بەسێ هۆزات: پیلانگێڕان هەرچییەکیان کرد نەیانتوانی ئامانجەکانیان بپێکن

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەسێ هۆزات رایگەیاند، گۆشەگیری ٢٦ ساڵە بەردەوامە و وتی: "لەم ٢٦ ساڵەدا بە تایبەتی بەرخودانی رێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی کاریگەری گەورەی کردە سەر گەلی کورد و گەلانی هەرێمەکە. پیلانگێڕان هەرچییەکیان کرد، نەیانتوانی سەربکەون".

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەسێ هۆزات کە بەشداری لە بەرنامەی تایبەتی ستێرک تیڤی کردبوو، سەبارەت بە پیلانگێڕی ٩ی تشرینی یەکەم لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەڵمەتی 'ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرسی کورد' هەڵسەنگاندنی کرد.

هۆزات بە بیری هێنایەوە کە پیلانگێڕی لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ ئەنجامدرا کە بە پێشەنگایەتی ئەمریکا، ئیسرائیل و بەریتانیا بە ئەنجام گەیشت و دەستنیشانی کرد کە پەدەکە و بارزانییەکانیش بە شێویەکی چالاک لە ناو پیلانگێرییەکەدا بەشداربوون. بەسێ هۆزات ئەوەی خستەڕوو کە پیلانگێری لە ئەنجامی تێکۆشانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، پەکەکە، گەلی کورد و دۆستانیان پوچەڵکراوەتەوە و وتی، "هێزە پیلانگێڕەکان پلانی ئەوەیان هەبوو لە لە دوو ساڵدا رێبەر ئاپۆ لە رووی جەستەییەوە لەناوببەن و پەکەکە پاکتاو بکەن. بەڵام لە ئەنجامی تێکۆشاندا لە رووی جەستەییەوە نەیانتوانی رێبەر ئاپۆ لەناوببەن، تائەمرۆکەش نەیانتوانیوە پەکەکە پاکتاو بکەن، نەیانتوانی ئیرادەی کوردانی ئازاد بشکێنن، نەیانتوانی چۆکی پێدابدەن. گەلەکەمان تێکۆشانی گەورەیان کرد، هەربۆیە پیلانگێڕی ئامانجەکانی نەپێکا".

هەڵسەنگاندنەکانی هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە بەسێ هۆزات لەسەر پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەم و هەڵمەتی 'ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرسی کورد' بەم جۆرەیە:

پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەم ٢٦ ساڵی تێپەڕاند. ئەو پیلانگێڕییە لەسەر رێبەر ئاپۆ و گەلی کورد هێشتاش بەردەوامە. ئامانجی پیلانگێڕیی چیبوو و ئەمڕۆ بە چ شێوازێک بەردەوامە؟

پێدەنێینە ساڵی ٢٧ەمینی پیلانگێڕی، سەرەتا هێزە پیلانگێڕەکان بە توندی شەرمەزار و بە نەفرەت دەکەم. من هەموو شەهیدانی ئازادی  بە رێز و پێزانینەوە بە بیردەهێنمەوە. لە تێکۆشانی ٢٧ ساڵە لە بەرامبەر پیلانگێڕیدا زۆر هاوڕێی هێژامان، گەل و دۆستانمان قوربانیان دا، شەهیدمان بەخشی، بەدەیان هەزار کەس راپێچی زیندان کران. ئازاری زۆرمان چەشت، بەڵام لە ئەنجامی پیلانگێریدا نەگەیشتە ئامانجەکانی. ئەوە زۆر گرنگە. ئێمە زۆرجار ئامانجی پیلانگێریمان هەڵسەنگاند. بەرفراوانترین هەڵسەنگاندنیش لەلایەن رێبەر ئاپۆوە لە پارێزنامەدا ئەنجامدرا. بێگومان لەگەڵ پیلانگێڕی شەڕی جیهانی ٣هەمینیش دەستیپێکرد. هێزە نێونەتەوەییەکان بە سەرکردەیی ئەمریکا ویستیان بە بەرفراوانی دەستوەردان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام بدەن. رێبەر ئاپۆ و پەکەکەیان وەک بەربەستێک لەبەردەم ئەو دەستوەردانەدا بینی. بۆچی؟ چونکە رێبەر ئاپۆ کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر گەلی کورد هەبوو. گەلی کوردیش گۆڕانکاری و وەرچەرخانی گەورەیان بینی. دەستی بە تێکۆشانی ئازادی کردبوو کە چەق و ناوەندەکەی کوردستانە. هێزە نێونەتەوەییەکان بزوتنەوەیەکی روون و شەفافی وەک پەکەکەیان بۆ سەرخۆیان بە مەترسی دا. لە بەر ئەوە بە سەرکردەیی ئەمریکا، بەریتانیا و ئیسرائیل لە دژی رێبەر ئاپۆ پیلانگێرییان خستەڕێ. زۆر هێزیش لەناو ئەو پیلانگێرییەدا بەشداربوون. هەموو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بە تایبەتی یۆنان و ئەڵمانیا لەو پیلانگێرییەدا بەشداربوون. کاتێک رێبەرایەتی چووە ئەوروپا مافی پەنابەریی سیاسییان پێنەدا. رێبەرایەتی داوایکرد دادگایی بکرێت، بەڵام نەیانکرد. لەبەر ئەوەی ئەگەر بچووبایە بەردەم دادگا، پرسی کورد هەم دەبووە رۆژەڤی ئەوروپا و هەمیش دەکەوتە ناو رۆژەڤی رای گشتیی نێونەتەوەییەوە. لە رێگەی پێنەدانی مافی پەنابەری سیاسی و دادگایی نەکردنی ویستیان رێگە لەبەردەم لەناوبردنی بکەنەوە. گوشار خرایە سەر ئیتاڵیا و رێبەرایەتیش ناچارکرا ئیتاڵیا جێبهێڵێت. هێزە هەرێمایەتیەکانیش لەو پیلانگێڕییەدا بەشداربوون. میسریش لە پیلانگێڕییەکەدا تێوەگلا، ئێرانیش لەوانەیە کە لە سنووردا رۆڵی گێڕابێت، رووسیاش لە پیلانگێڕییەکەدا رۆڵی هەبوو. تێگەیشتن کە ئەگەر رێبەر ئاپۆ و پەکەکە بێکاریگەر نەکرێن ناتوانن دەستوەردان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن.

ساڵی ٢٠٠١ دوای پیلانگێڕی قاعیدە هێرشی کردە سەر ئەمریکا و دواتر ئەمریکا ئەمەی وەک دەرفەت بینی و دەستوەردانی لە ئەفغانستان کرد. ئەمریکا لە مانگی ئاداری ٢٠٠٣ دەستوەردانی لە عێراق کرد. سەدام لەناوچوو، شەڕی ناوخۆ لە عێراق دەستی پێکرد. بە تێپەڕبوونی کات لە باشووری کوردستان فیدڕالی دامەزرا. ئەوان دەیانویست هێڵێکی هاوکاری و خائین لەگەڵ پەدەکە لە باشووری کوردستان دابمەزرێنن. بەم شێوەیە ئامانجیان ئەوەبوو هەموو شتێک بخەنە ژێر کۆنترۆڵ و رکێفی خۆیانەوە.  پەدەکە-بارزانی بەشدارییەکی زۆر چالاکانەی لەو پیلانگێڕییەدا کرد. پەکەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی، دیموکراسیک، سۆسیالیستی زۆر بەهێزە کە پێشەنگایەتی گەل دەکات. والێکیان دەدایەوە کە لەو گێژاوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دێتەئاراوە، دەرفەت دەڕەخسێت بۆ ئەوەی پەکەکە سوودی لێوەربگرێت، زیاتر گەورە بێت، ئازادیی کوردان هەمیشەیی بکات و ئازادی کوردستان بە پێشەنگایەتی پەکەکە حەتمی و بێ ئەملاولا بێت. هەم لە کوردستان شۆڕش روویدەدا و هەمیش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شۆڕشێکی دیموکراتیک دەهاتەکایەوە و بەوەش لێکدانەوە، پلان و کۆنسێپتی پیلانگێڕان بێ ئەنجام دەبوو. چونکە گەل هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی ناوێت و لە دژی رادەپەڕێت، هێزی هەژمونگەرا و داگیرکەر قەبوڵ ناکات. بۆ ئەوەی بەر بەوە بگرن پیلانگێڕییان ئەنجامدا.

نەیانوێرا لە رووی جەستەییەوە رێبەر ئاپۆ لەناوببەن

ئەوەش گرنگە، رێبەرایەتی لەو قۆناغەدا ئاگربەستی راگەیاندبوو. لە ساڵی ١٩٩٨ دا رێبەرایەتی بەر لەوەی لە سوریا بچێتەدەرەوە، ئاگربەستی راگەیاندبوو. رێبەرایەتی دەیویست لە رێگەی سیاسی و دیموکراتیکەوە پرسی کورد چارەسەر بکات. لەسەر ئەو بنەمایە بۆ دانوستانی دیپلۆماتیک بانگەوازی ئاراستەی دەوڵەتی تورک کرد. هێزە هەژمونگەراکانیش ئەوەیان بە مەترسی لەسەر خۆیان دانا. کاتێک پرسی کورد بەو جۆرە چارەسەر بوایە، نەیاندەتوانی دەوڵەتی تورک بە پێی بەرژەونەدی خۆیان بەکاربهێنن. لەبەر ئەوەش دەستوەردانیان کرد و رێگرییان لە چارەسەری دیموکراتی، سیاسی کرد کە لەلایەن رێبەرایەتیەوە پێشخرابوو. پیلانگێرییەکە لە کەسایەتی رێبەرایەتیدا پیلانگێڕییە لە دژی گەلی کورد، گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژنان. رێبەر ئاپۆ ئازادی گەلی کورد، گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، ژنان وێنا و نوێنەرایەتی دەکات، هەرگۆیە لە کەسایەتی رێبەرایەتیدا گەلی کورد، گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژنان کرانە ئامانج. بێگومان رێبەر ئاپۆ بە هەڵوێستی خۆی هێرش و داوەکانی بەرامبەر بە خۆی یەک لە دوای یەک پوچەڵ کردەوە. گەلەکەمان هەر زوو درکی بە راستیەکە کرد، هەڵسایە سەرپێ و لە ٤ پارچەی کوردستان ودەرەوەی وڵات ملیۆنان کەس راپەڕین.

گەلەکەمان، دۆستەکانمان، هێزە دیموکراتیکەکان و هەموو ئەوانەی کە لە مەترسی پیلانگێڕییەکە تێگەیشتبوون بەتایبەت ژنانی کورد هەڵسانەسەرپێ. چەندین چالاکیی فیدایی ئەنجامدران، زۆرێک لە هەڤاڵان و وڵاتپارێزەکانمان ئاگریان لە خۆیان بەردەوا و بۆمبیان لە خۆیان بەست و خۆیان تەقاندەوە. پیلانەکە رووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی گەورەی گەلەکەمان، گەریلا و ژنانەوە بووەوە. ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر هێزە پیلانگێڕەکان هەبوو. بۆیە نەیانوێرا بە جەستەیی رێبەرایەتی لەناو ببەن. هەروەها رێبەرایەتی ڕێوشوێنی گرتەبەر، لەسەر بنەمای سیاسەتێکی ستراتیژی و ئەمەش پیلانگێڕییەکەی هەڵوەشاندەوە. کاتێک هێزە پیلانگێڕەکان نەیانتوانی بە شێوەیەکی جەستەیی رێبەرایەتی لەناوببەن، بە ڕێگەی گۆشەگیری درێژەیان بە پیلانگێڕییەکە دا. ئەوان دەیانویست لە ڕێگەی گۆشەگیرییەوە ڕێبەرایەتی بێکاریگەر بکەن، پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا بپچڕێنن و نەهێڵن دەنگی بگاتە گەل. ٢٦ ساڵە گۆشەگیرییەکی بەردەوام لەسەر ڕێبەرایەتی هەیە. ناوبەناو خەباتەکە بە شێوەیەکی زۆر بەرفراوان بەڕێوە دەچوو، هەموو قۆناغێک، هەموو ساڵێک هەڵمەتێک دەست پێدەکرا. بۆ نموونە هەڵمەتی 'ئیتر بەسە' کاریگەرییەکی زۆری هەبوو. بۆیە کاتێک دوژمن لە ژێر گوشارێکی زۆردا بوو، هەندێک جار گۆشەگیری سووک دەکرد. هەندێک جاریش بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئەو کارە دەکەن.

پیلانگێڕی لە رێگەی هێرشی قڕکردنەوە لە دژی کوردستان بەردەوام بوو

ماوە ماوە پارێزەرانی رێبەرایەتی دەچوون دیداریان ئەنجام دەدا، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تا نیسانی ٢٠١٥ شاندەکانی هەدەپە دەچوون بۆ دیدار. دەوڵەت لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی تاکتیکی بەکارهێنا. وەک لەپێستردا وتم، جار جار گۆشەگیری سوک کرا، بەلام بە شێوەی چڕ ماوەی ٢٦ ساڵە رێبەرایەتی لە گۆشەگیریدایە. زۆرجار پاساوەکە بریتیبوو لەوەی کەشتی تێکچووە، یاخود دۆخی کەشوهەوا لەبار نییە و بەم جۆرە رێگرییان لە دیدار دەکرد. بەم جۆرە گۆشەگیرییان درێژەپێدا. زیاتر لە پێنج ساڵە سزای دیسپلینیان وەک پاساو نیشاندا. بەڵام بە زۆری کۆنسێپتێک بەڕێوەدەبەن. ئەوەش کۆنسێپتی پیلانگێڕانە. هاوکات لەگەڵ گۆشەگیری لە دژی گەلی کوردیش سیاسەتی قڕکردن پەیڕەو دەکەن. دەیانەوێت بەم جۆرە ئیرادەی گەلی کورد بشکێنن و ناچار بە خۆبەدەستوەدانی بکەن. بەمەش دەیانەوێت پیلانگێڕیی بگەیەننە ئامانجەکانی. بۆئەوەش ٢٦ ساڵە ئیمراڵییان کردووەتە ناوەند و شەڕێکی گەورە لەوێوە بەڕێوەدەبەن.

لە باکوری کوردستان ڕۆژانە شەڕی سەربازی ڕوودەدات، ئۆپەراسیۆنی قڕکردنی کولتووری و ژینگەیی لەئارادایە. ڕۆژانە هێرش بۆ نەهێشتنی شۆڕشی ڕۆژاوا ئەنجام دەدەن. داعش و ئەلنوسرە شەڕێکی گەورەیان کرد. شەڕی کۆبانێ بەشێک بوو لەوە، داگیرکردنی عەفرینیش بەشێک بوو لەو شەڕە. کاتێک نەیانتوانی داعش چالاکانە بەکاربهێنن، ئەمجارەیان بە دەیان هەزار بەکرێگیراوی خۆیان هێرشیان کردە سەر گەلی کورد. هێرشیان کردە سەر عەفرین، سەرێکانی و گیرێ سپی. داعش هێرشی کردە سەر مەخمور و شەنگال. ماوەی ٤-٥ ساڵە هێرشی داگیرکەری لە باشووری کوردستان درێژەی هەیە. پلانی میساقی-میلییان هەیە. شەڕەکە هەرگیز نەوەستاوە. پیلانەکە بەردەوام بووە. ئەم هێرشانە درێژەی پیلانگێڕیین. هەروەها ئەو هێزە نێونەتەوەییانەی بەشدارییان لەو پیلانگێڕییەدا کردووە، هاوبەشن لەو هێرشانەدا و پشتیوانی لە دەوڵەتی تورک دەکەن.

دەوڵەتی تورک پشتیوانی و هاوکاری لە ناتۆ و ئەمریکا وەردەگرێت. لەمڕۆکەشدا ئەم هێرشانە نەوەستاون و بەردەوامن. بۆ نموونە شەڕ لە باکوور، باشوور و ڕۆژئاوا بەردەوامە. دەوڵەتی تورک لەم شەڕەدا تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات، بەڵام کەس دەنگی لێوەنایات، تەنانەت پاڵپشتیش دەکرێت. ئێستاش دەوڵەتی ئیسرائیل سیاسەتی قڕکردن و جینۆساید لە دژی گەلی فەلەستین و گەلی لوبنان بەڕێوە دەبات و دەوڵەتی تورکیا ١٠٠ ساڵە ئەم کارە دەکات. لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا ئەم شەڕە زۆر دژوارتر بووە. ئیسرائیل لەم هێرشانەدا دەوڵەتی تورکی کردووە بە نمونە بۆخۆی. یەک عەقڵیەت و یەک تێگەیشتن و یەک سیاسەتیان هەیە.

نوێدەکرێتەوە..