باقرخان: پشتگیری لە ڕێپێوانی ئازادی دەکەین

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان گوتی: "چەند ڕێکخراوێکمان لەنێوان ١-١٥ ی شوبات بۆ ئازادی بەڕێز ئۆجالان چالاکی ئەنجام دەدەن. وەک دەم پارتی پشتگیری لەم ڕێپێوانە دەکەین".

هاوسەرۆکانی شارەکانی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) لە ناوەندی گشتی پارتەکە کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا هاوسەرۆکی گشتی پارتەکە، تونجەر باقرخان قسەی کرد. باقرخان تیشکی خستەسەر ڕەوشی ئاڵۆز و شەڕەکان لە جیهاندا، بە تایبەت ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوین. ئاماژەی کرد بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و ڕایگەیاند گەلی فەڵەستین قڕدەکرێت و سیاسەتی داگیرکاری بەردەوامە، ناوچەکەش خەریکە دەبێتە گۆڕەپانی مەزنی شەڕ، گفتوگۆ و دانوستانێک لەگۆڕێ نییە. هەروەها جەختی کردەوە، لەم نێوەندەدا تورکیا لەڕێگەی هەڵوێستەکانیەوە پشتیوانی سیاسەتی شەڕ دەکات.

هاوکات باقرخان تیشکی خستەسەر ڕەوشی خراپی بژێویی، دووپاتی کردەوە ئەم هەژارییە بەرئەنجامی قەیرانی ئابوورییە. هەروەها ئاماژەی کرد بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پارتەکەیان، وەک ئەزموونێکی نوێ لە جیهاندا ناوی برد، ڕایگەیاند هەرچەند کەموکورتی هەبووە بەڵام ڕێبازێکی دیموکراتیک پەرەی پێ دراوە. لە ئایندەدا کەموکوڕییەکان ڕاست دەکرێنەوە.

پاشان باقرخان تیشکی خستەسەر ڕێپێوان و چالاکییەکان بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی: "چەندین ڕێکخراوی ئێمە لەنێوان ١-١٥ ی شوبات بۆ ئازادیی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان ڕێپێوان ئەنجام دەدەن. وەک دەم پارتی پشتگیری لەم ڕێپێوانە دەکەین. بە گۆشەگیری کێشەکان چارەسەر نابن. بەپێچەوانەوە کێشەکان قووڵتر دەبنەوە. هۆکاری سەرەکی ئەم ڕەوشەی تورکیا، گۆشەگیری و چارەسەرنەکردنی پرسی کوردە. ئەگەر ئەم وڵاتە بیەوێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین نوێنەرایەتی ئاشتی بکات، با لەبری دامەزراندنی بنکەی سەربازی، گۆشەگیری لاببات، لەڕێگەی گفتگۆ و دانوستانەوە بەدوای چارەسەری پرسی کورد بگەڕێت. هەر هاوکێشەیەک کورد و عەلەوی و ژن و کرێکار و گەنجی تێدا نەبێت، جێگەی نابێتەوە. ڕەنگە ڕێبازی سیاسەتی ئەوان درۆ بێت، بەڵام هی ئێمە گفتوگۆ و دانوستان و ئاشتی تورکیایە. بۆ ئەمەش دەبێت تورکیایەکی دیموکراتیک بونیاد بنێین".