باقرخان: لەگەڵ بۆردووماندا ناتوانن بە کوردەکان بڵێن برا
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان لە کۆنگرەی گشتی پارتەکەیدا لە مێرسین گوتی: "ئەو دەمەی لە ڕۆژئاوا دامەزراوەکانی پەروەردە و تەندروستی بۆردوومان دەکەن، ناتوانن بە کوردەکان بڵێن برا".
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان لە کۆنگرەی گشتی پارتەکەیدا لە مێرسین گوتی: "ئەو دەمەی لە ڕۆژئاوا دامەزراوەکانی پەروەردە و تەندروستی بۆردوومان دەکەن، ناتوانن بە کوردەکان بڵێن برا".
ڕێکخراوەکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە مێرسین ٤ هەمین کۆنگرەی ئاسایی بەست. لە هۆڵی کۆنگرەکەدا پانکارتەکانی "کات، کاتی ئازادییە" و "چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرسی کورد" و " کاتی سەرکەوتنە" و "نا بۆ گۆشەگیری، بەڵێ بۆ ئاشتی" و "نا بۆ گۆشەگیری، ئازادی بۆ گەلان" بەرزکرانەوە، پۆلیس هەوڵی دەستبەسەراگرتنی پانکارتەکانی دا، پەرلەمانتاری دەم پارتی، عەلی بۆزان ناڕەزایەتی بەرامبەر پۆلیس دەربڕی.
دایکانی ئاشتی و خزمی گیراوان لە چوارچێوەی کەمپەینی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" ئێشکگریی دادپەروەریان گواستەوە بۆ هۆڵی کۆنگرەکە.
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی، تونجەر باقرخان سەرەتا بەبۆنەی مردنی باوکییەوە، سەرەخۆشی لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و بنەماڵەکەی کرد. پاشان ئاماژەی بەوە کرد، هەموو کێشەکانی تورکیا، لەوانەش قەیرانی ئابووری، بەرئەنجامی چارەسەرنەکردنی پرسی کوردە. دەسەڵات نایەوێت پرسی کورد چارەسەر بکات. بەمەش وڵات کەوتۆتە قەیرانەوە.
باقرخان دووپاتی کردەوە، سەرەڕای هەموو فشارەکان بەرگری لە ئاشتی دەکەن، گوتی: "وەک سەید ڕەزا و شێخ سەعید و هاوڕێیانی زیندان، سەر نەوی ناکەین و درێژە بە تێکۆشان دەدەین. ئەوان هەڕەشە دەکەن، با لەبیری نەکەن، هاوڕێیانی ئاپێ موسا و جگەرخوێن و ماهیر و مەزڵومەکان، لە هەڕەشەکانیان ناترسن".
باقرخان ئاماژەی بەوە کرد، چەندین ساڵە نکۆڵی لە هەبوون و زمانی کورد دەکرێت، کاتێک لە پەرلەمان بە زمانی کوردی دەدوێن دەگوترێت "ئەم زمانە ناناسرێت"، لە بەرامبەردا باقرخان گوتی: "ئەمساڵ لە هەڵبژاردنەکاندا مرۆڤەکانی خاوەنی ئەم "زمانی نەناسراو"ـە لە سندووقەکاندا وانەیەکی گرنگتان فێردەکەن".
پاشان باقرخان تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ئیمراڵی و مانگرتن لە خواردنی زیندانیان بۆ شکاندنی گۆشەگیری و چارەسەری پرسی کورد، گوتی: "ئەوان دەڵێن با پرسی کورد چارەسەر بکەن و موخاتەبی ئەم چارەسەرەش بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە. بەڵام بەداخەوە دەسەڵات گوێی لەم داخوازییانە خەواندووە و تورکیای نزیک کردۆتەوە لە هەڵوەشانەوە. ئێمە دەبینە دەنگی زیندانیان و ئازادیان دەکەین".
پاش خوێندنەوەی ڕاپۆرتەکان، هەڵبژاردن بە یەک لیست ئەنجامدرا، بەدریە کوش و ڕەشاد ئاشان وەک هاوسەرۆکانی دەم پارتی لە مێرسین هەڵبژێردران.