ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە پێوەندی لەگەڵ ڕۆژەڤی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێران، ئاستی بەشداریکردن، ئاڵۆزی نێوان حکومەت و گەل، هەڵوێستی گەلانی ئێران، "شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی" و ئەگەرەکانی داهاتوو بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات هەڵسەنگاندنی کرد.
چاوپێکەوتنی ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک) وەهایە:
١٤هەمین هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچوو و ڕێژەی بەشداریکردن لە خوار ٥٠٪ بوو و دابڕان و کەلێنی نێوان حکومەت و گەل هەر بەردەوام بوو. کەواتە ئەم دۆخە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ئەمیر کەریمی: هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران لە دۆخێکی تایبەتدا بەڕێوەچوو. سەرۆکی پێشوو بە شێوەیەکی گوماناوی ژیانی لەدەست دا. مردنی گوماناوی سەرۆکی پێشوو نیشانەی قەیرانی زۆر قووڵ و جددییە لەناو خودی سیستەمی دەسەڵاتدا. ئەم هەڵبژاردنه دوای ئاشکرا بوونی ئەو قەیرانانه بەڕێوه چوو، یەکێکیان ئەوەیە که ئەم هەڵبژاردنه دوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەڕێوه چوو، و دەزانین شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی کاریگەری زۆر قووڵ و جددی له سەر عەقڵیەتی تاک و کۆمەڵگای ئێران داناوە. و گۆڕانکاریی کاریگەری لە کۆمەڵگای ئێراندا هێنایە ئاراوە. لەم هەڵبژاردنەدا زۆرینەی کۆمەڵگا دەنگیان نەدا. بەشدارینەکردنی گەل بەهۆی ئەوەو بوو کە بێ ئومێد بوون لە سیستەم، یان چاوەڕوانیەکانیان بەدی نەهات، واتە کاردانەوەیەکی بێ کەڵک و پاسیڤ نەبوو، بە پێچەوانەوە کاردانەوەیەکی زۆر بەهێز و هەڵوێستێکی سیاسی لەگەڵ ئامانجی تایبەت بوو. لەم کاردانەوەیەدا گەل و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و ئارمانجەکانی و هەروەها ئەو بەدیلەی کە ئەم شۆڕشە پێشنیاری کردووە قبووڵ کرد و ڕەوایەتی سیستەمی حوکمڕانی ئێستای ڕەت کردەوە. ئەمەش کاردانەوەیەکی سیاسی چالاکە و گەل بە شێوەی ڕیفراندۆم مامەڵەیان لە گەڵ کرد. زۆرینەی کۆمەڵگای ئێران شەرعیەتی سیستەمیان خستە ژێر پرسیارەوە، هەروەها پێشنیاری جێگرەوەشیان کرد. ئەوان جێگرەوەیان بەدەستەوەیە و بۆ ئەوەش شۆڕشیان کرد. ئەوانەی کە بەشدارییان لە هەڵبژاردندا کردووە، لایەنگری ڕژیم نین. بەشێک لەو کەسانە لە ترسی ئەوەی توندڕەوە بناژۆ خوازەکان دەستبەسەر دۆخەکەدا نەگرن و قەیرانەکان زیاتر نەکەن بەشدارییان کرد. دەسەڵاتدارن دەیانەوێت زیاتر کۆمەڵگا بخەنە ناو قەیران و هەژارییەوە بۆیە لە نێوان خراپ و خراپتردا خراپیان هەڵبژارد. لێرەدایە کە گەل هەڵوێستی سیاسییان گرتەبەر. لە ئەنجامدا ناتوانین لە هەڵبژاردنەکاندا رەوایەتی بە سیستەم بدەین. لە ڕاستیدا سیستەم و لایەنگرانی کەمینەن. هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران زۆر بە ڕوونی بە سیستەمی کۆماری ئیسلامی نیشاندا کە گەل نەک هەر هەڵوێستیان هەیە، بەڵکو بەدیلیشیان هەیە. ئێمە پێمان وایە کە ناوەندی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئەم پەیامەی وەرگرتووە، بەڵام چۆن مامەڵە لەگەڵیدا دەکەن، ئەمە لە بەڕێوەبردنی داهاتووی سیستەمدا بەدەر دەکەوێت. بایکۆتی هەڵبژاردنەکانمان کرد و داوامان لە گەل کرد بەشداری نەکەن. لەسەر چ بنەمایەک؟ لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئێمە بەشداری نەکردن بە بەشێک لە درێژەدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەزانین و لەوێدا گەل لە چوارچێوە و بەردەوامی هەمان شۆڕشدا هەڵوێستێکی چالاکانەی نیشان دا و ئەمەش سیاسەتی ئێمەیە بەرامبەر بە پرسی هەڵبژاردن و درێژەدان بە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، واتە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، سەرکەوت.
ئایا دوای هەڵبژاردن، دەسەڵات دەتوانێ قەیرانەکان تێپەڕێنێت و چارەسەری بهێنێ؟ ئایا سیستمی کۆماری ئیسلامی توانای ئەو گۆڕانکارییانەی هەیە لە بارودۆخی ئێستا دا؟
کەریمی: ئەنجامی هەڵبژاردن دەبێتە هۆی دەرچوون لە قەیرانەکان و کرانەوەی سیستەمی کۆماری ئیسلامی یان نا، وەڵامی ئێمە نەخێرە، کارێکی وا مەحاڵە. لەبەر چ هۆکارێک. لەبەر ئەوە کۆماری ئیسلامی ئێران بەرەوڕووی گەورەترین کێشەیەک کە خۆی خوڵقاندوویەتی بووەتەوە، ئەویش نەبوونی دیموکراسییە. سیستەمی کۆماری ئیسلامی لە پێکهاتەیەکی ڕەق و ناوەڕۆکێکی توندی ئایدیۆلۆژی کە لە ئایدۆلۆژی دینی دوازدە ئیمامی و ناسیۆنالیزم دروست بووە پێکهاتووە. ئەم سیستەمە هەر ڕۆژ پەرە دەستێنێ سنووری پاکتاوکاری فەراوانتر دەکات. هەروەها بازنەی بەشداریکردن لەم سیستەمەدا ڕۆژ بە ڕۆژ بەربەستتر دەبێتەوە. ئیتر گەل لەم سیستەمەدا جێگەیان نییە. ئەم سیستەمە شەرعیەتی خۆی لە پیرۆزی دین و ئاسمان وەردەگرێت. سیستەمی وەڵایەتی فەقیهـ سیستەمێکی سەروویاساییە. ئایا دامەزراوەی سەرۆکایەتی دەتوانێت وەک "دامەزراوەیەکی هەڵبژێردراو" دژی ئەم تیۆکراسییە بوەستێتەوە؟ ئایا دەتوانێت گۆڕانکارییەک لە دەستووردا دروست بکات. شتێکی وەها مەحاڵەوە. سەرۆککۆمارێک کە هەڵبژێردراوە، خۆی بە تەواوی گرێدراوە بە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهەوە. لە ڕابردوودا سەلمێنراوە کە لە شەڕی نێوان دامەزراوە یاساییەکان و دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهـ، هەمیشە براوە دامەزراوەکانی سەر بە وەلایەتی فەقیهـن. ئەمە ناسنامەی کۆماری ئیسلامییە. ئێستا ئایا کۆماری ئیسلامی ئامادەیە ئەم شوناس و ناوەڕۆکە بگۆڕێت یان نا؟ ئایا ڕێگە بە گۆڕانکاری لەم پێکهاتەیەدا دەکات یان نا؟ تا ڕادەیەک هیچ ئاسۆیەک بۆ ئەو گۆڕانکاریانە هەست پێناکرێت، واتە کەس ئاسۆیەکی لەو شێوەیە نابینێت. شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی، کە لە هەڵبژاردندا سەرکەوت، بەدیلی دیموکراسی خۆی وەک کۆمەڵگەیەکی دێموکراتیک پێشکەش دەکات، هەموو ڕۆژێک دژی سیستەمێکی وەها لە پەرەسەندن دایە، بۆیە کۆماری ئیسلامی هیچ بژاردەیەکی تری نییە جگە لەوەی یان دەبێت گۆڕانکاری بکات یان لە لایەن گەلانەوە هەڵدەگیرێت. لە ڕاستیدا کاندیدەکانی هەڵبژاردن لە خەمی گۆڕانکاری دیموکراسیدا نەبوون، بەڵکو خەمی سەرەکییان درێژەدان بە سیستمە. بۆ نموونە کاندیدی بناژۆخوازەکان واتە جەلیلی پلانی دیاریکراوی ئەوە بوو کە درێژەپێدەری ئەو پلانانە بێت کە تا ئێستا بە شێوەیەکی زۆر ڕادیکاڵ ئەنجام دراوە. واتە دەیویست لەژێر ناوی حکومەتی سێبەردا درێژە بە بەرنامەکان بدات. پزیشکیان پلانێکی نەبوو زیاتر وەک ڕەخنەگر دەرکەوت. ڕەخنە لە چی؟ لە کارەکانی دەسەڵاتدارانی پلە دووی سیستەم. هیچ پلانێکی دیاریکراوی و بەدیلیان نەخستەڕوو. جگە لەوەش ڕەخنەکانی لە سیاسەتی سیستەم و پێکهاتەی سیستەم و هەڵە ستراتیژییەکانی نەبوو، بەڵکو بە ئامانجی بریکارە پلە ناوەندییەکانی سیستەم بوو.
سەبارەت بە پرسی ژنان و ئازادییەکانیان دۆخەکە چۆنە و لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە چ جۆرە وێنەیەک نیشان دەدرێت؟
کەریمی: لە وتەی پزیشکیان، دانپێدانانی زۆر جددی سەبارەت بە سەرکوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، بەرچاو دەرکەوت، هەروەها هێرشکردنە سەر ژنان و جیاکاری دژی نەتەوەکان دەبینرا. دانپێدانانەکان باشە، بەڵام هیچ پلانێکی سەبارەت بەوەی کە ڕێگای تێپەڕاندنی ئەو پرس و کێشانە چییە، پێشکەش نەکرد. بۆ نموونە هیچ پلانێکی سەبارەت بە ژنان نەبوو. فەرق و جیاوازییەکان درێژەی هەبوو، وتارەکان هەمان وتاری سیستەم بوون. زیاتر شیمانە دەکرێت کە سەرکوتکردنی پرسی ژنان بەردەوام دەبێت و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیش بەو ئاراستەیە درێژەی دەبێت. تەنها مامەڵەکردن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان کە بەرپرسیارن لە سەرکوتکردنی ژنان، ڕەنگە هێورتر بێتەوە ئەگەرنا هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پرسی ژناندا ڕوونادات.
پزیشکان و سیستەمی ئێران چ ڕێبازێکیان بەرامبەر بە نەتەوەکانیان و ماف و ئازادییەکانیان نیشانداوە و ڕێبازەکانیان لەگەڵ کردەوەکانی ئێستا چۆن دەبێت؟
کەریمی: پزیشکیان سەبارەت بە نەتەوەکان باسی لە مافی نەتەوەکان کرد و بە پێی ئەدەبیاتی خۆی، نەتەوەکان مافیان هەیە، بەڵام پێناسەیەکی بۆ ئەو مافانە پێشکەش نەکرد. لە کوێدا و چۆن دەتوانرێت ئەم مافانە بخرێتەڕوو و بچەسپێنرێن، هیچ باسێک لەمانە نەکرا. ئایا دەستوور پرسی مافی نەتەوەکان لە ئێراندا دیاری دەکات؟ ئایا ئاستی بەشداری نەتەوەکان لە سیاسەتەکانی ئێراندا قبووڵ دەکەن؟ ئایا خۆبەڕێوەبەری قبوڵ دەکەن؟ ئایا مافی کولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی نەتەوەکان قبوڵ دەکەن؟ ئەمانە ئەو بابەتانەن کە باسیان لێ نەکراوە و بەو زانیارییانەی کە لامانە لەسەر سیاسەت و ستراتیژی سیستەم سەبارەت بە پرسی نەتەوەکان، هیچ ئۆمێدێک بەدی ناکرێت. لە سیستمی حوکمڕانیی ئێراندا، سەبارەت بە پرسی نەتەوەکان، ڕوانگەیەکی ئەمنی هەیە کە ڕێگە بە هەر جۆرە سەرکوتکاریەک دەدەات. بەردەوام هەوڵێکی چەواشەکاریی، سەرکوت و ئینکار بەڕێوە چووە. هەر بەو هۆیەوە خۆدی پزیشکیان لە لایەن ناوەندەکانی بڕیاری سیستەمەوە پاڵپشتی لێدەکرێت. کۆماری ئیسلامی لە بواری نەتەوەکاندا کێشەی هەیە، بە تایبەت لە پێوەندی لەگەڵ تورکە ئازەرییەکان. ئێمە ئاگادارین، تورکیا و ئیسرائیل لە سەر ناسیۆنالیزمی ئازەری کاردەکەن و کۆماری ئیسلامیش ئاگاداری ئەو مەترسییەیە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە زۆر ئەگەری ئەوە هەیە کە پزیشکیان وەک چارەسەرێک لە نێوان ناسیۆنالیزمی تورکی- ئازەری و ئازەری – ئێرانی بە سەردەستی عەقڵیەتی شیعەگەرایی کەڵکی لێ وەربگرن. بە جۆرێک هەوڵ دەدەن ڕێگری لە کێشەی ناسیۆنالیزمی ئازەری بکەن. هەروەها پزیشکیان شارەزای زمانی کوردییە و دەیانەوێت بە بوونی ئەو لەسەر کۆمەڵگای کوردستان کاریگەری دروست بکەن. ڕەنگە ئەم ڕێبازانە زۆر کارامە نەبێت چونکە ئەو بەراوەردانەی کە تورکیا و ئیسرائیل لەسەر ناسیۆنالیزمی تورکی ئازەری کردوویانە، زۆر ستراتژییە لە بەراوەردەکانی کۆماری ئیسلامی، ئەوان دەیانەوێت ئازەربایجان وەک پاژنەی ئاشیلی هەموو ئێران بەکار بهێنن. بێگومان هەموو ئەم بەرنامانە لەدەرەوەی ئیرادەی گەلی ئازەربایجان و بەدەر لە داواکارییە شەرعیەکانیانە وەک نەتەوەیەکی ئازاد. مەسەلەی دووەم ئەوەیە کە گەلی کورد و تێکۆشانەکەیان داواکاری و هەڵوێستی تایبەتە و ناکرێ لە پرسی زمان و جلوبەرگ و... کورت بکرێتەوە. کوردستان شوێنی لە دایکبوونی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییە و گەلی کوردستانیش لە پارادایمی تێکۆشانی فرەڕەهەندی کۆمەڵگای دیموکراتیک، ئیکۆلۆژی و تێپەڕ بوون لە پیاوسالارییەوە دەست نیشان کردووە.
ئێران لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا ڕووبەڕووی چ قەیرانێک بوەتەوە و ئایا توانای چارەسەرکردنی قەیرانەکان، کەم کردنەوەی گرژییەکان و دوورکەوتنەوەی لە شەڕ هەیە؟ نیشانەکانی ئێستا چیمان پێدەڵێن؟
کەریمی: لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا، کۆماری ئیسلامی لە بەردەم قەیرانی زۆر جددی دایە. ئەگەری ئەوە هەیە ئەو شەڕەی بە وەکالەت کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بەڕێوە دەچێت، بگۆازرێتەوە بۆ هێرشی ڕاستەوخۆ بەرامبەر ئێران. هەرچەندە ئەمریکا لە زیادبوونی گرژیەکان دەترسێت، بەڵام ئیسرائیل و تورکیا و ڕوسیا سودمەندی سەرەکی شەڕێکی لەو شێوەیەن. هەژمۆن لە ناوچەکە، هیلالی شیعە و وزەی ئەتۆمی، ئەمانە پرسی ستراتژی و ژیانین بۆ سیستەمی ئێران، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن ناوەندی ئایدیۆلۆژی، خودی خامنەییەوە و ئەمنیەتی سیستەمەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت. ئەم سیاسەتانە گرژیی قوڵیان لەگەڵ جیهانی دەرەوە دروست کردووە، هەر ئەمانە بووەتە هۆی سەپاندنی سزا و ئابڵۆقە ئابوورییەکان بە سەر حکومەتی ئێراندا. ئێران لە دەرەوەی ئەو ڕێڕەوی وزە و بازرگانییە کە لە بەرنامەی ئەمریکا و وڵاتە عەرەبیەکاندایە دانراوە. هەروەها پەیمانی ئیبراهیمی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو هاوپەیمانییەکە دژ بە ئێران. لە سنوورەکانی باکووری تورکیە و ئازەربایجان و ئیسرائیل خەون بە جیاکردنەوەی ئازەربایجانی باشوور لە ئێران دەبینن. هەرچەندە وڵاتانی ڕۆژئاوا گرنگییەکی زۆر بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران نادەن، بەڵام سەرکوتەکانی ڕێژیم ڕوویەکی زۆر ناشیرینی لە ڕای گشتی و دامەزراوە دێموکراتیکەکانی جیهاندا دروست کردووە. بە گشتی وڵات بووە بە کۆگایەکی تەقینەوە. حکومەت دەیەوێت بە هەڵبژاردنی پزیشکیان دەیەوێت دۆخەکە نەرم بکاتەوە. ڕەنگە ئەوان بەمەبەست بەرنامەی تایبەتیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە دانابێت. بەڵام مەودا و پێویستیەکانی چاکسازیی تا چەند دەبێت؟ تا چەند سەرۆککۆمار دەتوانێت ڕۆڵ بگێڕێت؟ سەرۆککۆمار بە ڕوونی لەم بوارەدا داڕێژەری سیاسەت نییە و بەو پێیەش سیاسەتە سەرەکییەکانی سیستەم لەسەر بنەمای ئاشتی و سازان نییە هەموو ئەمانە بەهۆی ئەوەیە ئەکتەری سەرەکی سەرۆککۆمار نییە.
قەیرانی ئابووری و خراپی بژێوی خەڵک چ ئایندەیەک بۆ کۆمەڵگەی ئێران دەخوڵقێنێت و دەرئەنجامی ئەو قەیرانە چی دەبێت؟
کەریمی: سەبارەت بە پرس و قەیرانە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی، وتی: "ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ناتوانن ببێتە هۆی ڕزگار بوون لەو قەیرانانە. قەیرانی ئابووری ئێران تەنیا دەرئەنجامی بوونی بەرپرسی خراپ و بەڕێوەبەرانی ناکارامە نییە، بەڵکو قەیرانی ئابووری خۆی بەشێکە لە قەیرانی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی. گەمارۆکان لەم قەیرانانەدا ڕۆڵێکی زۆر چارەنووسساز دەگێڕن و ئەمەش لە دەرئەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت لە سیاسەتی دەرەوە سەرچاوە دەگرێت. دووەم، نەبوونی بەڕێوبەرێکی کارا و دروست لە مەسەلەی ئابووری لەبەر ئەوە ئەو کەسانە لە گرووپی مافیای ناوخۆیی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای پابەندبوونی کوتلەیی دەست نیشان دەکرێن. بۆ نموونە هێزێکی سەربازیی وەکوو سوپای پاسداران ڕۆڵی سەرەکی لە ئابووریدا هەیە و زاڵە بەسەر جمگە ئابووریەکاندا، ئەمەش یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی قەیرانی ئابووری ئێرانە. تا ئەو کێشانە یەکلایی نەکرێنەوە، واتە ناتوانن ڕێگەچارەیەک بۆ پرسی گەمارۆکان بدۆزنەوە و لە ئەنجامدا سیاسەتی دەرەوە ڕێکبخەن، هەروەها ئابووری لە دەستی سپای پاسداران دەمێنێتەوە.
ئایا حکومەتی نوێی ئێران بۆ پرسەکانی ژینگە پلانی هەیە؟ مناقشەکانی کاندیدەکان لەم بارەوە چۆن بوو؟
کەریمی: کێشەی ژینگەش لەو کێشانەیە کە کاندیدەکان باسیان نەکرد وبەسەردا تێپەڕین، چونکە سیستەمی کۆماری ئیسلامی بۆخۆی ئەرکی دوژمنایەتیە لەگەڵ ئیکۆسیستەمی گەلانی ئێراندا، خۆی سەرچاوەی قەیرانە ژینگەییەکانە. ئەگەر وێرانکردنی ژینگە بەم ڕێژەیە بەردەوام بێت، لە داهاتوودا ئێران دەبێتە جوگرافیای مەرگ. بۆیە شوێنێک بۆ ژیانی کۆمەڵگاکان نامێنێتەوە. ئەمە کێشەیەکە کە هیچ بەرنامەیەکیان بۆ نییە. بەشێکی زۆری ژینگەی ئێران بووەتە قوربانیی پرسی ئەمنی، بۆ نمونە لە کوردستان و زاگرۆس ئاگر لە دارستانەکان بەردەدرێن، تاڤگەکان وشک دەکرێن، زیاتر بەنداوەکان بۆ هۆکاری ئەمنی و مەرامی سیاسی دروست دەکرێن، هەموو ئەمانەش پلانیان بۆ دانراوە. ڕێگریکردن لە تێکدانی ژینگە و هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەی پێویستی بە تێکۆشانە دژی تێڕوانین و سیاسەتە سەرەکییەکانی سیستەم، ئەگەرچی ئەمانە نابێت لە هەڵوێستی سەرۆککۆماری ئەم سیستەمە چاوەڕوان بکرێت.
لە ئەنجامدا هیوای گۆڕانکاری لەم سیستەمە مەحاڵە و چاکسازی ناکرێت. نوێکردنەوە لە سیستەمێکدا کە هیچ دەرفەتێکی بۆ دیموکراسیکردن ناڕەخسێنێ، مەحاڵە. لەبەر ئەم هۆکارانەیە گۆڕانی بنەڕەتی لە دەرەوەی سیستەم و لە کۆمەڵگادا سەر هەڵدەدەن. ئەمەش گەل بە ڕوونی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا وەک بەشێک لە کاردانەوەکانیان نیشاندرا. ئەگەر سیستەم نەگۆڕێت، ئەوا گەل دەست بە دروستکردنی بەدیلەکانیان دەکەن و هاوتەریب لەگەڵ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی و پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دا، ڕۆژ بە ڕۆژ دەرفەتەکان بۆ دیکتاتۆرەکان ئاستەنگ دەکەنەوە و بەدیلی دیموکراتیکی خۆیان لە کۆمەڵگادا جێگیر دەکەن. ئەمە پەیامێک بوو کە گەل لەم هەڵبژاردنەدا بە ڕوونی نیشانیان دا. واتە هەر ئەم شۆڕشە ئەنجامەکان دیاری دەکات نەک وتاری ڕیفۆرمخوازان یان گۆڕانکارانی ناو ئەم سیستەمە. کەواتە ئێمە وەک هێزی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی، درێژە بە تێکۆشانی دیمۆکراتیکمان دەدەین و ئامانجەکانمان بە ئاراستەی بەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی دێموکراتیکدا دەبەین ، کە لە هەر کات و ساتدا تاکە ڕێگایە بۆ بنیاتنانی داهاتووی ئێرانێکی دێموکراتیک. لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارێکی نوێ، ئەگەری ئەوە هەیە کە هەندێک دەرفەتە وئیمکان بکرێتەوە. بێ گومان ئێمەش پێشوازی لێدەکەین، ئەڵبەت ئەوەش لە سایەی سیستەم و سەرۆکەکەیەوە نییە، بەڵکو دەرئەنجامی تێکۆشانەکانی گەلانی ئێران و بەتایبەتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی-یەوەیە.