بۆزان: بە سەرکەوتن وەڵامی فرت و فێڵ و ساختەکارییەکانی دەسەڵات دەدەینەوە
پەرلەمانتاری دەم پارتی عەلی بۆزان رایگەیاند، بە سەرکەوتن، بە بەدەستهێنانەوەی شارەوانیەکان وەڵامی فرت و فێڵ و ساختەکارییەکانی ئاکەپە-مەهەپە دەدەنەوە.
پەرلەمانتاری دەم پارتی عەلی بۆزان رایگەیاند، بە سەرکەوتن، بە بەدەستهێنانەوەی شارەوانیەکان وەڵامی فرت و فێڵ و ساختەکارییەکانی ئاکەپە-مەهەپە دەدەنەوە.
پەرلەمانتاری دەم پارتی عەلی بۆزان رایگەیاند، کە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە لە رێگەی تۆماری وەهمی دەنگدەرانەوە دەیەوێت ئیرادەی کوردان زەوت بکات.
پەرلەمانتاری مێرسینی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) عەلی بۆزان سەبارەت بە ساختەکاری و فرت و فێڵەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە لە تۆماری دەنگدەراندا، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
بۆزان بە بیری هێنایەوە کە دەسەڵاتی ئاکەپە ماوەی ٨ ساڵە بە دانانی قەیوم دەستی بە سەر ئیرادەی کورداندا گرتووە و وتی، "٨ ساڵە قەیوم لەسەر شارەوانیەکان دانراون، کە کوردەکان بە دەنگ و ئیرادەی خۆیان ئەو شارەوانیانەیان بەدەستهێنابوو. لە سەروبەندی هەڵبژاردنی هەرێمی ٣٠ی ئادار دەستیان بە تاقیکردنەوەی شێوازی نوێ کردووە. دەسەڵات لەو شوێنانەی کە لە هەڵبژاردنی ٢٠١٩ هەدەپە بە جیاوازییەکی کەم سەرکەوتبوو، بە دیاریکراوی لەو شوێنانە دەنگدەران تۆمار دەکات".
لە شوێنێک ٥٠٠ کەس تۆمار کراون
بۆزان ئەوەی خستەڕوو، کە لە کوردستان بە تایبەتی پۆلیس و جەندرمە وەک دەنگدەر تۆمار دەکرێن و وتی، "هەندێک جار لە شونێک ٥٠٠ و هەندێک جاریش هەزار کەس تۆمار کراون؛ نمونەی روونی ئەوە لە شارۆچکەی باژارگەی جۆلەمێرگە. کۆی دەنگدەرانی باراگە سێ هەزار و ٥٠٠ کەسە، بەڵام هەزار و ٧٠٠ سەرباز و پۆلیس وەک دەنگدەر لە ناونیشانێک تۆمار کراون. هەندێک جار لە میوانخانەکانی پۆلیس و هەندێک جاریش لە میوانخانەکانی جەندرمە ناوی دەنگدەران تۆمار دەکرێن".
لە ئاکدەنیزیش هەمان فێڵ بەکاردەهێنن
بۆزان بە بیری هێنایەوە لە ئاکدەنیزی مێرسینیش کە ماوەیەکی زۆرە لەلایەن هەدەپەوە بەڕێوەبراوە، لەبەر ئەوەی دەزانن لە هەڵبژاردندا دەم پارتی سەردەکەوێت دەستیان بە تۆمارکردنی دەنگدەری وەهمی کردووە. بۆزان وتی، "جیاواز لە کوردستان، لێرە زۆر بێباکانەتر جوڵانەوە. سەرۆک شارەوانی ئێستای شارەوانی ئاکدەنیز مستەفا گوڵتاکی ئاکەپەیی لەگەڵ پێنج ئەندامی خێزانەکەی کە لە ناوچەی یەنیشەهیری مێرسین نیشتەجێیە، بەڵام وەک ئەوەی لە گەڵ ٢٨ کەسی تردا لە یەک ماڵدا دەژین ناوی خۆیان تۆمار کردووە. نەک هەر ئەو بەڵکوو جێگری سەرۆکی شارەوانی، بەڕێوەبەری نوسینگەی تایبەتی شارەوانی ئاکدەنیز و هەشت بەڕێوەبەر، بنەماڵەکانیان لە ناوچە جیاجیاکانی مێرسینەوە گواستووەتەوە بۆ ئاکدەنیز. ئەوەی ئاکەپە دەیکات زەوتکردنی ئیرادەی کوردانە لە رێگەی قەیومەوە. ئەم جارەش لە رێگەی گواستنەوەی دەنگدەری وەهمی دەیانەوێت ئیرادەی کوردان زەوت بکەن. لەمڕۆدا لە هەموو شارەکانی کوردستان تۆماری وەهمی دەنگدەران ساز دەکەن. لە ناوچەکانی ئامەد، جۆلەمێرگ، شڕنەخ، بەدلیس، ئاگری، قەرس، موش، ئیدر و دەتوانرێت بوترێت کە لە هەموو ناوچەکان تۆماری وەهمی دەنگدەرانیان دروست کردووە".
رێگە نادەین ئیرادەمان زەوت بکەن
بۆزان ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەوان بەدواداچوونیان کردووە و ئەو تۆمارە وەهمیانەیان دەستنیشان کردووە و لایەنی پەیوەندیداریان ئاگادار کردووەتەوە و جەختیشی کردەوە دەسەڵات چی دەکات با بیکات، بەڵام پارتەکەیان سەرلەنوێ شارەوانیەکان بەدەستدەهێنێتەوە. بۆزان وتی، " یەک بەیەک ئەو تۆمارە وەهمیانەیان لە ناوچەکان دەستنیشان کردووە و تانەیان لێداوە. دەستەی هەڵبژاردنی ناوچەکان تانەکانی رەتکردووەتەوە. ئێستاش ناوەندی گشتیی پارتیمان سەردانی دەستەی باڵای هەڵبژاردن دەکات. نازانین دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان چ بڕیارێک دەدات. بەداخەوە دەستەی باڵای هەڵباژردنەکانیش گۆڕدراوە بۆ دامەزراوەیەکی دەوڵەت و بە فەرمانی ئەردۆغان دەجوڵێتەوە و قەیومی بۆ دانراوە. ئاکەپە پێشتر بە قەیوم دەستی بەسەر ئیرادەی کورداندا گرت و ئێستاش دەیەوێت لە رێگەی دەنگدەری وەهمیەوە ئیرادەی کوردان زەوت بکات، بەڵام رێگە بەوە نادەین. ئەوەی دەبێت بیکەین ئەوەیە کە لە بەرامبەر هەر دەنگدەرێک هاوردە و وەهمیدا ئێمە دوو دەنگی دەم پارتی زیاد بکەین. لەبەرامبەر فرت و فێڵ و گزیەکانی ئەوان ئێمە سەرلەنوێ شارەوانیەکان بەدەستبهێنینەوە. ئەو شارەوانیانە جارێکی دیکە لەلایەن دەم پارتیەوە بەڕێوەدەبرێن".
هـ . ب