لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری جنێڤی سویسرا چالاکیی دانیشتن لە پێناو سەرنجڕاکێشانە سەر چالاکیی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا بەردەوامە، کە لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ەوە بۆ تێشکاندنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و ئازادییان و ئیدانەکردنی پێشێلکارییەکان لە زیندانەکاندا دەستیپێکردووە.
چالاکییەکە بە خولەکێک رێزگرتن بۆ گیانی شەهیدانی شۆڕش و کوردستان دەستیپێکرد و لەلایەن چالاکوانانی ئەنجوومەنی کورد لە زوریخ چالاکییەکە وەرگیرا.
ساڵح ساغڵام هاوسەرۆکی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد لە جنێڤ لە چالاکییەکەدا رایگەیاند، "تاوەکو گۆشەگیریی لەسەر رێبەرایەتیمان کۆتایی پێ نەیەت، بە دڵنیاییەوە چالاکییەکانمان بەبێ پسانەوە بەردەوامییان دەبێت. ئێمە دەبینە وەڵامی بەرخودانی مانگرتن لە خواردنی زیندانیان، کە لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ەوە لە زنیدانەکاندا دەستیپێکردووە".
جیهاد ئۆچاری کوردستانی، کە لە زوریخەوە هاتبوو و بەشداری چالاکییەکە بوو بوو بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، "نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ و یەکێتیی ئەوروپا خۆیان بە دیموکراسی و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ دەناسێنن، بەڵام ئەمڕۆ دەیانەوێت ٤٠ میلۆن کورد نەبینین و حسابی بۆ نەکەن. دەیانەوێت بە گۆشەگیری ئیرادە و ورەی گەلی کورد رادەستی خۆیان بکەن. دەبێت نەتەوە یەکگرتوەکان ئەرکەکانی خۆی ئەنجام بدات".
هاوکات لە چالاکییەکەى بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتوەکان، کەمپەینی نامە ناردن بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لە چوارچێوەی هەڵمەتی "کات کاتی ئازادییە" بەڕێوەچوو و نامەیان بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان نارد.
لە رۆژانی داهاتوودا لە جنێڤ و چەندین شاری سویسرا و وڵاتی ئەوروپی بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد رێپێوان، کۆبوونەوو چالاکیی کتێبخانەى ئازاد و نامە ناردن بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەچێت.
سۆنگوڵ ئاسلان هاوسەرۆکی ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد لە سویسرا لە چالاکییەکەدا بانگەوازی بۆ کوردستانیان و دۆستانیان هەبوو و وتی، "گۆشەگیری تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە و دەبێت بە خێرایی کۆتایی پێ بهێنرێت. رێبەرایەتیمان ئازاد بکرێت. داوا لە گەلەکەمان دەکەین بە بەهێزی بەشداری لە هەموو چالاکییەکانی مانگی شوباتدا بکەن".
پلانسازیی چالاکییەکانی مانگی شوبات بەمشێوەیەی خوارەوەن:
لە ٦ی شوبات لە لوزەرین رێیپێوانێک لە کاتژمێر ١٤:٣٠ لە ئالماندمیس رێکدەخرێت.
لە ١٠ی شوبات لە باسل رێپێوانێک رێکدەخرێت.
لە ١١ی شوبات لە سۆلۆتهۆرن رێپێوانێکی دریژ مەودا دەستپێدەکات و کتێبخانەى ئازاد دروست دەکرێت.
لە ١٣ی شوبات لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جێنڤ کۆبوونەوەیەکی جەماوەری رێکدەخرێت.
لەلایکی ترەوە گەنجان بۆ سەرنجڕاکێشانە سەر گۆشەگیری و بەرخودانی زیندانیان لە سەر دیواری رێگای ترەنی جنێڤ نووسیویان "بۆ پشتیوانیکردن لە گەلی کورد لێرەین".
ژ.ت