کەجەدەکە-ئە: پێویستە لە هەموو جێگەیەک دژی داگیرکاری ڕاپەڕن

کەجەدەکە-ئە دژی هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورک و هاوکاری پەدەکە، بانگەوازی لە گەلی کورد کرد بۆ بەرخۆدانی سەرانسەری و گوتی: "با لە هەموو جێگەیەک ڕاپەڕین".

کۆنگرەی جڤاکە دیموکراتیکەکانی کوردستان لە ئەوروپا (کەجەدەکە-ئە) پەیوەست بە هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورک ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێت: " بانگەواز لە گەلەکەمان دەکەین دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی قڕکەری تورک بۆ سەر باشووری کوردستان و شەنگال و گۆڕەپانەکانی گەریلا سەفەربەر بن و لە هەموو شوێنێک چالاکیی ناڕەزایەتی ئەنجام بدەن".

"دەسکەوتەکانی گەلی کورد دەکرێنە ئامانج"

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: " هاوپەیمانی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە کە لە هێرشی قڕکردن دژ بە گەلی کورد هیچ ئەنجامێک بەدەست ناهێنێت، پێداگرە لەسەر درێژەدان بە شەڕ بۆ لەناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان.

دەوڵەتی قڕکەری تورک بە هاوکاری هێزە هاوکارەکان و دەوڵەتانی هەرێمەکە ئەم شەڕەی بردە قۆناغێکی نوێ. لەم پێناوەدا، هەموو هەوڵێکی ئاژاوە و دەرفەتێک بەکاردەهێنرێت. لەو هێرشەدا کە بە هاوکاری پەدەکە ئەنجام دەدرێت، دەستکەوتەکان و ئازادیی گەلی کورد دەکرێتە ئامانج.

باشوور و شەنگال لەژێر هەڕەشەیەکی جدین، دەوڵەتی تورک دەیەوێت باشوور و شەنگال داگیر بکات و هاوشێوەی عەفرین قڕکردن ئەنجام بدات. پەدەکە وەک باڵێکی دەوڵەتی تورک کاردەکات، زەمینە بۆ داگیرکاری خۆش دەکات و لەم پێناوەشدا هەموو دەرفەتێک سەفەربەر دەکات.

ئەو لەشکرکێشییە جدییەی لە باشووری کوردستان هەیە، بە پشتگیری پەدەکە بەردەوامە. پەدەکە ڕێگەی فەرمی بۆ سوپای داگیرکەری تورک کردۆتەوە و هەموو کۆنتڕۆڵێکی خستۆتە دەستی سوپای تورک. دەوڵەتی تورک بە فراوانکردنی هێرشەکانی داگیرکاری، دەیەوێت ئیرادەی باشووری کوردستان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.

حکومەتی عێراق لەبری ئەوەی بەرامبەر سەپاندنەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێست وەربگرێت، بەشدار دەبێت لە سیاسەتی داگیرکاری و قڕکردنی دەوڵەتی تورک. ئەم هاوکارییەی هەڕەشە لە پاشەڕۆژی گەلی کوردستان دەکات، هەڕەشەیەکی جدی و ناچێتە خزمەتی گەلانی عێراقەوە.

تەڤگەری ئازادیی کورد زیاتر لە ٤٠ ساڵە بۆ پاشەڕۆژێکی ئازادی گەلەکەمان تێکۆشانێکی ڕەوا دەکات. ئەوەی دەکرێتە ئامانج، دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان و هەموو بەهاکانی کوردستانە. پاشەڕۆژ و خاک و مێژوومان دەکرێتە ئامانجی هێرشەکان. لەبری پاشەڕۆژێکی ئازاد، ئاسیمیلاسیۆن و قڕکردن لەسەر گەلەکەمان جێبەجێ دەکەن.

"خاوەندارێتییەکی بەهێز و ڕوون پێویستە"

بۆ تێکشکاندنی ئەم هێرشانە و ژیانکردنی گەلی کورد لەنێو هەلومەرجێکی ئازاددا، پێویستە هەموو گەلی وڵاتپارێزی کوردستان درک بەم کارەساتە بکەن، بە خاوەندارێتییەکی ڕوون و بەهێز دژی هێرشەکان بوەستنەوە. تەنها بەم شێوەیە هێرشەکانی داگیرکاری و قڕکردن تێکدەشکێن، تەنها بەم شێوەیە ئەو خاکە دەپارێزرێت کە هەزاران کەس گیانیان خۆیان لەپێناوی بەخشیووە".