دانیشتنی دۆزی کۆبانێ بە بەرگری هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، سەڵاحەدین دەمیرتاش بەردەوام بوو.
دەمیرتاش تیشکی خستەسەر تۆمەتەکانی سەری و بەتایبەت تۆمەتی ژمارە ١٩ پەیوەست بە قسەکردنی دەمیرتاش دەربارەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لەکاتی بەڕێوەچوونی یادی نەورۆز لە ئامەد، گوتی: "ئەگەر بە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بڵێم "بەڕێز ڕێبەری گەلی کورد"، ئەمە چۆن دەبێتە تاوان؟ با قسە لەسەر ئەمە بکەین. کەسێک چۆن لەلایەن گەلێکەوە وەک رێبەر قبووڵ دەکرێت، ئەمە جێگەی ڕەخنە و گفتوگۆی سیاسییە. مەسەلەکە گرێدراوی دادگا نییە. نەوەک من، ملیۆنان کەس ئۆجالان وەک ڕێبەری خۆیان دەبینن".
دەمیرتاش ڕایگەیاند، "کاتێک لە قسەکانماندا دەڵێین ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، مەبەستمان چییە، ئێمە خاوەندارێتی لە هەوڵەکانی ئاشتی دەکەین. لە ساڵی ١٩٩٣ ـەوە ئۆجالان بۆ ئاشتی هەوڵ دەدات. لە دەرەوەی وڵات وەک موخاتەب قبووڵ دەکرا، کاتێک بەرپرسانی لەگەڵی کۆدەبوونەوە وەک "بەڕێز ئۆجالان" ناوی دەبرا.
هەروەها دەمیرتاش گوتی: "ئەوەی عەبدوڵا ئۆجالانی وەک ڕێبەری گەلی کورد ناساندووە، من نیم. نەوەک من، بەڵکو ملیۆنان کەس عەبدوڵا ئۆجالان وەک ڕێبەری گەل دەبینن. ملیۆنان کەس دەیان جار کەمپەینی "لەگەڵیدا دانیشن و کێشەکانمان چارەسەر بکەن"یان دەست پێ کرد".
دەمیرتاش ئاماژەی بەوە کرد، ١٢ ساڵە پەرلەمانتارە و ٧ ساڵە لە زیندانە، هەزاران جار قسەی کردووە بەڵام لەبەرئەوەی ٤٠-٥٠ جار باسی کورد و کوردستانی کردووە دادگایی دەکەن و بابەتەکە گرێدراوە بە کوردەوە، گوتی: "تەنها قسەکانم دەربارەی کورد و کوردستان وەک تاوان سەیرکراوە. دەربارەی کۆمەڵکوژی سۆما قسەی توندترم کردووە، بۆچی دۆزێک لەسەر من نەکرایەوە؟ چونکە باسی کوردی تێدا نییە. من لەبەر گوتنی وشەکانی کورد و کوردستان دادگایی دەکرێم".