٣٤ مانگە زانیاری لەبارەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە نییە. ئێشکگریی دادپەروەری لە ئامەد و وان و ئەدەنە و مێرسین و بەم دواییانەش لە ئەزمیر دەستی پێکرد، چالاکییەکە لە چوارچێوەی کەمپەینی نێونەتەوەیی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرسی کورد" بەردەوامە.
لە چالاکییەکەی ئەدەنە، چالاکوان حاجی جیهانگیر ڕایگەیاند، گۆشەگیری ئیمراڵی کاریگەری لەسەر تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین دەکات و کلیلی چارەسەر لە ئیمراڵییە.
لە چالاکییەکەی ئەزمیر، ئەندامی لقی کۆمەڵەی دیموکراتیکی عەلەوییەکان (داد)، زەینەڵ بازکورت، گوتی: "گەلەکەمان لەژێر زەحمەتی و ناڵین و ستەمدایە. وەک ئەرکێکی ئایینی، دەمانەوێت لەگەڵ ئەو کەسانە بین کە لەژێر زەحمەتی و ناڵە و ستەمدان. ئێمە پشتیوانی داوای ڕەوای دایکان دەکەین".
هەروەها تیشکی خستەسەر مانگرتووان لە خواردن و گوتی: "پشتگیری لە ڕۆڵەکانیان، مافی هەرە مەزنی دایکانە. پێویستە پرسی کورد بەڕێگەی دیموکراتیک و بەپەلە چارەسەر بکرێت. چارەسەرەکە پەیوەستە بە هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد و زیندانەکان".
لە چالاکییەکەی وان، پەرلەمانتاری دەم پارتی سایگیت، لە چالاکییەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، سەدان ساڵە سیاسەتی فشار و ئەسیمیلاسیۆن لەسەر گەلی کورد هەیە، بۆ لەناوبردنمان دەیانەوێت چاند و زمان و بەهاکانمان بسڕنەوە. چەند ساڵە دژی ستەم بەرخۆدان دەکەین، ئەمڕۆش لە بەرخۆدان بەردەوامین.
لە چالاکییەکەی ئامەد، دایکان ناڕەزایەتیان بەرامبەر گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەربڕی و گوتیان: "ئێمە ئازادیمان دەوێت، تا گۆشەگیری سەر ڕێبەرمان و ڕۆڵەکانمان هەڵنەگیرێت، چالاکییەکەمان بەردەوام دەبێت و درێژە بە تێکۆشان دەدەین".
لە چالاکییەکەی مێرسین، حەسەن ئەحیم، ئاماژەی بەوە کرد چەند مانگە زانیاری دەربارەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نیییە و ئێمە داوای ئازادی دەکەین، داوای کرد دەمودەست گۆشەگیری هەڵبگیرێت.