چالاکی ئێشکگری ئیستەنبوڵ: ئێمە چارەسەرین، نەوەک دەوڵەت

لە چالاکی ئێشکگری هێزەکانی ڕەنج و ئاشتی و دیموکراسی دژی دەستبەسەراگرتنی ئیرادە، ئاماژەکرا بە ئاگرەکەی ئامەد و مێردین و گوترا: "ئومێدی چارەسەر بە هیچ دەوڵەت و پەرلەمانێک ناکرێت".

ئێشکگری دژی دەستبەسەراگرتن

ئێشكگری هێزەکانی ڕەنج و ئاشتی و دیموکراسی دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ لە گۆڕەپانی شیشان ١٤ ڕۆژە بەردەوامە، چەندین پارتی سیاسی و کۆمەڵە و سەندیکا و ڕێکخراو پشتگیری چالاکییەکەی ئەمڕۆ بوون.

لە چالاکییەکەدا تیشکخرایە سەر ئاگرەکەی ئامەد و مێردین، هەروەها دانانی قەیوم و دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ شەرمەزار کرا.

لە کۆمەڵەی مافی کرێکاران لزگە بیتەر گوتی: "لەڕێی قەیومەوە ئیرادەی گەلی کورد و ژنان دەستبەسەرکراوە، ئەوانەی ئەم کارە دەکەن، هەمان ئەو کەسانەن مافی کرێکاران دەستبەسەر دەکەن، بەرامبەر ئەمە تێکۆشان و بەرخۆدان دەکەین".

بەناوی ئیکۆلۆژییەوە پۆلەن جەمیل تیشکی خستەسەر ئاگرە مەزنەکەی کوردستان، گوتی: "گرنگ نییە ئاگرەکە لە کوێ کەوتۆتەوە. دەوڵەت ناچارە ئاگرەکە بکوژێنێتەوە. هیچ دەوڵەت و پەرلەمانێک ئومێدی چارەسەریان لێ ناکرێت. چارەسەر خۆمانین".

جێگری سەرۆکی گشتی جەهەپەی ئیستەنبوڵ ئاکی ئەکبەر گوتی: "ئەگەر لەم وڵاتە باسی دیموکراسی دەکەین، نابێت قەیوم قبووڵ بکەین. لە ٢٩ ی حوزەیران دژی قەیوم گردبوونەوەی مەزن ئەنجام دەدەین. هەمووان بانگهێشت دەکەین بۆ ئەو گردبوونەوەیە".

وتەبێژی دەسپێشخەریی ٧٨ جەلالەدین جان قوربانیانی ئاگرکەوتنەوەکەی بیرهێنایەوە و ڕایگەیاند پێویستە خاوەنداری لە گەلەکەمان بکەین، گوتی: "بۆیە دەبێت ئەڵتەرناتیڤ دروست بکەین. بۆ ئەمەش پێویستە گرنگی بدەین بە هێزی جەوهەریی خۆمان".