بەرخودان لە ئێران گەورەتر دەبێت
بەرخودان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تادێت بەرفراوانتر و گەورەتر دەبێ. هێزەکانی ئێران جارێتر لە زاهیدان خۆپیشاندەرانیان کوشت.
بەرخودان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تادێت بەرفراوانتر و گەورەتر دەبێ. هێزەکانی ئێران جارێتر لە زاهیدان خۆپیشاندەرانیان کوشت.
رۆژی هەینی لە شارەکانی سنە، ورمێ، کرماشان، قەسری شیرین، سەقز، مەریوان، مەهاباد، بۆکان، سەرپێڵی زەهاو، میاندواو و بروجردی لۆڕستان خۆپیشاندان و گردبوونەوە بەڕێوەچوون.
لە سنە بە شێوەی هاوکات لە چەند گەڕێکی ئەو شارە گەنجان بە کردنەوەی ئاگر و داخستنی رێگاکان دەستیان بە ناڕەزایەتی دەربڕین کردەوە.
هەر لە گۆڕەپانی ئەو شارە گەنجێک بە ناوی ئەفشین مروەتی دوای ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە برینداری دەستگیرکرا، هەواڵی کوژرانی بڵاوبووەوە و بەوهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی سنەیی لەبەردەم نەخۆشخانەی کەوسەری شارەکە کۆبوونەوە بەڵام گرژی لە نێوان ئامادەبووان وهێزە ئەمنییەکان هاتە ئاراوە.
هاوکات هێزە ئەمنیەکان هێرشیان کردە سەر بەشە ناوخۆیی زانکۆی سنە و باس لە برینداربوونی لانیکەم ٨ خۆپیشاندەر دەکرێ لەو شارە.
٣ کەس کوژران
لە سەر ئاستی ئێرانیش جارێکیتر وەک هەینییەکانی رابردوو بە هەزاران کەس دوای نوێژی هەینی لە زاهیدان رژانە شەقامەکان و هێزەکانی دەوڵەت تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد، بە پێی چەند سەرچاوەیەک سێ کەس کە دوانیانمنداڵن لەو شارە کوژراون و نزیکەی ٤٠ کەسیش برینداربوون.
لە تاران، ئەراک، تونکابۆن، ئامول، کەرەج، بابۆل، سەراوان و ئێرانشاریش بە هەمان شێوە خۆپیشاندان و گردبوونەوە سازکران.
بە گوێرەی دوایین ئاماری رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران تا رۆژی پێنج شەممە ٢٥٣ کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا کوژراون، کە ٣٤ کەسیان منداڵن.
هاوکات رۆژی هەینی وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە راپۆرتێکی ٣٠ لاپەڕەیی هاوبەشدا ئۆباڵی خۆپیشاندانەکانیان خستە ئەستۆی دەزگا هەواڵگرییەکانی وەک موساد و سی ئای ئەی و کۆی دۆخەکەیان بە پیلانگێڕی نابرد و کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک تویتەر و مێتا و چەند دەزگایەکی راگەیاندن و رێکخراوی نێودەوڵەتیان بە بەشداری لەو پیلانە تۆمەتبار کرد، بە بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخەنەڕوو.
هـ . ب