بەتووش: جارێکی دیکە خیانەت لە ئێزدییەکان کرایەوە

سەعید بەتووش سەرۆکی پارتی تەقەدمی ئێزیدی، لە دژی بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ لێبوردنی گشتی ناڕەزایی نیشاندا و وتی: "ئەم بڕیارە گەلان دەخاتە مەترسییەوە، وەک کۆمەڵگەی ئێزیدی خۆمان چارەنووسی خۆمان دیاری دەکەین."

سەعید بەتووش، سەرۆکی پارتی تەقەدمی ئێزیدییەکان، سەبارەت بە یاسا و بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و ڕایگەیاند: "هەرگیز باوەڕمان نەدەکرد شیعەکانی عێراق خیانەتێکی وەها لە ئێزیدییەکان بکەن."

سەعید بەتووش، سەرۆکی پارتی تەقەدمی ئێزیدی، ئاماژەی بە ئەو پارت و لایەنە سیاسییانە کرد کە خۆیان بە دڵسۆزی ئێزیدییەکان دەزانن و وتی: "لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٣ هاتا ٢٠١٤، لایەنە کوردییەکانی وەک پەدەکە خۆیان بە خاوەنی کۆمەڵگای ئیزیدی دەزانی. بەڵام هەمووان بینییان لە کۆتاییدا چ جۆرە خیانەتێکیان لە کۆمەڵگاکەمان کرد. ئەمڕۆ بەهەمان شێوە و سیناریۆ، حیزب و نوێنەرانی شێعەش خیانەتیان لە کۆمەڵگاکەمان کرد و لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بۆ دەرکردنی بڕیاری لێبوردنی گشتی یەکیان گرتووە."

سەعید بەتووش ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان فەرمانێکیان (جینۆساید) ئەزموون کردووە و ئەم فەرمانە تا ئێستاش بەردەوامە و ڕیگەیاند: "هەتا ئەمڕۆش بەهەزاران کچ و ژنی ئێمە لە دەستی چەتەکانی داعشدان، بە دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ لە خاکی شنگاڵ هەڵدراوەتەوە. حکومەتی عێراق بەچاوی خۆیان ئەمەیان بینی و سەرەڕای ئەوەش یاسای لێبوردنی گشتی و یاسای باری کەسێتی پەسەند کرد. هەردوو یاساکە دژی گەل و کۆمەڵگاکەمانە. بۆیە ئەمڕۆ کۆمەڵگاکەمان پێویستە بەهۆش خۆیدا بێتەوە و خۆی بناسێت و خۆی لەو دۆخە ڕزگار بکات"

بەتووش لە درێژەدا ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە کۆمەڵگای ئێزیدی خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکات و خۆی بە هیچ کوتلەیەکەوە نەبەستێتەوە و وتی: "لەم دواییانەدا سێ هێزی سەرەکی عێراق لە پەرلەمان یەکیان گرتووە. پەدەکە لەگەڵ لایەنە شیعە و سوننەکان سەبارەت بە موڵک و ماڵی کوردان رێککەوتووە. هەروەها سوننەکان لە ڕێگەی یاسای لێبوردنی گشتییەوە لەگەڵ شیعەکان ڕێککەوتوون. بەداخەوە هیچ کام لەو لایەنانە هیچ ڕێزێکیان بۆ کۆمەڵگای ئێزیدی نیشان نەدا."

لەکۆتایی قسەکانیدا بەتووش داوای لە حکومەتی عێراق کرد: "ئەگەر ئەو بڕیارانەی لەپەرلەمان دراون هەڵنەوەشێنەوە، لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی تانە لە بڕیارەکە دەدەین و دەڵێین، هەر بڕیارێک لە پەرلەمانی عێراق دەدرێت لە بەرژەوەندی تیرۆرە و داعشە. ئەمەش کۆمەڵگاکان رووبەڕووی گەورەترین مەترسی دەکاتەوە. "ئێمە وەک کۆمەڵگای ئێزیدی دەمانەوێت خۆمان چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین."