دایکان لە ئێشکگریی دادپەروەری: ئێمە ئازادی ڕێبەرمان دەوێت

چالاکی ئێشکگریی دادپەروەریی بەردەوامە، گەل ڕایانگەیاند تا کۆتایی بۆ داواکانیان تێدەکۆشن و داوای ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد.

لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" ئێشکگریی دادپەروەری بنەماڵەی شەهیدان لە ئامەد و وان و مێرسین و ئەدەنە و ئیستەنبوڵ و ئەزمیر و مێردین بەردەوامە.

لە چالاکییەکەی ئەدەنە، هاوڵاتییەک بەناوی بەدری شەنگول، ئاماژەی بەوە کرد بۆ ئەوەی ئاشتی و دادپەروەری بێتە وڵات، پێویستە گۆشەگیری هەڵبگیرێت و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت.

لە چالاکییەکەی مێرسین، پەرلەمانتاری دەم پارتی مێرسین پەریهان کۆچ ئاماژەی بەوە کرد بەرخۆدانی دایکان دژی سیستەمی فاشیست و سیاسەتی فاشیست بەردەوامە. دووپاتی کردەوە خاوەندارێتی لە چالاکییەکە دەکەن.

لە چالاکییەکەی ئیستەنبوڵ سەرۆکی لقی ئیستەنبوڵی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ گوڵسەرەن یولاری ئاماژەی بەوە کرد ئەشکەنجە هەم بەپێی یاساکانی تورکیا و هەم بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان قەدەغەیە، بەڵام لە زیندانەکانی تورکیا ئەشکەنجە و گۆشەگیری هەیە، گۆشەگیری هەرە گران لە ئیمراڵییە، دووپاتی کردەوە دەوڵەت لە زیندانیەکان دەترسێت، تێکۆشانی زیندانییەکان تێکۆشانی ئێمەشە.

چالاکییەکەی وان ٣٨ رۆژە بەردەوامە، زۆرێک لە لایەنەکان و هاوڵاتیان ئامادەبوون و درووشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" بەرزکرایەوە.

چالاکییەکەی ئامەد ٣٩ ڕۆژە بەردەوامە، چالاکوانان یەلەکی "گۆشەگیری تاوانی مرۆڤایەتیە"یان پۆشی و درووشمی "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "ژن، ژیان، ئازادی"یان بەرزکردەوە".

لە چالاکییەکەی ئەزمیر هاوسەرۆکی دەم پارتی کاراباگلار، ئەمینە بۆزداگ گوتی: "دەیانەوێت هیوای دادپەروەری نەهێڵن، بەڵام دایکانمان هەرگیز هیوا لەدەست نادەن و بەدوای هەنگاوی ڕۆڵەکانیان دەکەون. ئێمە بە هیوا و ئیرادە لەسەر پێ وەستاوین".

بۆزداگ تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ڕایگەیاند بێدەنگی بەرامبەر ئەم ئەشکەنجە مەزنە شتێکی ئاسایی نییە و گوتی: "پێویستە دەنگمان بەرزتر بێت. چونکە سیستەم دەیەوێت ئەشکەنجە بە ڕەوا پیشان بدات. پێویستە دژی ئەمە بوەستینەوە تاوەکو نەتوانن درێژە بە ئەشکەنجە بدەن".

لە چالاکییەکەی مێردین دایکی ئاشتی نورێ تارلاک، گوتی: "لێرەوە بۆ ڕێبەرمان و ڕۆڵەکانمان چالاکی دەکەین، چالاکی مانگرتنی زیندانیان نزیکەی ٢ مانگە بەردەوامە. بۆ پشتیوانی ئەوان لێرەین. ڕۆڵەکانمان بۆ ڕێبەرەکەیان و مافەکانیان لە مانگرتندان. دەمانەوێت پارێزەر و بنەماڵە لەگەڵ ڕێبەرێتی کۆببنەوە. ئێمە گۆشەگیری سەر ڕێبەرێتی و مناڵەکانمان قبووڵ ناکەین. تا کۆتایی درێژە بە تێکۆشان دەدەین. ئازادی ڕێبەرمان دەوێت، ئەمە داخوازی ئێمەیە".