چالاکیی مانگرتنی زیندانیان لە ٣٣هەمین رۆژدایە؛ زیندانیان بە بڕیار و پێداگرن

چالاکیی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی لە دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ٣٣هەمین رۆژدایە. مانگرتوان پێداگرن لەسەر چالاکییەکەیان و گوشاریش لەسەر زیندانیانی مانگرتوو زیادیان کردووە.

مانگرتنی بێسنووری زیندانیان بۆ کۆتایهێان بە گۆشەگیریی ئیمراڵی لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ەوە دەستیپێکردووە و چالاکییەکە بە بەشداریی ٧هەمین دەستەى مانگرتوان لە ٣٣هەمین رۆژدایە.

بەرپرسانی زیندانەکان گوشاریان لەسەر زیندانیانی مانگرتوو زیادکردووە

بەرپرسانی زیندانەکان گوشاریان لەسەر زیندانیانی چالاکوان و مانگرتوو زیاتر کردووە. لەو چوارچێوەیەدا بەرپرسانی زیندانی تارسوس خوێ، شەکر و لیمۆیان لە زیندانیانی مانگرتوو بڕیوە.

لە زیندانی کاندریاش لە رۆژی دەستپێکردنی مانگرتنەوە دەستکرا بە پشکنینی قاوشی زیندانیانی سیاسی و دەستیان بەسەر کەلوپەلی تایبەتی زیندانیاندا گرت.

لە زیندانی جۆری ئێل لە ئالانیا، سزای دیسیپلین بە سەر ئەو ژنانەدا سەپێنرا، کە لە چالاکیی مانگرتندان. ئەو زیندانیانەى لە کاتی پەیوەندیی تەلەفونیدا و کاتێک باسی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە زیندانەکاندا دەکەن، یەکڕاست پەیوەندییە تەلەفونییەکەیان دەپچڕێت.

لە رحاش سەرباری هەڕەشەکان و مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا چالاکیی مانگرتن بەردەوامە. سەرباری ئەوەى ژمارەی ئەو زیندانیانەى تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا دەبن روویان لە زیادبوونە، بەڵام پشکنینی کۆرۆنایان بۆ ناکرێت.

لە زیندانی شاکرانی ژنان لەو رۆژەوە چالاکیی مانگرتن دەستیپێکردووە، گوشارەکان بۆ سەر زیندانیانی مانگرتوو و سیاسی زیادیان کردووە.

زیندانیان رایانگەیاندووە، سەرباری گوشار و زۆردارییەکان، تاوەکو گۆشەگیری کۆتایی پێنەیەت بە بڕیار و پێداگرن درێژە بە چالاکییەکەیان بدەن و داوایان لە گەلیش کرد، خاوەنداری لە چالاکییەکەیان بکەن.

مانگرتن لە مەخموور لە ١٢هەمین رۆژدایە

لە کامپی پەنابەرانی مەخموریش چالاکیی مانگرتن بە پێشەنگایەتیی ژنان لە ١٨ی کانوونی یەکەمەوە لە کۆمەڵەى بنەماڵەى شەهیدانی مەخمور دەستیپێکردووە و ماوەی ١٢ رۆژە مانگرتنەکەیان بەردەوامە.

ژ.ت