بانگەواز بۆ بەشداری لە خۆپیشاندان و چالاکیەکانی پاریس راگەیەندرا

هاووتەبێژی دیوانی کەجەدەکە-ئە موراد جەیلان و نوێنەری تەژەکە-ئە زۆزان سەرحەد بەمەبەستی بەشداربوون لە چالاکیەکانی ٢٣ی کانونی یەکەم و ٦ی کانونی دووەم لە پاریس بانگەوازیان راگەیاند.

کورد و دۆستانی لە ئامادەکاریدان بۆ ئەوەی لە ساڵیادی هەردوو کۆمەڵکوژیەکانی پاریسدا لە ٢٣ی کانونی یەکەم و شەشی کانونی دووەم چالاکی و خۆپیشاندان ساز بکەن و بەوەش جەخت دەکەنەوە کە ئەو کۆمەڵکوژیە لەبیر ناکەن و داواش دەکەن حکومەتی فەرەنسا لەپێناو روونکردنەوەی ئەو کۆمەڵکوژیانە هەنگاو بنێت.

لە پاریس لە ماوەی ٩ ساڵدا دوو کۆمەڵکوژی لە بەرامبەر گەلی کورد ئەنجام دران. لە دامەزرێنەرانی پەکەکە سەکینە جانسز (سارا)، نوێنەری کەنەکە لە پاریس فیدان دۆغان (رۆژبین) و ئەندامی بزوتنەوەی گەنجان لەیلا شایلەمەز (رۆناهی) لە ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنێکی میت تیرۆرکران. ئەڤین گۆیی (ئەمینە کارا) کە لە دژی داعش شەڕی کردبوو، هونەرمەندی کورد میر پەروەر (محەمەد شیرین ئایدن) و وڵاتپارێزی کورد عەبدولرەحمان کزلیش ٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ تیرۆرکران. لە ٢٣ ی کانونی یەکەم و شەشی کانونی دووەمدا لە پاریس چالاکی ساز دەکرێن.

هاووتەبێژی دیوانی سەرۆکایەتی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردستانیانی ئەوروپا (جەدەکە-ئە) موراد جەیلان و نوێنەری بزوتنەوەی ژنانی کورد لە ئەوروپا (تەژەکە-ئە) زۆزان سەرحەد لە رێگەی ئاژانسەکەمانەوە بانگەوازێکیان بۆ بەشداری لەو چالاکی و خۆپیشاندانانە راگەیاند.

موراد جەیلان داوای لە کوردان و دۆستانیان کرد کە لەو شوێنانەی لێی دەژین بەرامبەر بەو کۆمەڵکوژیە بوەستنەوە و ناڕەزایەتی بەهەموان و بەتایبەتی ئەو هێزانەی چاویان بە سەر کۆمەڵکوژیەکاندا نوقاندووە، نیشان بدەن. زۆزان سەرحەدیش داوای لە هەمووان کرد کە بڕژێنە گۆڕەپانەکان و پەیامێکی بەم جۆرەی گەیاندە فەرەنسا: " ئێوە دەتوانن تیرۆرمان بکەن، بەڵام ئێمە لەبیری ناکەین. رەنگە ئێوە بکوژانمان دادگایی نەکەن، بەڵام ئێمە ئێوە دادگایی دەکەین، ئێمە بەهۆی تیرۆرکردنی هەڤاڵانمان و تیرۆرکردنی ژنانی کورد لێپێچینەوەتان لەگەڵ دەکەین".

هـ . ب