پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی و بەرخۆدانی نێونەتەوەیی

پڕۆسەی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨دەستی پێکرد، لەسەر پرسی چارەسەرنەکردنی پرسی کوردەوە سەری هەڵدابوو و وەک ئۆپەراسیۆنێک بۆ بەرژەوەندیی نێونەتەوەیی ئەنجامدرا. گەلی کورد و دۆستەکانی تێکۆشانیان کردە نەریتی بەرخۆدان.

پیلانگێڕی نێونەتەوەیی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨دەستی پێکرد. بە هۆی گوشارەکانی ئەو وڵاتانەی ئەمریکا سەرپەرشتیاری دەکرد، ڕێبەری گەلی کورد ناچار بوو سوریا بەجێبهێڵێت. ئەم پڕۆسەیە بۆ چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد و ئەو تێکۆشانەی دەستیپێکردووە نەگاتە ئەنجام ڕوویدا، پلانێک بوو لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هێزە نێونەتەوەییەکان. ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان کە بە باشی لە پرۆسەی پیلانگێڕییەکە تێگەیشتبوو، روویکردە ئەوروپا و ویستی کێشەی کورد لە چوارچێوەی پێوەرە دیموکراتیک و یاساییە نێونەتەوەتیەکاندا چارەسەر بکات، بەڵام داواکاریی پەنابەری لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە ڕەتکرایەوە.

پرۆسەی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨دەستیپێکرد و لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی کورد دەستی پێکرد و وەک ئۆپەراسیۆنێک بۆ بەرژەوەندیی هێزە نێونەتەوەییەکان ئەوانەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی ئەوروپا سەرپەرشتی دەکرد ڕوویدا، بووە هۆی ڕفاندنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە کینیا و ڕادەستکردنی بە تورکیا لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩. لەو کاتەوە لە دوورگەی ئیمرالی گۆشەگیرکراوە و ماوەیەکی زۆرە ڕێگری لێدەکرێت بنەماڵە و پارێزەرانی ببینێت. لەدژی ئەم پرۆسەی پیلانگێڕییەدا گەلی کورد و دۆستانی ماوەی ٢٦ساڵە تێکۆشان دەکەن و ئەم تێکۆشانە بۆتە نەریتی بەرخۆدان و لەسەر ئەم بنەمایە هەڵمەتی نێونەتەوەیی لەدژی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی دەستی پێکردووە.

ڕێبەری گەلی کورد بە بیر و فەلسەفەی خۆی کە لە کاتی دیل گرتنیدا خوڵقاندوویەتی، نەک تەنیا بۆ گەلی کورد بەڵکو بۆ هەموو گەلانی ستەملێکراو و بزووتنەوەکانی ژنانی جیهان بووەتە سەرچاوەی هیوا. بە تایبەتی فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' بوو بە هێما و سەرچاوەی هێز بەخشین بۆ بزووتنەوەکانی ژنان لە هەموو جیهان. پێشنیارە سیاسییەکانی لە 'رێگای سێیەم' و 'کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک' بەدیلێکی بەهێزی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەش کردووە، بۆیە زلهێزە نێونەتەوەییەکان سیاسەتی گۆشەگیرییان لە دژی چارەسەری چڕکردووتەوە.

دۆستانی گەلی کورد کە ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان بە هەنگاوێکی گرینگ بۆ چارەسەری کێشەی کورد و کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینن، لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ هەڵمەتێکیان بە ناوی 'ئازادی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ کێشەی کورد' دەستی پێکردووە. هەڵمەتەکە بە بەشداریی گەلی کورد و دۆستانی، لە ئاستێکی بەرفراوانی نێونەتەوەیی. ڕێپێوان و گردبوونەوە و چالاکییەکان لە ئەوروپا و وڵاتانی جیاجیای جیهان بەڕێوە دەچێت، داواکارییەکان بۆ ئازادی جەستەیی عەبدوڵڵا ئۆجالان و چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە ڕێگای دیموکراسیانە بە خێرایی بڵاو کرایەوە.

هەڵمەتەکە لە دوو قۆناغدا ئەنجامدرا، بۆ مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان و داننان بە پێگەی گەلی کورد، بەرپرسیارێتی ڕای گشتیی نێونەتەوەیی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی خستە بەرنامەی کارییەوە. تێکۆشانی بەڕێکخستن کراوی گەلی کورد و پشتیوانی نێونەتەوەیی لەم پرۆسەدا گۆڕا بۆ تێکۆشانێکی بە بڕیار.

له٨٣ ناوەندی جیهانەوە بەیاننامە بڵاو کرایەوە

لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ هەڵمەتێک بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی مەسەلەی کورد لەسەر ئاستی نێونەتەوەییدا دەستیپێکرد. هەڵمەتەکە بە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ٨٣ ناوەندی جیهانەوە ڕاگەیەندرا. بەتایبەت بەیاننامەکان بەشێوەیەکی سەرەکی لە ستراسبۆرگی فەڕەنسا کە CPT و دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەوێیە، لە بەنگلادش، پاکستان، ژاپۆن، هێندوستان، کینیا، ئەفریقای باشوور، ئەمریکای لاتین و چەندین وڵاتی دیکەوە ڕاگەیاندرا. لە هەڵمەتەکەدا ئاکادیمیست، رۆژنامەنووس، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، پارتە سیاسیەکان، پەرلەمانتاران، چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ، فەیلەسوفان، براوەکانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی هەروەها ڕێکخراوەکانی ژنان بەشدارییان کرد.

پشتگیری لە وڵاتە عەرەبیەکانەوە

ڕۆژی ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ڕێکخراوی چەتری کوردستان لەدەرەوەی وڵات کەجەدەکە-ئە  لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەشداری هەڵمەتەکە دەبن.

ڕۆژی ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە ڕۆژئاوا ٢٧ڕێکخراوی مەدەنی لە ژێر چەتری تەڤ-دەم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییەوە پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵمەتەکە ڕاگەیاند.

لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣پاڵپشتییەکی بەهێز و بەرفراوان لە وڵاتە عەرەبیەکانەوە بۆ هەڵمەتەکە نیشاندرا. ١٠٠کەسایەتی ڕۆشنبیر، ئاکادیمیست، هونەرمەند و سیاسەتمەداری میسر، سوریا، لیبیا بە ڕاگەیاندنەکانیان ڕایانگەیاند کە بەشداری هەڵمەتە نێونەتەوەییەکە دەبن. هاوکات ڕایانگەیاند کە بە بیرۆکەکانی عەبدوڵا ئۆجالان ئاشتی و چارەسەری بەدی دێت.

لە ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ هەزار و ٢٥ پارێزەری سوریا و ڕۆژئاوا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان" ڕاگەیاند. هەروەها واژۆیان بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان ڕەوانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی و نووسینگەی یاسایی سەدە کە پارێزەری عەبدوڵڵا ئۆجالان دەکات نارد.

لە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ گەلی ئۆرۆمۆ لە نایرۆبی بە ڕایانگەیاندراوێک بەشداریان لە هەڵمەتی نێونەتەوەیی بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕاگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا کە ڕەوڵ و پێگەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە پرۆسەی چارەسەری کێشەی کورددا زۆر گرنگە.

پشتگیری کەسایەتییەکان لە هەڵمەتی ئازادی دا

هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان چارەسەری سیاسی بۆ مەسەلەی کورد" لە سەرانسەری جیهاندا دەنگی دایەوە و ١٦ ئاکادیمی، فەیلەسوف، نووسەر، سیاسەتمەدار و پارێزەری بەناوبانگی جیهان لە پەیامێکی هاوبەشدا پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵمەتەکە راگەیاند.

فەیلەسوفی بەناوبانگی جیهان سلاڤۆژ ژیژەک ڕایگەیاند: "من تا کۆتایی پشتگیری ئۆجالان دەکەم. پێویستە هەنگاوێک زیاتر لە هاوسۆزیی بهاوێژین. ئێوە دەتوانن هاوسۆزی بۆ کەسێک دەرببڕن لە شوێنێک ئازار دەکێشێ، بەڵام نا؛ ئێمە دەبێت زیاتر لە هاوسۆزی هەنگاو بنین. ئۆجالان کەسێک نییە کە مرۆڤ لە دوورەوە سۆزی بۆ هەبێت. ئەو یەکێکە لە ئێمە. کاتێک تێکۆشانی بۆ دەکەین، وەکوو ئەوە وایە بۆ خۆمان بۆ هەموومان تێدەکۆشین."

پرۆفیسۆر نۆرمان پەیچ، تیشکی خستە سەر بەرخۆدانی نێونەتەوەیی هەنگاوەکە دژ بە گۆشەگیری و وتی: " ئەم هەڵمەتە نیشانی دا کە عەبدوڵا ئۆجالان لە سنوورەکانی کوردستان تێپەڕاندووە و دەناسرێت و لە دژی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی دەوڵەتان دەپارێزرێت.

ئونیۆن سیمۆن دوبینس، بەڕێوەبەری نێونەتەوەیی بۆئاژانسی ANHA قسەی کرد و ڕایگەیاند کە ئەم هەڵمەتە بۆ ئازادیی ئۆجالان و چارەسەری کێشه ی کورد زۆر گرنگە. دەبێت به شێوەیەکی دیموکراسیانە بە پێی یاساکانی مافی مرۆڤ کۆتایی به گۆشەگیریی بهێندرێت و داوای کرد بۆ ئەو مەبەستە هەوڵەکان چڕ بکرێتەوە.

لە رێکخراوی باسکی ئاسکاپێنا ماریکس رۆیز دی ئاوستری و سەرۆکی هاوپەیمانی ئازادی ئەوروپا لۆرینا لۆپەز دی لاکاڵ و چالاکوانی بەلژیکی دیەگۆ دێل نۆرت و پەرلەمانتاری پێشووی ئەوروپا ئێلین تیۆچارۆس و پەرلەمانتاری دانیمارک نیکۆلاج ڤیلومسن و سکرتێری گشتی هاوپەیمانی ئینجیلی ئەفریقای باشوور و ڕۆژنامەنووسانی ژاپۆنی ئیکوکۆ کاتسوماماتا و کۆمەڵناس دکتۆر راستکۆ مۆکنیک چالاکوان، نووسەر و ئەندازیاری بەریتانیا سارا گلین، پرۆفیسۆر دکتۆر ئاندرێ کورنیک لە زانکۆی لیوبلیانا و دکتۆر ڤیکی سێنتاس و ئەندامی پەرلەمانی سکۆتلەندی کریس ستیفنس و ئەندامی پێشووی CPT ژان پیەر ڕێستیلینی  و زۆرکەسایەتی دیکە پشتگیری هەڵمەتەکەیان کرد.

له زۆرناوەندەکانی ئەوروپا ڕێپێوان و گردبوونەوە ئەنجامدرا

لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لە کەنەدا و زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا بۆ خاوەنداری لە هەڵمەتی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ چارەسەری سیاسی بۆ کێشەی کورد" چالاکی گەنجان بەڕێوەچوو. ڕێپێوان و گردبوونەوە لە تۆرۆنتۆ، برۆکسل، لەندەن، زوریخ و بەرلین، فرانکفۆرت، هامبورگ، شتوتگارت، دوسلدۆرف و پاریس و لە چەندین شوێنی دیکەی جیهان بەڕێوەچوو.

هەروەها لە ١٥ی شوبات ساڵیادی ڕفاندنی عەبدوڵا ئۆجالان هەڵمەتەکە گەیشتە ئاستێکی بەرز و لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و چوار پارچەی کوردستان ڕێپێوان و گردبونەوەیەک بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان بەڕێوە چوو.

باڵی ڕێپێوانی درێژمەودا لە ستراسبۆرگ

باڵی ڕێپێوانی درێژمەودای نێونەتەوەیی کە لە ٢٢ی کانوونی دووەم لە پاریس لە ١١ی شوبات لە باسل، هەروەها باڵی ڕێپێوانی ئازادی کە لە ٩ی شوباتدا لە مانهایم تێپەڕی، لە ١٥ی شوبات گەیشتە ستراسبۆرگ.

بەرزترین ئاستی هەڵمەتی نێونەتەوەیی

بەرزترین ئاستی قۆناغی هەڵمەتەکە لە ١٧ی شوبات لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بە ڕێپێوان و گردبوونەوەیەکی مەزن بەڕێوەچوو. بەسەدان هەزار کەس بەشداری ڕێپێوان و گردبوونەوەکەیان کرد. دۆستانی گەلی کورد لە وڵاتانی جیاجیای ئەوروپا و جیهانەوە هاتبوون و بەشداری گردبوونەوەکەیان کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی کورد و داوای ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان دەربڕی.

باڵی کوردستان و تورکیای هەڵمەتەکە

ڕۆژی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ، ٧٨ کەسایەتی سیاسەتمەدار، ڕۆژنامەنووس، ڕۆشنبیران و هونەرمەندان لە ئەستەنبوڵ بەشداری هەڵمەتی 'ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری دیموکراسیانەی کێشەی کورد' یان کرد.

هەروەها زیندانیانی دۆسیەی پەکەکە و پاژک لە نێوان ٢٧ی تشرینی دووەم تا ١٥ی شوبات لە زیندانەکانی تورکیا و کوردستان بە مەبەستی پشتیوانی لە هەڵمەتەکە دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد.

ئیشکگریی دادپەروەری بۆ هەڵمەتەکە

دوای مانگرتنی بەنەوبەی زیندانیانی پەکەکە و پاژک، ئیشکگریی دادپەروەری لە سەرتاسەری تورکیا دەستی پێکرد. کەسوکاری زیندانییەکان بۆ پشتیوانی لە ڕۆلەکانیان دەستیان بە ئیشکگریی دادپەروەری کرد لە ئامەد، ئەستەنبوڵ، وان، مێردین، مێرسین، ئەدەنە، ئیزمیر و شارەکانی دیکە بڵاوبووەوە.

لە ١٢٢شوێنەوە بەرەو گەملیک ڕێپێوانیان کرد

لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا، لە ١٨ی تشرینی یەکەم لە کوردستان و لە ١٩ی تشرینی یەکەم لە تورکیا، لە ١٢٢ شوێنەوە بەرەو ناوچەی گەملیکی بورسا بە دروشمی 'ئێمە لە دژی گۆشەگیری ئازادی دەپارێزین'، ڕێپێوان بەڕێوەچوو. بەهەزاران کەس لە ئامەد، سەرحەد، چوکرۆڤا، بۆتان، ئەستەنبوڵ، ئەگێ و دەریای سپی بەشدارییان کرد. پۆلیس هێرشێکی توندی کردە سەر چالاکییەکان و بە سەدان کەس دەستبەسەر کران. سەرەڕای ئاستەنگیەکان بەدەیان هەزار کەس خۆیان گەیاندە گۆڕەپانەکە و داوای ئازادی عەبدوڵڵا ئۆجالانی و هەڵگرتنی گۆشەگیرییان کرد.

هاوکات لە گەڵ ئەوروپا، لە شارە گەورەکانی تورکیا، ڕۆژئاوا، باشوور و ڕۆژهەڵات، لە دژی پیلانگێڕی ١٥ی شوبات، خاوەندارییان لە هەڵمەتەکە کرد.

کتێبەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان لە  ١٦٠ ناوەندی جیهان خوێندرانەوە

لە ١٠ی کانوونی یەکەمدا لە چوارچێوەی 'ڕۆژی کتێبەکانی ئۆجالان' لە زۆربەی ناوەندەکانی جیهان چالاکی بەڕێوەچوو. لە ١٦٠ ناوەندی جیهان بەرهەمەکانی ڕێبەری گەلی کورد کە بە ١٦زمان وەرگێڕدراون لە چالاکیی 'خوێندنەوەی کتێبەکانی ئۆجالان' دا خوێندرایەوە.

کەمپەینی ١٠٠ هەزار کارت پۆستاڵ

لە چوارچێوەی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان، چارەسەری کێشەی کورد'، کەمپەینێک بە ئامانجی ناردنی ١٠٠ هەزار کارت پۆستاڵ دەستیپێکرد. هەروەها جودی ویلیامز براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و یانیس ڤارۆفاکیس وەزیری پێشووی دارایی یۆنان و گریگۆر گیسی پەرلەمانتاری ئەڵمانی و فازێلا مەحەممەد چالاکوانی ئەفریقای باشوور و ئەلیزابێت دیکری وارنێر سیاسەتمەداری سویسری و جۆن ماکدۆنێل پەرلەمانتاری بەریتانیا بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کرد.