بەبۆنەی ٨ ی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژنان لە وان بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) بە درووشمی "دژی قڕکردنی ژنان سەرهەڵدەبڕین، بەرەو ئازادی هەنگاودەنێین" گردبوونەوەی کۆتایی ئەنجام درا. ئەندامی شاندی ئیمراڵی دەم پارتی پەروین بوڵدان قسەی کرد.
پەروین بوڵدان ٨ ی ئاداری لە ژنان پیرۆز کرد، ڕایگەیاند ئەم ٨ ی ئادارە جیاوازە و هەڵسەنگاندنی ڕێبەر ئاپۆ دەربارەی ژنان ئەم ٨ ی ئادارەی نەخشاند، ڕایگەیاند "بانگەوازی ئاشتی و دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ ی شوبات هاوکات بۆ ژنان و گەنجان بوو، بۆیە پێویستە هەمووان خاوەنداری لێ بکەن، گوتی: "لەم بانگەوازەدا زۆرترین چاوەڕوانی لە ژنان دەکرێت. چونکە لەدایکبوونەوەیەکە بۆ ژنان. بۆیە دەبێت خاوەنداری لەم بانگەوازە بکەن. پێویستە یەکبگرین و خاوەنداری لە پرۆسەکە بکەین".
پەروین بوڵدان جەختی کردەوە نابێت کەس هەوڵی تێکدانی پرۆسەکە بدات، دووپاتی کردەوە ڕێگەی سیاسەتی دیموکراتیک بە دەستبەسەراگرتنی ئیرادەی شارێک بەدی نایەت، گوتی: "هەمووان دەبێت بەم هەستیارییەوە بجووڵێنەوە. چاوەڕوانیمان هەیە و دەبێت بەگوێرەی ئەم چاوەڕوانیانە هەنگاو بنرێت. پێویستە یاسا دابڕژێرێت و چوارچێوەیەکی بۆ درووست بکرێت، ڕیفۆرم بکرێت و لەڕێگەی چەند بڕیارێکەوە پرۆسەکە مسۆگەر بکرێت. هەستیارییەکی وەها هەیە. بۆ بەدیهاتنی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک. ئەم هەنگاوانە زۆر گرنگن".
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد ڕێبەر ئاپۆ پەیامێکی تایبەتی بۆ دایکانی ئاشتی و گەلی وان ناردووە، گوتی: " "بەڕێز ئۆجالان سڵاوی تایبەتی بۆ دایکانی ئاشتی و گەلی وان نارد. گوتی: "من ڕێز لە ئیرادەی هەر ١٤ شارەوانییە بەدەستهاتووەکە دەگرم".
پەروین بوڵدان جەختی کردەوە دەبێت قەیوم لەسەر شارەوانییەکان لاببرێن و شارەوانییەکان ڕادەستی ئیرادەی گەل بکرێتەوە، ئەمە سوودی بۆ پرۆسەکە دەبێت، گوتی: "ئازادبوونی هەڤاڵانمان فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش و بەکر کایا و هەڤاڵانی تر، بۆ پرۆسەکە بەسوودە. پێویستە هەستیاری و چاوەڕوانییەکانی گەلی کورد ڕەچاو بکرێت".
هەروەها دووپاتی کردەوە دەبێت دان بە زمان و ناسنامەی کورددا بنرێت، وە دەبێت هەمووان خاوەنداری لە پرۆسەکە بکەن، گوتی: "ئێمەی کورد و تورک ناچارین دەست بخەینە دەستی یەک. ناچارین پشتیوانی بەڕێز ئۆجالان بکەین. ناچارین ئەم پرۆسەیە بگەیەنین بە قۆناغی ئاشتی. ئەم هیوایەمان بە گەلی وان هەیە. با کەس گومانی نەبێت، دەبێت هەمووان بزانن بەڕێز ئۆجالان هەڵە ناکات، دەبێت هەمووان بەڕێز ئۆجالان باش بناسن".