بە دیمەن

دۆغان ئۆزگودەن: بانگەوازەکەی ئۆجالان هیوای ئافراند، پێویستە دەوڵەت هەنگاوبنێت

دۆغان ئۆزگودەن ڕایگەیاند بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ لایەنە پێشکەتووخوازەکان هیوای ئافراند، گوتی پێویستە دەوڵەت هەنگاوی ڕوون بنێت.

"بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ ی شوبات بۆ ڕای گشتی، دەنگدانەوەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا. بەڵام لەلایەن دەوڵەتەوە بەگوێرەی بانگەوازەکە هەنگاو نەنراوە.

هەرچەند چەندین ڕۆژ تێپەڕیووە، هیچ هەنگاوێک نەنراوە لەلایەن دەوڵەتەوە، لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن پەکەکەوە، هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستان بەردەوامە.

ڕۆژنامەنووس دۆغان ئۆزگودەن دەربارەی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ و ڕووداوەکانی دواتر وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ـی دایەوە.

دۆغان ئۆزگودەن ئەو ئاگربەستەی بیرهێنایەوە کە ڕێبەر ئاپۆ لە ١٩٩٣ ڕایگەیاند، ئاماژەی بەوە کرد ئەو ڕۆژانە لە ستۆدیۆکانی مەد تیڤییەوە بەشێوەی ڕاستەوخۆ گوێبیستی بڕیاری ئاگربەستەکە بوو، گوتی: "ئەو ڕۆژەش هەمان بانگەوازەی بۆ ئاشتی کرد".

ئۆزگودەن ڕایگەیاند سەرەڕای هەوڵەکان دەوڵەت وەڵامی ئەم بانگەوازەی نەدایەوە، ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانەوە هەوڵی ئاشتی دەدات، ئەم هەوڵانە بەهۆی دەوڵەتی تورکەوە بێ ئەنجام مانەوە.

"ئۆجالان هیوای بۆ هێزە پێشکەوتووخوازەکان ئافراند"

ئۆزگودەن ئاماژەی کرد بە بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی، دووپاتی کردەوە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ هێزە شۆڕشگێڕە پێشکەوتووخوازەکان هیوای ئافراند، بەڵام دەسەڵات هیچ هەنگاوێکی ڕوونی نەناوە، دەستنیشانکردنی زەمینەی یاسایی و سیاسی لەلایەن ڕێبەر ئاپۆ بیرهێنایەوە، گوتی: "بۆ بەرەوپێشچوونی ئەم پرۆسەیە، دەبێت زیندانەکان لە تورکیا چۆڵبکرێن و دانانی قەیوم بوەستێنرێت".

ئۆزگودەن ڕایگەیاند بابەتەکە تەنها چەکدانان نییە، دەبێت هێرشەکان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بوەستێنرێت.

"دەبێت بە دەنگێکی بەرزتر داخوازییە دیموکراتیکەکان بخرێنەڕوو"

ئۆزگودەن تیشکی خستەسەر گردبوونەوەکەی کەجەدەکە_ئە و تەژەکە_ئە لە برۆکسل بۆ دیاریکردنی هەڵوێستیان لەسەر بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لەبەردەم پەرلەمانی ئەوروپا. ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکی گشتی جەهەپە، ئۆزگور ئۆزەل لە پەرلەمانی ئەوروپا قسە دەکات، لەم ڕووەوە تەنها هەڵوێستی ئەرێنی بەس نیە، دەبێت بە داخوازییە دیموکراتیکەکان بە دەنگێکی بەرزتر بخرێنەڕوو.

"دەبێت ئەوروپا و ئەمریکا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن"

ئۆزگودەن ڕایگەیاند هێرشەکان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە، دەبێت ئیدارەی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وەک موخاتەب ببینرێت و شەڕ ڕابگیرێت. دەبێت دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمریکا ڕۆڵیان هەبێت بۆ ئاشتی و دیموکراسی، بانگەوازی کرد بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا.

"نیگەرانم، بەڵام هیواشم هەیە"

ئۆزگودەن ڕایگەیاند لایەنی کوردی سەرەڕای هەموو قوربانیدانەکان هەنگاوی ناوە، بەڵام هێشتا لایەنی دەسەڵات ناڕوونە، ئاماژەی بەوە کرد هەرچەند ئەمە نیگەرانی دەکات، بەڵام هیواشی هەیە، دووپاتی کردەوە، پرۆسەکە پێویستی بە سەفەربەرییەوە و ئەرکی گرنگ دەکەوێتە ئەستۆی هێزەکانی کورد و چەپ و سۆسیالیست و پێشکەوتووخواز و شۆڕشگێڕەکان، بەتایبەت جەهەپە و ئۆپۆزیسیۆن.

ئۆزگودەن لەکۆتاییدا گوتی: "باس لەوە ناکەم ئایا هەر ناوی تورکیا بێت یان شتێکی تر، یان ئاڵاکەی چۆن بێت. بەڵام ئەم جوگرافیا هەرە جوانەی جیهان، با ببێتە وڵاتێکی خاوەن دیموکراسییەکی جوان. تاکە داوای من ئەمەیە".