و وتی: "مافی زانینی ڕاستی ئەو بنەماڵانەی کەسوکاریان کۆمەڵکوژ کراون پێشێلکراوە. دەمانەوێت بزانین بۆچی بکوژەکان کۆمەڵکوژی سێواسیان ئەنجامدا. هیچ بەربەست و ئاستەنگێک بۆ ڕادەستکردنەوەی تۆمەتبارانی هەڵاتوودا بوونی نییە. با تەنیا دادگا بڕیار بدات و ئەو دۆسیە یەکلا بکاتەوە. دەسەڵاتی سیاسی نایەوێت ئەم ڕووداوە ئاشکرا ببێت. بۆیە لەو بڕوایەداین کە ئەگەر ئەم دۆسیە ئاشکرا بێت، کەسانێکی زۆر لە دەسەڵاتی سیاسی ناچار دەبن ڕووبەڕووی ڕاستییەکان ببنەوە.
دوای ئەوەی پارێزەران بەرگرییان کرد، دادگا سەرجەم داواکارییەکانی ڕەتکردەوە.
داواکاری گشتی وتی: با دۆسیەکە دابخرێت
داواکاری گشتی دانیشتنەکە داوای کرد، بە هۆی تێپەڕبوونی ٣٠ ساڵ بە سەر تاوانەکە، دۆسیەکە دابخرێت، ئامادەبووانی هۆڵی دادگاش کاردانەوەیان نیشاندا.
کاتێک دادگا بڕیاریدا، پۆلیس هەوڵیدا بچێتە ناو هۆڵی دادگا. جەماوەرەکە ناڕەزایەتییان دەربڕی و وتیان: "بچن بکوژەکان دەستگیر بکەن" و پۆلیسەکان لە هۆڵەکە کرانە دەرەوە.
دادگا بە پاساوی تێپەڕبوونی کات بەسەریدا، دۆسیەی کۆمەڵکوژی سێواسی داخست.
ژ.ن