داوای زیندانیکردنی جەردەوانە تۆمەتبارەکان پەسەند نەکرا

لە دانیشتنی پەیوەست بە کوشتنی ئەندامی دەم پارتی ئەحمەد گون، داوای زیندانیکردنی جەردەوانە تۆمەتبارەکان پەسەند نەکرا.

لە گوندی تالۆکای سەر بە ناوچەی قلەبانی شەرناخ، بەڕێوەبەری دەم پارتی ئەحمەد گون و کوڕەکەی عەبدولرەحمان گون لە ١١ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ ڕووبەڕووی هێرشی چەکداری جەردەوانەکان بوونەوە، لە ئەنجامدا ئەحمەد گون گیانی لەدەستدا و کوڕەکەی عەبدولرەحمان گون بریندار بوو. دانیشتنی دۆزەکە دەربارەی جەردەوانی خانەنشین ئەنوەر بابات و عومەر یارار و سدیق بابات و کوڕەکەی ئەبوبەکر بابات بەڕێوەچوو. سدیق بابات بە تاوانی "کوشتنی ئەنقەست" دادگایی دەکرێت و لە زیندانی جۆری T ی شەرناخ بەشداری دانیشتنی سێیەمین دادگای سزای قورسی شەرناخ بوو. تۆمەتبارە نەگیراوەکان ئەنوەر بابات و عومەر یارار و ئەبوبەکر بابات لە دادگای قلەبانەوە لەڕێگەی ڕێگەی سیستەمی دەنگ و دیمەنەوە بەشداربوون.

کوڕە بریندارەکەی ئەحمەد گون، عەبدولرەحمان گون و خزمەکانی و پارێزەران و ئەندامی کۆمیسیۆنی یاسایی دەم پارتی ساڵەح تەکین بەشداربوون. هەروەها پەرلەمانتاری دەم پارتی نەورۆز ئویساڵ و بەڕێوەبەرانی دەم پارتی چاودێری دانیشتنەکەیان کرد.

پاش پاراستنی جەردەوانە تۆمەتبارەکان، عەبدولڕەحمان گون کە لە ڕووداوەکە برینداربوو قسەی کرد، ڕووداوەکەی گێڕایەوە و ڕایگەیاند باوکی بە هۆکاری سیاسی کوژراوە، داوای کرد تۆمەتباران زیندانی بکرێن.

شایتەحاڵی ڕووداوەکە، مەحمود گون ڕایگەیاند مامی وی، ئەحمەد گون بە ئەنقەست لەلایەن سدیق بابات تەقەی لێ کراوە و کوژراوە. ڕایگەیاند مامی بەهۆی ناسنامە سیاسییەکەیەوە لەلایەن تۆمەتبارانەوە کراوەتە ئامانج.

داواکاری گشتی داوای کرد گرتنی تۆمەتبار سدیق بابات و مەرجی چاودێری یاسایی دەربارەی تۆمەتبارەکانی تر بەردەوام بێت.

پارێزەرانی قوربانییەکان ڕایانگەیاند بەڵگەکانی ڕووداوەکە لەناوبراون، بەڵگە بەردەستەکانیش لێکۆڵینەوەی پێویستیان لەبارەوە نەکراوە. دەستنیشانیان کرد تاوانەکە بە هاوکاری ئەنجامدراوە، داوایان کرد تۆمەتبارەکانی دیکەش بخرێنە زیندان.

دادگا بڕیاری دا بە بەردەوامی گرتنی سدیق بابات، بەڵام داوای گرتنی تۆمەتبارەکانی دیکەی ڕەت کردەوە. دادگا بڕیاریدا ئیفادەی شوانێکی نزیک ڕووداوەکە وەربگیرێت، کەموکورتییەکانی ڕاپۆرتی پەیوەست بە ڕووداوە تەواو بکرێت، دانیشتنەکە دواخرا بۆ ٤ ی تشرینی یەکەم.

پاش دانیشتنەکە لەبەردەم دادگا ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە، پەرلەمانتار نەورۆز ئویساڵ ڕایگەیاند ئەمڕۆش نەیانهێشت تۆمەتبارەکان بێنە بەردەم دادگا و ڕاستی دەرکەوێت، پێویستە هەموو تۆمەتبارەکان بخرێنە زیندان.

پارێزەر، ئۆزوم ڤورگون ڕایگەیاند لەبەرئەوەی بنەماڵەی بابات لەنێو سیستەمی جەردەوانیی دەوڵەتن و هاوکاری دەوڵەتن، دەستوەردان لە دۆسیەکە کراوە. دووپاتی کردەوە، ڕێگە نادەن دۆزەکە بێ سزا تێپەڕێت.

هاوژین و کوڕەکەی ئەحمەد گون داوایان کرد تۆمەتباران بخرێنە زیندان و سزا بدرێن.