چالاکی "دەنگت بخەپاڵ ئازادی" لەئیستەنبوڵ بەردەوامە
چالاکی "دەنگت بخەپاڵ ئازادی" بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد لە ئیستەنبوڵ ئەم هەفتەیەش بەردەوام بوو.
چالاکی "دەنگت بخەپاڵ ئازادی" بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد لە ئیستەنبوڵ ئەم هەفتەیەش بەردەوام بوو.
چالاکییەکە بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی هاوکاری و پشتیوانی بنەماڵەی زیندانیان و حکومدراوانی مەڕمەڕە (مەتوای-دەر) و بنەماڵەی زیندانیان بەڕێوەچوو، پەرلەمانتاری دەم پارتی ئیستەنبوڵ چیچەک ئۆتلو، نوێنەری ڕێکخراوە مەدەنیەکان و پارتە سیاسییەکان و هاوڵاتیان بەشداربوون.
چالاکییەکە لەبەردەم زیندانی ژنانی باکرکۆی ئیستەنبوڵ ئەنجامدرا، پانکارتی "بۆ ئاشتی جڤاکی گۆشەگیری هەڵبگرە و دەنگت بخەپاڵ ئازادی" هەڵگیرا.
دایکی زیندانی فینجە ئاکمان لە چالاکییەکەدا قسەی کرد، باسی ڕەوشی خراپی کوڕەکەی یەعقوب ئاکمان کرد کە مانی لە خواردن گرتووە و ١١ ڕۆژە لە گۆشەی تاکەکەسیدایە و قەدەغەی چاوپێکەوتنی بەسەردا سەپێنراوە، گوتی: "با هەندێک سۆز و ویژدانتان هەبێت، بۆ وەها لە ڕۆڵەکانمان دەکەن؟ ئێمە قبووڵی ناکەین".
پەرلەمانتار چیچەک ئۆتلو تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئاماژەی بەوە کرد نزیکەی ٤ ساڵە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نییە، گوتی: "ئامانجی چالاکییەکەمان دەسکەوتنی زانیاریی و مسۆگەرکردنی ئازادی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە. دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە ناچارە دەرگای ئیمرالی بکاتەوە و ڕێگە بە دیدار بدات. تا هەڵگرتنی گۆشەگیری و وەرگرتنی زانیاری لە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت. هەروەها داوا دەکەین، هەموو زیندانیانی نەخۆش ئازاد بکرێن".
پاشان چالاکی دانیشتن ئەنجامدرا و درووشم بەرزکرایەوە.