دەبەپە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کەمپینی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان'ی دەستپێکرد
پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) بە ناونیشانی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد" لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان کەمپینێکی دەستپێکرد.
پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) بە ناونیشانی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد" لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان کەمپینێکی دەستپێکرد.
دەبەپە رایگەیاند، کە لە سەر تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بە ناونیشانی "ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد" هەڵمەتێک دەستپێدەکەن.
دەبەپە سەبارەت بەو بابەتە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا باسی لەوەکردووە، "لە ساڵی ٢٠١٩ەوە دوو جار پارێزەران دیداریان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدا و لە ساڵی ٢٠٢٠یشدا تەنیا جارێک بنەماڵەکەی لە رێگەی تەلەفونەوە قسەیان لەگەڵدا کردووە. لەو رۆژەوە دۆخی گۆشەگیری دژوار و زانیاری وەرنەگرتنی رەها کە چوار ساڵە بێ پسانەوە بەردەوامە، ئەنجامێکی بەو جۆرە هاتووەتە ئاراوە کە لە پرسی کورددا چارەسەرنەکردن قووڵتر دەبێتەوە. هەروەها لە کوردستان بە هۆکاری قووڵبوونەوەی شەڕ، داهاتووی گەلانی هەرێمەکە زەوت دەکرێت. لە بەرامبەر گۆشەگیری رەها و سیاسەتی زانیاری پێنەدان، بە دروشمی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد' لە ١ی شوباتەوە 'رێپێوانی گەورەی ئازادی'یمان دەستپێکردبوو و ئێستا ئەو رێپێوانە شار بە شار، ناوچە بە ناوچە، گوند بە گوند و گەڕەک بە گەڕەک بەردەوامە. هاوکات مانگرتن لە خواردن لە زیندانەکان و ئێشکگریی دادپەروەری کە لە چەندین شار درێژەیان هەیە، وەک نمونەی بەرخودانێکی گەورە بەردەوامن".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە کەمپینەکەیان لە ١٤ی شوباتدا دەستپێدەکات و بەم جۆرە کۆتایی بە راگەیەندراوەکە هاتووە: "بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری رەها و چارەسەری دیموکراتیکی دۆزی کورد، گرنگە کە ئێمەش لە ناو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان قسەی خۆمان هەبێت و لەوێش پەیامەکەمان بگەیەنینە هەموو کەس. ئەو سەفەربەریەی کە لە کایەی دیجیتاڵدا بەردەوام دەبێت، بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن رۆڵی گرنگی دەبێت. لەو چوارچێوەدا لە ١٤ی شوباتدا بە پێشەنگایەتی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) کەمپینی هاشتاگ بە ناونیشانی 'ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد' دەستیپێدەکرێت. ئێمە داوا لە هەموو رێکخراوە نێونەتەوەییەکان، سەندیکا، پارتە سیاسیەکان، چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ و بە کورتی داوا لە هەموو هێزە دیموکراسیخوازەکان دەکەین کە بەشداری لە کەمپینە بەرفراوانەدا بکەن، کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەڕێوەدەچێت".
هـ . ب