چالاکوانانی ئێشکگری دادپەروەری: تا بەدیهاتنی ئازادی چالاکی ئەنجام دەدەین

چالاکوانان لە چەند شارێک درێژە بە ئێشکگری دادپەروەری دەدەن، دووپاتیان کردەوە "تا ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان و هەموو زیندانیان، درێژە بە چالاکی دەدەین".

ئیشکگری دادپەروەری لە ئامەد و ئیستەنبوڵ و مێردین و ئەدەنە و مێرسین بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە.

لە چالاکییەکەی مێردین، دایکی ئاشتی ئایسەل ئیلهان ئاماژەی بەوە کرد پاش ١٤ ساڵ لە شەهیدبوونی کوڕەکەی هێشتا تەرمەکەی نەبینراوە، داوای ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیان کرد و گوتی: "تا ئازادبوونی ئەوان، ئێمە لە چالاکیدا دەبین. داوا دەکەین دایکی سەربازەکان پشتگیری لە ئێمە بکەن. دڵی ئەوانیش وەک ئێمە دەسوتێت. با دڵی کەسمان نەسوتێت، ئێمە بۆ ئاشتی لێرەین".

هەروەها دایکی ئاشتی، سورەیا یەڵماز ڕایگەیاند ئێمە بۆ دادپەروەری لێرەین، دووپاتی کردەوە تا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیان ئازاد نەبن ئێمە لە ئێشکگری بەردەوامین.

لە چالاکییەکەی ئیستنەبوڵ یەک لە بنەماڵەی زیندانیان، فینجە ئاکمان ئاماژەی بەوە کرد زۆرێک لە هاوڕێیانمان دەستبەسەرن چونکە دەوڵەت لە دایکان و ژنان دەترسێت. ڕایگەیاند تا کۆتایی تێکۆشان دەکەن.

چالاکییەکەی ئەدەنە ٤٤ ڕۆژە بەردەوامە. لە چالاکییەکەدا داوای ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نوێ کرایەوە.

چالاکییەکەی مێرسین ٤٤ ڕۆژە بەردەوامە.

دایکی ئاشتی ساکینە ئەرتاش گوتی: "بانگەواز لە هەموو کوردان دەکەین، پشتگیری ئێمە بکەن، بژی بەرخۆدانی زیندانەکان".

چالاکییەکەی ئامەد ٤٣ ڕۆژە بەردەوامە.

لە چالاکیەکەدا حەلیمە تۆپوز ئاماژەی بەوە کرد ئێمە هەردەم دەستی ئاشتیمان درێژ کردووە ئەوان چەکیان ڕووبەڕوو کردینەوە، ئێمە هەردەم ئاشتیمان خواست ئەوان شەڕیان دژمان ڕاگەیاند و گوتی: "با دایکی سەربازە کوژراوەکان لەگەڵ ئێمە بن. بۆچی یەکتر دەکوژین. با ئەمە چارەسەر بکەین".