دایکانی شەممە پرسیاری چارەنووسی دۆغان-یان کرد
دایکانی شەممە پرسیاری چارەنووسی محەممەد زەکی دۆغان-یان کرد کە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر لە کاتی دەستبەسەرکردنی لە جۆلەمێرگ بێسەروشوێن کراوە.
دایکانی شەممە پرسیاری چارەنووسی محەممەد زەکی دۆغان-یان کرد کە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر لە کاتی دەستبەسەرکردنی لە جۆلەمێرگ بێسەروشوێن کراوە.
چالاکوانان/دایکانی شەممە بۆ ١٠٤هەمین جار لە گۆڕەپانی گالاتاسەرای گردبوونەوە و دوای چارەنووسی کەسوکارەکانیان کرد کە لە کاتی دەستبەسەرکردنەکانیاندا بێسەروشوێن، کوژران و تاوانباران ڕووبەڕووی دادگا ناکرێنەوە. زۆرێک لە پارێزەرانی مافی مرۆڤ پشتگیریان لە چالاکییەکەی دایکانی شەممە کرد. چالاکوانان/دایکانی شەممە لە چالاکییەکەیاندا لەم هەفتەیەدا پرسیاری چارەنووسی محەمەد زەکی دۆغان (٣٧ ساڵ)یان کرد، کە دوای دەستگیرکردنی لە ناوچەی چەلێ جولەمێرگ لە 7ی حوزەیرانی ١٩٩٤، دیارنەماوە.
لە گردبوونەوەکەدا ئایسەڵ ئۆجاک خوشکی حەسەن ئۆجاک کە لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەشکەنجە و کوژراوە، دەقی داواکارییەکەی خوێندەوە.
ئایسەڵ ئۆجاک بە ئاماژەدان بە پرۆسەی دیارنەمانی محەمەد زەکی دۆغان کە لە ساڵی ١٩٩٤ لە ناوچەی چەلێ جولەمێرگ بێسەروشوێن کراوە، وتی لە ساڵی ١٩٩٤ کاتێک دۆغان وەک کارمەندی گشتی لە ئامادەیی چوکورجا کاری دەکرد، لەلایەن هێزە تایبەتەکانەوە هەڵیانکوتایە سەری دواتر دۆغان خرایە سەر سەیارەیەک و بردرا. ئایسەڵ وتی خەڵکێکی زۆر شاهیدی ئەم ڕووداوەیە. ئایسەڵ لە ڕاگەیاندنەکەدا وتی: "لەئەنجامی گەڕان و بەدواداچوون و بە پشتبەستن بە قسەی شایەتحاڵان، پێڵاو و چاکەتەکەی محەمەد زەکی دۆغان لە لێواری ئاوی زاپ لە نزیک گوندی نارلی دۆزرایەوە کە بە دووری ٥ کیلۆمەتر لە چوکورجا فڕێدرا بوو. هەروەها شوێنەواری خوێن لە شوێنەکە و بە جلەکانەوە دیار بوو، بەڵام گەڕانەکان بێ ئەنجام بوون و نەتوانرا محەمەد زەکی دۆغان ببینینەوە."
ئایسەڵ ئۆجاک لە ڕاگەیاندنەکەدا وتی: "بەرپرسان لەسەر ئەم پرسیارە بێدەنگ بوون. حکومەت ئەرکەکانی بۆ پاراستنی مافی ژیانی محەممەد زەکی دۆغان جێبەجێ نەکرد. دەسەڵاتداران بەرپرس لە دۆزینەوەی بەڵگەکانی ڕووداوەکە و ئاشکراکردنی بە پێی یاسا و ناسینەوە و سزادانی تاوانباران. ئێمە وەک بنەماڵەکەی ماوەی ٣٠ ساڵە نەمانتوانی لەوە تێبگەن کە کوڕەکەمان چی بەسەر هاتووە."
ئایسەڵ ئۆجاک لە کۆتایی قسەکانیدا بەناوی بنەماڵەکەیەوە وتی: "ئێمە دادپەروەریمان دەوێت .ئایا محەمەد زەکی دۆغان کوژراوە و دواتر خراوەتە ناو ڕووباری زاپەوە؟ لە هەر ئەگەر و ڕووداوێکدا کە ڕوویداوە ئێمە بەرپرسانی حکوومەت بەرپرسیار دەبینین و واز لە بیرهێنانەوەی کەس و کارەکانمان ناهێنین هەتا حکوومەت لە چوارچێوەی پێوەرە یاسایی و نێودەوڵەتیەکاندا مامەڵە بکات."